مەشخەڵی بەرخۆدانی ژنانی کورد بەردەوامە

هالیدە تورکئۆغڵو، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ڕایگەیاند، ئەو ژنانەی کە دیکتاتۆریەت قبوڵ ناکەن، لەلایەن دەوڵەتەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت و وتی: کۆمەڵکوژییەکانی ٥ و ٩ی بانەمەڕ هیچ جیاوازییەکیان نییە، خەباتی ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا ژیانی خوڵقاند.

مەدئنە مامەدۆغڵو-ئاخین بەهار

 

ئامەد- بە درێژایی مێژووی جیهان، ژنان پێشەنگی بەرخۆدان بوون و هەروەها پێشەنگ بوون لەو ژیانانەی کە لە ئەنجامی بەرخۆدان سەریان هەڵداوە، جاڕنامەی مافی هاوڵاتی لە ساڵی ١٧٨٩ کە بنەمای شۆڕشی فەرەنسا بوو، باسی لە مافی هاوڵاتیانی پیاو دەکرد و ژنانیش بە "بزووتنەوەی مافی دەنگدان" خەباتێکی درێژخایەنیان لە دژی ئەمە دەستپێکرد.

 

لە ڕووسیا، بزووتنەوەی مانگرتنی ژنانی کرێکار لە ٨ی ئادار دەستیپێکرد، شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، ژنانی زاپاتیستەکان، کاتێک خۆبەڕێوەبەریی دامەزرا، بوونە پێشەنگی خەبات و گۆڕانکاری لە دژی سیستمی سەرمایەداری و کۆلۆنیالیزم و پیاوسالاری.

 

پێشتریش لە مێژووی جیهاندا نموونەی خەباتی ژنان هەبووە، بەڵام خەباتی ژنانی کورد لە کوردستان کە لە چوار بەشدا بۆ شوناس و ئازادی بەڕێوەچوو، ئەو واقیعەی ئاشکرا کرد کە سەدەی ٢١ دەبێتە "سەدەی ژن"، دوای ئەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٨ی ئاداری ١٩٨٧ وتی "بە ژنێکی کۆیلە شۆڕش ناکرێت"، خەباتی ژنانی کورد لە پێناو ئازادی گەلی کورد بێ وەستان بەردەوامە، ئەم ململانێیە لەناو خەباتێکدا بووە هۆی ئەوەی دووجار بخرێنە ژێر فشارەوە.

 

دەوڵەتی تورک بەبینینی بەرخۆدان و ئازایەتی ژنانی کورد، بە کۆمەڵایەتیبوونیان و پاراستنی سروشتی تایبەتی و پاراستنی یادەوەریی پێکهاتەکان، بەرگەی نەگرت و پەنای بۆ تیرۆری ژنانی پێشەنگی کورد برد.

 

لە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ساکینە جانسز (سارا)، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پاریس، فیدان دۆغان (ڕۆژبین)  ئەندامی تەڤگەری گەنجانی کورد، لەیلا شایلەمز (ڕۆناهی) لەلایەن ئۆمەر، بریکاری میتەوە تیرۆرکران .

 

 لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری سلۆپی، شرناخ، سێڤێ دەمیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، فاتمە ئویار، چالاکوانی کۆنگرەی ژنانی ئازاد (کەژەئا) و پاکیزە نایر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سلۆپی  لەلایەن قەناس بەدەستەکانی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش تیرۆر کران.

 

کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک ئەو مەشخەڵەی کە ژنان دایانگیرساندبوو نەیکوژاندەوە، ئەو مەشخەڵەی کە بە ٦ ژنی کورد دایانگیرساند تا ئێستاش دەسووتێت.

 

 ساکینە جانسز

ساکینە جانسز (سارا) لە ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی تەکستال لەدایک بووە، ئەوکاتەی کۆمەڵکوژی دێرسیم هێشتا لە یادەوەریی خەڵکدا تازە بوو، لە بنەماڵەیەک کە تووشی ئەو کۆمەڵکوژییە بووبوون. ئەو یەکێک بوو لە ٨ منداڵی خێزانێک کە نیوەیان کاریان دەکرد، هەرچەندە گەورە بووە و گوێی لە چیرۆکەکانی خێزانەکەی بووە سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییە، بەڵام وەک "ڕاستیخوازێک" بێدەنگ نەبووە بەرامبەر بەو شتانەی لە دەوروبەریدا ڕوودەدەن.

