ئەنتیگراسیۆنی دەستەی ژنان... ئاسۆی نوێ بۆ کاری دامەزراوەیی و پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان
لە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێشدا، لە چوارچێوەی ئەنتیگراسیۆنی دامەزراوەیی، یەکخستنی دەستەی ژنانی خۆبەڕێوبەی لە کۆمیسیۆنی سووریا بۆ کاروباری خێزان و دانیشتووان بە فەرمی تەواو بوو.
سیلڤا ئيبراهیم
ناوەندی هەواڵ ـ "دەستەی ژنان" لە خۆبەڕێوبەری، ئەنیگراسیۆنی فەرمی خۆی لەناو دەستەی سووریا بۆ کاروباری خێزان و دانیشتووانی سەر بە حکومەتی سووریا ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوەش وەک بەردەوامییەک بۆ ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان حکومەتی سووریا و قەسە واژۆ کراوە دێت، کە ئاسۆگەلێکی نوێ بۆ بەشداریکردن لە کاری دامەزراوەیی و مافپەروەریدا دەکاتەوە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان.
پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوبەری لەناو پێکهاتەکانی حکومەتی سووریای کاتیدا قۆناغێکی نوێی لە کانتۆنی جزیرە بەخۆوە بینی، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار، ١٥ی تەمووز، تەواوبوونی ئەنتیگراسیۆنی دەستەی ژنانی لە کانتۆنی جزیرە ڕاگەیاند بەپێی ئەم ڕێکارە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو هاوپەیمانییەدا دێت کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمدا واژۆ کرابوو، کە دەقەکەی لەسەر ئەنتیگراسیۆنیدیموکراتیکی قۆناغ بە قۆناغی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی سەر بە خۆبەڕێوبەرایەتی لەناو دامەزراوەکانی سووریادا دەکاتەوە.
وردەکارییەکانی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک

لە کاتی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، دەستەکانی ژنان وەک بەشێک لە پێکهاتەی خۆبەڕێوبەری کاریان کردووە، سەبارەت بەم ڕێگایە، ڕۆهات خەلیل، سەرۆکی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە، ڕوونیکردەوە، کە بەشداربوونی دەستەکە لەناو پلانی سەرەتایی ئەنتیگراسیۆندا نەبووە، بەڵام پێداگری لەسەر بەردەوامیی کاری دەستەکە ئەنجامی هەبووە و گەیشتوونەتە هاوکێشەیەکی ڕێککەوتن.
وتیشی: دوای پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆمان دەرکەوت کە دەستەی خێزان و دانیشتووان گونجاوترین چوارچێوەیە بۆ ڕێکخستنی دەستەکەمان، لەسەر ئەم بنەمایەش زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان بۆ هاوتاکردنی پەیڕەوە ناوخۆییەکانی هەردوولا ئەنجامدا، لەسەر پرۆسەکە ڕێککەوتین دوای پێشکەشکردنی لیستی ناوی ئەندامان کە ژمارەیان ٣٩٠ ئەندامە.
هەنگاوەکانی داهاتوو و دابەشکردنی ئەرکەکان
سەبارەت بە قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە، ئاماژەی بەوە کرد، کە هەنگاوی داهاتوو خۆی لە پێکهێنانی لێژنەیەک لە هەردوولا بۆ جیاکردنەوەی ئەندامان و دابەشکردنیان بەپێی لێهاتوویی و ئەزموونەکانیان لەناو پێکهاتەی دەستە نوێیەکەدا دەبینێتەوە، هەروەها بۆ پاراستنی دەستکەوتە بەدیهاتووەکان، پێکهاتەکە دەخرێتە بەردەم هەندێک گۆڕانکاری بۆ ئەوەی لەگەڵ سیستمی کاری "دەستەی خێزان و دانیشتووان"دا بگونجێت، لەگەڵ پاراستنی بەردەوامیی کاری سەرجەم ئەو ناوەندانەی ئێستا هەن، وەک دایەنگاکان، ناوەندەکانی پاراستنی ژنان، ناوەندی ڕاوێژکاری دەروونی.
جەختیشی کردەوە، کە کارەکە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوولادا دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و خێزان، بەجۆرێک کە ئەندامان لەسەر بنەمای ئەم هاوکارییە دامەزراوەییە نوێیە سەر لەنوێ دابەش دەکرێنەوە.
