لە دهۆک شوێنەوارێکی گرنگ ل دۆزرایەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنووری شارەدێی ڕۆڤیا لە پارێزگەی دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزراوەتەوە کە تەمەنیان نزیکەی ٨ هەزار ساڵە.

ناوەندی هەواڵ 

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم سەبارەت بە دۆزینەوەی دوو شوێنەوارێکی گرنگ لە شارەدێی ڕۆڤیا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری لە (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنووری شارەدێی ڕۆڤیا لە پارێزگەی دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرایەوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، لە پڕۆژەی “كانی ئەسپەهان” جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی “گەنم”دۆزراوەتەوە كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ ٧ تا ٨ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

 

باس لەوەشکراوە، لە پڕۆژەی شوێنەواری “گرێ ئاسنگەران” دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە كە شێوەیان لاكێشەیین و لە كەرپووچ و لەسەر بەرزایی گردەكە دروستكراون و بەپێی توێژینەوەكان ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەکە بوون.

 

هاوکات، بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن كە هەزاران ساڵ پێش ئێستا ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی و دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەكەدا.