"هیوامان ئەوەیە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی ئازاد بژین"

بە بۆنەی ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات، ژنانی سیاسەتمەدار و پارێزەر لە کانتۆنی ڕەققە ڕایانگەیاند، ڕۆژی ڕەش دەکەنە ڕۆژی ئازادی و ئاشتی و خوازیارن ژیانێکی ئازاد لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بژین.

نور ئەحمەد

 

ڕەققە- ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەداری کانتۆنی ڕەقە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ئەنجامدرا، شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، هەموو کێشە و ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە سووریا، لە ڕێگەی بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە چارەسەر دەکرێن.

 

"دەوڵەتی تورکیا هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات"

عەبیر خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردی شەرمەزار کرد و وتی: پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و زیادبوونی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و ئازادکردنی کۆمەڵگە لە کۆیلایەتی سەریهەڵدا. ئامانجی ئەم پیلانە لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بوو بە سەپاندنی گۆشەگیری.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگدانەوەی هەبووە و وتی: هەڵمەتی جیهانی بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ڕێبەر ئاپۆ داوای ئازادی و ئاشتی دەکات، ئیدانەی چڕبوونەوەی گۆشەگیریی دەکەین و داواکارییەکانمان بۆ گەرەنتیکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەرزکردەکەینەوە.

 

"پەیامی ڕێبەر ئاپۆ نەخشەڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"

عەبیر خەلیل دوا پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بە نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەری پێناسە کرد و وتی: دوایین پەیامی ڕێبەر ئاپۆ کاتێک لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبووەوە، وەک نەخشەڕێگایەک وایە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا. سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک کە هەموو پێکهاتەکان و باوەڕییەکان لەخۆدەگرێت، بووەتە مایەی هیوا بۆ هەموو گەلان، تەنها ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفەی خۆی بایەخی بە ئازادی ژنان دا بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و بەرخۆدان تا ئەو کاتەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین، پێویستە ئەوانەی بانگەوازی مرۆڤایەتی دەکەن بۆ ئەرکەکانیان کار بکەن و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەن.

 

"ڕێبەر ئاپۆ پردی ئازادییە"

فاتمە خەلیل، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە، باسی لە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد کورد و وتی: دوای ئەوەی ژنان، بە تایبەتی ژنانی عەرەب، بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای ئازادی ژنان ئاشنا بوون، کاریگەریی لەسەریان دروستکرد، ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفەکەی بوو بە پردی ئازادی و ڕێگای ئازادی پیشانی ژنان دا. بەم بیرۆکەیە ئیدانەی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییە دەکات کە لەسەر بنەمای کۆیلەکردنی ژنان دامەزراوە. ژنان لە شۆڕشی ڕۆژاڤادا لە سایەی فەلسەفەی ئازادیدا دەستکەوتی زۆریان بەدەست هێنا. بناغەی شۆڕش فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ژنان دەیانتوانی بە بیری ئازاد پەیوەندیی کۆیلایەتی و ستەم بشکێنن و بەرەو ئازادی هەنگاو بنێن. ڕۆڵ و ئەرکێکیان لە کۆمەڵگەدا هەبوو. بە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵگەیان بەڕێوە دەبرد.

 

"ئەم ڕۆژە تاریکە دەکەینە ڕۆژی ئازادی و ئاشتی"

فاتمە خەلیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تا ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد مسۆگەر دەبێت و لە کۆتایدا وتی: ڕۆژی ١٥ی شوبات، ڕۆژی ڕەشە، دەکەینە ڕۆژی ئازادی و ئاشتی. ئێمەش لەگەڵ هەموو دامەزرێنەرانمان، لە ساڵیادی ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەدا بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە، لە بەرخۆدان بەردەوام دەبین، تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین و هیوامان ئەوەیە کە بتوانین ژیانێکی ئازاد لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بژین.