 

ساکینە جانسز لە سەرەتای گەنجییەوە دەستیکرد بە گەڕان بەدوای ڕاستییدا، بەم زانیارییە لە ساڵی ١٩٧١دا جێگەی خۆی لە خەباتدا گرتەوە، لە خارپێت لە نێو کادیرە پێشەنگەکانی پارتەکەدا جێگای خۆی گرتەوە و لە ساڵی ١٩٧٨ەوە دەستی بە ڕێکخستنی چالاکی گەنجان کرد، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ پارتەکە لە یەکەمین کۆنگرەی خۆیدا پێکهێنانی خۆی ڕاگەیاند، ساکینە جانسز لە پێکهێنانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا جێگەی خۆی گرتەوە، لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی لە شاری خارپێت دەستگیرکران، لە ماوەی کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوولدا لە زیندانی ئامەد بووە و سەرەڕای ئەو ئەشکەنجەیەی لە زیندان بەرگەی گرتووە، بووە بە هێمای خۆڕاگری.

 

ساکینە جانسز لە زیندانەکانی خارپێت، مەڵەتی، ئامەد، چاناکاڵە و بورسا لە دژی ئەشکەنجەدەرەکان شەڕی کرد و دوای ئازادبوونی لە زیندان لە ساڵی ١٩٩١ چالاکتر لە خەباتی خۆی بەردەوام بوو. ساکینە جانسز کە شۆڕشی ژنانی گەیاندە بەجیهانیبوون، شۆڕشەکە لە فەلەستین و سووریادا مایەوە. بەشداری لە کۆنفرانس و کۆنگرەی پارتی و بزووتنەوەی ژنانی کورد کردووە، ڕۆڵی پێشەنگی لە ڕێکخستنی ژنانی کورددا بینیوە، دوای ماوەیەک چووەتە ئەوروپا، ساکینە جانسز تا ساڵی ٢٠١٣ لە ئەوروپا مایەوە.

 

لەیلا شایلەمز

لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) لە ١ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٨ لە شاری مێرسین لەدایک بووە، بنەماڵەکەی بە ناوی لەیلا قاسمەوە ناویان ناوە. لەیلا شایلەمەز، خەڵکی شاری لیجەی ئامەد، بەهۆی فشار و چەوساندنەوەی دەوڵەتەوە ناچاربوو ڕوو لە مێرسین بکات، پێنجەم منداڵی ٨ خوشک و برا بوو، منداڵیی لە شاری مێرسین بەسەر برد، خێزانەکەی بەهۆی فشارەوە ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا، لە ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە، بنەماڵەکەی بە کولتوور و زانستی کوردی پەروەردەیان کردووە.

 

لەیلا شایلەمز کە بە سەرسەختی ناسراوە، دوای ٩ ساڵ خوێندن ئاشنا بوو بە تەڤگەری کورد، لە هەمان کاتدا خۆی بۆ چوونە ناو زانکۆ ئامادە دەکرد، لە ساڵی ٢٠٠٨ پەیوەندی بە کاری گەنجانەوە کردووە و لە زۆر شوێنی ئەوروپا کاری کردووە، هەمیشە لە هەڵاتندا بوو، ئەو چالاکییەی کە ناوی لێنابوو "خەونی من" لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجامدا و پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کرد، بەڵام بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە دوای ٢ ساڵ جارێکی دیکە گەڕایەوە ئەوروپا، ناوی شۆڕشگێڕی ئەڵمانی ئەندریا ڤۆف (رۆناهی)ی وەرگرتووە کە لە ئەڵمانیاوە پەیوەندی بە پەکەکە کردووە، ئەندریا وۆڵف لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە لقی وان لەگەڵ ٦ هاوەڵەکەی لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستگیرکرا و دواتر تیرۆر کرا، لەیلا شایلەمەز کە ناوی "رۆناهی" (ڕووناکی)ی لە دوای شۆڕشگێڕی ئەڵمانی ئەندریا وۆڵف وەرگرتووە، تا تیرۆرکرا، بەو ناوەوە کاری کردووە. لەیلا شایلەمز کە هەم چارەسەری وەردەگرت و هەمیش درێژەی بە کاری گەنج دەدا لە ئەڵمانیا، بەهۆی فشارەکانی ئەوێ چووەتە پاریس و لەوێش درێژەی بە کارەکانی داوە. لەیلا کاتێک لە پاریس کوژرا، تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو.