ئاستەنگەکانی ئەنتیگراسیۆن و دیدگای "دەستەی ژنان" بۆ داهاتووی خەباتی مافپەروەری
ڕۆهات خەلیل لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم قۆناغە گوازراوەیە جەختی لەوە کردەوە، کە دەسەڵاتی ژنان خەباتێکی درێژخایەنی کردووە کە شایەنی ئەوە بووە بە ئەنتیگراسیۆنی فەرمی خۆی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا دابنرێت، هەروەها پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان پێویستی بە خەباتی بەردەوام هەیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری قۆناغی ئێستا.
ئاماژەی بە بوونی جیاوازی لە دیدگا ڕێکخراوەییەکان لە نێوان ئەزموونی خۆبەڕێوبەری و پێکهاتەی حکومەتی سووریای کاتیدا کرد، ئەمەش بۆ سیستمی هاوسەرۆکایەتی دەگەڕێنێتەوە، کە بە یەکێک لە ئەزموونە سەرکەوتووەکان دادەنرێت کە حکومەت هێشتا پشتی پێ نەبەستووە، چونکە ئەو پشت بە سیستمی "سەرۆک و جێگر" دەبەستێت، لەم بارەیەشەوە، جەختی لەسەر پێویستی دەستگرتن بە گۆڕانکاری و هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ئەم نموونە بەڕێوبەریانە کردەوە وتی: پێداگریمان لەسەر گۆڕانکاری دەبێت هەمیشە ئامادە بێت بۆ ئەوەی سیستمە تایبەتەکانی خۆمان زیندوو بکەینەوە.
باسی لە ڕاپۆرتی کۆتای ژنان کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەزموونی ئەوان لە خۆبڕێوبەریدا دادپەروەرانە بووە و بە کرداری جێبەجێ کراوە نەک تەنها دەقێکی دەستووری بێت، هەروەها گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ ناو دامەزراوە حکومییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە کە پەیوەندی بە جیاوازی ڕێژەی بەشداریکردن و داڕشتنە یاساییەکانەوە هەیە وتی: گواستنەوەی ئەزموونی ئێمە پێویستی بە خەباتێکی گشتگیر هەیە کە تەنها بە دەستەی ژنانەوە سنووردار نەبێت، بەڵکو درێژ ببێتەوە بۆ کارکردن لەسەر هەموارکردنی چوارچێوە یاساییەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەشداریکردنی کاریگەرانەی ژنان لە سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتدا.
هەڵسەنگاندنی ڕێڕەوی ڕێککەوتن و ئاسۆکانی داهاتوو
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو کۆبوونەوانەی کە هەردوولای کۆکردەوە، ڕۆهات خەلیل کەشوهەواکەی بە "ئەرێنی" پێناسە کرد، ئاماژەی بەوەدا، کە لایەنی حکومی ستایشی زۆری ئەو ئەزموونانەی کردووە کە "دەستەی ژنان" پێشکەشی کردوون، ئارەزووی خۆیان نیشانداوە بۆ گشتاندنی هەندێک لە ئەزموونەکانی دەستەی ژنان لە شارەکانی دیکەی سووریادا، پێیان وابووە کە ئەنتیگراسیۆنی ئەزموونەکانی دەستەکەی ئەو هەنگاوێکی جۆرییە بۆ بەهێزکردنی ئەدای "دەستەی سووریا بۆ کارووباری خێزان و دانیشتووان" کە چالاکییەکانی پێشووی بە سنووردار پێناسە کرابوو.
سەبارەت بە چوارچێوەی کاتی جێبەجێکردنەکە، دانی بەوەدا نا کە ئەم گۆڕانکارییانە پێویستیان بە کات بێت بەهۆی پەیوەستبوونیان بە هەموارکردن و دەقە یاساییەکانەوە، بەڵام وتی: بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئەنتیگراسییۆن بەم نەرمییە زۆرێک لە کۆسپەکان لادەبات، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەندێک دواکەوتن ببینەوە لە ڕێکارە جێبەجێکارییەکاندا، بەڵام ئەمە دواکەوتنێکی سروشتییە و ڕەهەندی نەرێنی لەپشت نییە.
ڕۆهات خەلیل، سەرۆکی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە، لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر خەبات بۆ مافەکانی ژنان، وتی: دەستکەوتەکان بەرهەمی بەرخۆدان و تێکۆشانی درێژخایەنی "هەڤاڵانی شەڕڤان" بوون کە گیانیان لە پێناو مافەکانی ژنان بەختکرد، هەروەها ئەم قۆناغە نوێنەرایەتی لوتکەی ئەو بەرخۆدانانە دەکات، بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە خەبات بە خێراییەکی زیاتر بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی "بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، کە بناغەکەی لە ڕزگاری و بەهێزکردنی ژنانەوە دەست پێدەکات.