قەیوم بۆ شارەوانی گەورەی وان دانرا
عەبدوڵا زێدان، هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی وان، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و قەیوم لە شوێنی دانرا، چەندین ڕۆژنامەنووسیش دەستگیر کران.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250215-20250215-20250215-823x463cc-van-15-02-25-belediyeye-kayyim-atandi-jpgdc1598-image-jpg321d2d-image-jpg6ccc13-image.jpg)
وان
دوای ئەوەی سزای زیندانی بەسەر عەبدوڵا زێدان، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی وان دەرچوو، هەزاران کەس ڕوویان لە شارەوانییەکە کرد و چالاکی ئێشکگرییان دەستپێکرد، لە ڕۆژی پێنجەمی ئێشکگرییەکەدا، سەدان پۆلیس لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ بینای شارەوانییان گەمارۆدا. چالاکوانان دەروازەکانی شارەوانییان لە دەستی پۆلیس داخست، پۆلیسیش گازی فرمێسکڕێژیان فڕێدایە سەر شارەوانی و دەرگا و پەنجەرەی باڵەخانەکەیان شکاند. پۆلیس سیاسەتمەداران و ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی دەستگیر کرد.
ڕابیعە ئۆنڤێر، پەیامنێری ژن نیوز، بیلال بابات و مەحمەت گولەش، پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ڕۆژنامەنووس مەدینە مامەدئۆغڵو و بەهجەت بایهان لە هەڵمەتی پۆلیسدا دەستبەسەر کراون. ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی فشاری پۆلیس بوونەتەوە.
هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەسیش دەستبەسەر کران، لەوانە دۆغان هاتون، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامە.
دوای ماوەیەک دۆگان هاتون ئازاد کرا
پۆلیس داوای کرد عەبدوڵا زێدان، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی وان واژۆ لەسەر ئاگاداریی دەرکردنی وەزارەتی ناوخۆ بکات، بەڵام عەبدوڵا زێدان ڕایگەیاند، دان بەو بڕیارەدا نانێت و واژۆی ئاگادارکردنەوەکەش ناکات.
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، عەبدوڵا زێدان، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی وان، لابراوە و ئۆزان بالچی لە شوێنی دەستنیشان کراوە.