 

فیدان دۆغان

فیدان دۆغان (ڕۆژبین) لە ١٧ی ١ی ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی مالێ بوتان لە نێوان ناحیەی ئەلبستان و ناحیەی نورەقەی سەر بە شاری مارێش لەدایک بووە. دوای کۆمەڵکوژی مەڕەش، لەگەڵ دەستپێکردنی کۆچکردن، بنەماڵەی فیدان دۆغانیش ڕوویان لە فەرەنسا کرد. فیدان دۆغان تا تەمەنی ٩ ساڵی لەگەڵ خاڵۆزا و باپیر و مامی لە گوندەکەدا ژیاوە، دواتر ڕەوانەی خێزانەکەی دەکرێت لە فەرەنسا و لەوێ ئاشنای بزووتنەوەی کورد دەبێت. هەرچەندە فیدان دۆغان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا ڕووی لە فەرەنسا کرد، بەڵام خۆی لە ناسنامەکەی دوور نەخستەوە و لە ساڵی ١٩٩٩ پرۆسەیەکی نوێی دەستپێکردم دوای ئەوەی ڕێبەری گەلی کورد لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ هێنرایە تورکیا، فیدان دۆغان چالاکانە بەشداری لە تەڤگەری ئازادیی کورددا کرد.

 

ساڵی ٢٠٠٢ بە نوێنەرایەتی کەنەکە لە پاریس بەناوی بزووتنەوەی ژنانەوە دەستنیشان کرا. فیدان دۆغان کاری دیپلۆماسی ئەنجامدا، ساڵی ٢٠٠٧ پەیوەندی بە مانگرتن لە خواردنەوە کرد کە ماوەی ٣٩ ڕۆژ بوو لە کاردانەوە دژی  ژەهراویکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستیپێکرد. ساڵی ٢٠١١ بووەتە بەرپرسی مەکتەبی زانیاری کوردستان لە پاریس. فیدان دۆغان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، تا ئەو ڕۆژەی تیرۆر کرا، بەردەوام بوو لە کاری دیپلۆماسی.

 

سێڤێ دەمیر

سێڤێ دەمیر لە گوندی شوتێ لە شارەدێی ستیورا لە مێردین لەدایک بووە و بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە ساڵی ١٩٩٠ ڕوویان لە دیاربەکر کردووە، دواتر خێزانەکە ڕوویان لە مانیسا کردووە. سێڤێ دەمیر لە ساڵی ٢٠٠٢ دەستی بە چالاکییە سیاسییەکانی کردووە. لەگەڵ هەدەپە لە چالاکییە سیاسییەکان و لە خەبات بۆ ئازادیی ژنان بە دامەزراندنی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد و دموکرات  بەشداری کردووە.

لە کاتێکدا کە ئەندامی کۆمیسیۆنی ژنانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (د.ت.ک) بوو، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کە لە ژێر ناوی "کەجەکە" ئەنجامدرابوو، دەستگیرکرا. دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ئەنجوومەنی حزبی دەبەپە لە ماردین و شرناخ دەستی بە کارکردن کرد، سێڤێ دەمیر لە کاتی قەدەغەی هاتوچۆدا چووە ناوچەی بۆتان و لە ٤ی ١ی ٢٠١٦ لە شاری سیلۆپی کوژرا.

 

فاتمە ئویار

لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٨ لە گوندێکی شرناخ لەدایک بووە. دووەم منداڵ بوو لە ٧ منداڵی ناو خێزانەکەدا، فاتمە ئویار لە پۆلی پێنجی سەرەتایی وازی لە خوێندن هێنا و لە ساڵانی ٢٠٠٠دا ئاشنای خەباتی سیاسی بوو، ساڵی ٢٠٠٩ دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە زینداندا بووە، دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنی، باوکی بە ناوی (ڕەشید ئویار)یش دەستگیرکرام فاتمە لە هەمان زیندان لەگەڵ باوکیدا مایەوە، بەڵام دوای ساڵ و نیوێک دەربەدەری بۆ زیندانی سیرت ڕەوانە کرا، سێ ساڵ و ٦ مانگی لە زیندانی سیرت بەسەر بردووە، پاشان ئازاد کراوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٠ لە زیندان ئازاد بوو، لە شاری بۆتان دەستی بە کار کرد و لە سیلۆپی بەشداری لە چالاکییەکانی کەژەئا کردووە.

