ڕوانگەی سووریی : ژنێک لە عەفرین ڕفێندرا

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لە شاری عەفرینی داگیرکراو لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

کارە نامرۆڤانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە عەفرینیان داگیرکردبوو، ڕۆژانە لە زیادبووندایە. ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ٥ ڕۆژ لەمەوبەر لەکاتی کردنەوەی دوکانەکەی لە شاری عەفرین، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵان لە گوندی بەدنلی سەر بە قەزای ڕاجۆ لەلایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە ڕفێندراوە.

 

بە گوێرەی هەواڵەکەی عەفرین نیوز٢٤، ناوی ژنە ڕفێندراوەکە خەیرییە موسایە.

 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ-سۆهر ڕایگەیاندووە کە بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە دوای ئەوەی هەندێک زێڕی کڕیوە، ڕفێنراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەری دەست نەکەوتووە. ئەوەش ڕاگەیەندرا، کە ڕووداوەکانی ڕفاندن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیا و بریکارەکانیان ڕوودەدەن و لە زیادبووندایە.

 

سۆهر ئاماژەی بەوەشدا کە لە ٧ی کانوونی دووەمەوە، کۆمەڵێک لە چوار کەسی دەمامکدار، گەنجێکی خەڵکی گەڕەکی شیربەت شارانی عەفرینیان بە ئۆتۆمبێلی پیکابێکی بێ نیشانە ڕفاندووە. ئەو گەنجە لە نیوەی شەودا لە ماڵەکەی خۆی لە شەقامی ڤیلاس لە شاری عەفرین ڕفێندرا و داوا لە خێزانەکەی کرا بۆ ئازادکردنی بڕی ٢٠٠ هەزار دۆلار بدەن.