 

پاکیزە نایر

پاکیزە نایر لە ساڵی ١٩٩٠ لە گوندی زیرستان لە سلۆپی لەدایک بووە، خێزانەکەی لە گوندەکەوە ڕوویان لە نسێبین لە مێردین کردووە، بەڵام دواتر جارێکی تر گەڕانەوە بۆ سلۆپی، پاکیزە نایر لە بنەماڵەیەکی کرێکاردا گەورە بووە، لە لایەک دوکانێکی بەڕێوەبردووە و لە لایەکی دیکەوە خەریکی چالاکیی سیاسی بووە، لە ساڵی ٢٠١٤دا بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ کاریگەری لەسەر بوو، بەرامبەر بە دڕندەییەکان بێدەنگ نەبوو، چالاکی دژی هێرشەکان بەڕێوەچوو، ئەو بەشداری لە چالاکییەکانی ئەکادیمیای ماڵی ژنان کرد کە وۆرک شۆپیان ئەنجامدا، دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە سلۆپی، وەک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل دەستنیشانکرا.

 

یەکەم قەدەغەی هاتووچۆ، کە لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لەلایەن پارێزگاری شرناخەوە ڕاگەیەندرا، بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ بەردەوام بوو. پاکیزە نایر تا کۆتایی لەگەڵ ژنەکانی گەڕەکەکاندا مایەوە. لە کاتی قەدەغەکردنی یەکەمدا، پاکیزە نایر کاتێک هەوڵیدا بچێتە ناو گەڕەکێکەوە لەلایەن قەناس بەدەستەکانەوە کرایە ئامانج و کوژرا.

 

'ناسنامەی ژنانی ئازاد کرایە ئامانج'

هالیدە تورکئۆغڵو، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ڕایگەیاند، سیاسەتەکانی کوشتنی ژنانی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە، ژنان لەم خاکانەدا ساڵانێکە لەلایەن هەواڵگری دەوڵەتی تورکەوە دەکرێنە ئامانج، ژنان ڕژێمی دیکتاتۆری و چەوساندنەوە قبوڵ ناکەن، وەک هەڕەشەیەک لەلایەن دەوڵەتەکانەوە سەیر دەکرێن و ئەمەش چەندین سەدەیە بەردەوامە.

 

"پارادایمەکە وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکرا"

هالیدە تورکئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە هەردوو شاری پاریس و سلۆپی لەلایەن کەسانێک بەو تێگەیشتنە کوژراون و وتی: لە ساکینە تا سێڤێیان خەباتی ژنان بەردەوام بووە، چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چ لە سیستمی سەرمایەداریی جیهاندا، بیرۆکە و خەباتی ژنان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەوان سەیر دەکرێت، سیستمی جیهانی ئێستا، سیستمی باڵادەستی پیاوانە، دەوڵەتە نەتەوەییەکان سێکسیست و ناسیۆنالیستن، ژنان شەڕ بۆ ژیانێکی ئازاد دەکەن، بۆیە هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن.

 

"هەمان کۆمەڵکوژیی لە ڕۆژئاوا بەردەوامە"

هالیدە تورکئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە هەمان عەقڵیەت لە پشت کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاواوەیە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەم هێرشانە هەوڵی لەناوبردنی خەباتی ژنان دەدەن، ئەوان دەیانەوێت مۆدێلی پێکەوەژیانی مرۆڤەکان نەهێڵن، چونکە ئەو پارادایمەی لێرەدا هاتۆتە ئاراوە، هەم مۆدێلی ئازادی ژنە و هەم نیشان دەدات کە سیاسەتی دیموکراتیک مسۆگەرە، کۆمەڵکوژییەکانی ٥ و ٩ی کانوونی دووەم جیاوازلەمە ڕووی نەدا، خەباتی ئەو ژنانەی کە شەهید کراون دەوڵەت بە مەترسی بۆ سەر ژیانی خۆیان دەزانێت، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا زیندووە.

 

'ئەو بیرۆکەیەی کە دەیانویست لەناوی ببەن، لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە'

هالیدە تورکئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، خەباتی ژنە شەهید کراوەکان ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەسێنێت و بیرۆکەی ژیانێکی ئازاد گۆڕاوە بۆ فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو جیهاندا و وتیشی: دەوڵەت هەوڵی نەهێشتنی ژیانی ژنانی دا، بۆ نەهێشتنی ئەم بیرکردنەوەیە، بەڵام لە ڕێگەی خەباتی ژن و کوردەوە، ئەم بیرۆکەیە گەشە دەکات وەک ئەوەی ئێستا بۆتە جیهانی، ئێستا پێویستە زیاتر ئەم بیرۆکەیە لە باوەش بگرین، چونکە هەر یەکێک لە هاوڕێکانمان لەکاتی هەوڵدان بۆ بونیادنانەوەو فراوانکردنی پارادایمەکە شەهید کراون.