ئاڤان محەمەد: خۆزگە کۆتا بۆ ژنان نەدەما ژنان زۆر وردتر و کاراترن و دەتوانن کورسی مسۆگەر بکەن
ئاڤان محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی یەکێتی ژنان لە هەولێر، جەخت لەسەر تواناکانی ژنان لە بواری سیاسەتدا دەکاتەوە و داوا دەکات کۆتای تایبەت بە ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا نەمێنێت.
هەولێر
بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ڕێژەی کەمی کاندیدانی ژنە، هەروەها سیستمی کۆتا، کە ڕێژەی ٢٥٪ بۆ ژنان دیاری دەکات کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە کاندیە ژنەکان پێیانوایە ئەم سیستمە ڕاستە لە سەرەتادا بۆ پاراستنی مافی بەشداری ژنان بووە، بەڵام لە ئێستادا زیان بە ڕێژەی بەشداری ژنان دەگەیەنێت و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە تا ژنان بە دەنگی خۆیان بجنە ناوەندەکانی بڕیار و یاسادانان، جونک ژنان دەنگی زیاتر دەهێنن.
"کۆتا سنوورێک لە نێوان ژن و پیاودا دروست دەکات"
لەم بارەیەوە ئاڤان محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی یەکێتی ژنان لە هەولێر بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو نیگەرانی خۆی لەبارەی سیستمی "کۆتا" بۆ ژنان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی وتی: ئێمە هەموو جارێک دەڵێین خۆزگە کۆتا نەبا بۆ ژنان، چونکە دڵنیام ژنان زۆر وردتر و کاراتر کار دەکەن بۆ سەرکەوتنی کارەکەیان و بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، هەرچەندە مەبەست لێی ناتوانایی ژنان نییە لە هێنانی دەنگ، بەڵام سنوورێک لە نێوان ژن و پیاودا دروست دەکات و دەبێتە ڕێگر لە بەردەم پێشکەوتنی ژنان. ئەو داوا دەکات بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکرێت، چونکە ژنان لەو ئاستە گەورەترن و دەتوانن بەبێ کۆتاش کورسی مسۆگەر بکەن.
" پێویستە خولی سیاسی و ئەکادیمی بۆ ژنانی سیاسەتمەدار بکرێتەوە"
جەختی لەسەر پێویستیی بەرنامەی ستراتیژی بۆ ژنان کردەوە و وتی: پێویستە لایەنی حکومەتدار و لایەنە حزبییەکان بەرنامەیەکی وا دابڕێژن بتوانن ژنان بەرەو لوتکەی سیاسەت ببەن، هەرێمی کوردستان ژنی سیاسی زۆری تێدایە، بەڵام ڕەنگە دەرفەتی گونجاویان بۆ نەڕەخسابێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بەهۆی ململانێی سیاسی و کەمی پشتیوانییەوە. بۆیە پێویستە خولی سیاسی و ئەکادیمی بۆ ژنانی سیاسەتمەدار بکرێتەوە تا بتوانن ببنە سەرکردە.
"لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان دەکرێنە ئامانج"
ئاڤان محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆرجار ژنان بە شێوەیەکی ناشرین و ناڕاست نیشان دەدرێت، بەڵام ژنانی سیاسی لەم هەڵمەتانە ناترسن و گرنگییان پێنادەن وتی: کاتێک دەچمە مەیدانی سیاسی، دەبێت پلانم بۆ ئەوە هەبێت ڕۆژێک دێت ڕووبەڕووی ئەم کارە بەدڕەوشتییانە دەبمەوە کە خەڵکانێکی ناڕۆشنبیر و نەزان دەیکەن بەرانبەر ژن.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاڤان محەمەد نیگەرانی خۆی لەبارەی نەتوانینی ژنان بۆ بڕیاردانی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕی کە پیاوان لەناو خێزانەکان بە تایبەت بڕیار لەسەر دەنگی ژنان دەدەن و بۆیان دیاری دەکەن دەنگ بەکێ بدەن بەبێ ئەوەی ئازادی دەنگدان لەدەستی ژن خۆیدا بێت پیاو دەبێتە بڕیاردەر لەسەر دەنگی ژن و وتی: تا ئێستا ژن نەیتوانیوە بڕیاری خۆی بدات لە هەڵبژاردنەکاندا، ئێمە وەک ڕێکخراو کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ژنان دەنگ بدەنەوە بە ژن، چونکە کاتێک پەرلەمانێک هەڵدەبژێریت، ژنێک لە مەعاناتەکانی تۆ تێدەگات، زۆرجار کاتێک سەردانی ماڵان دەکەیت، پیاوەکە دەڵێت "خەمت نەبێ خۆم دەیبەمە سەر سندوق"، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بڕیار لە دەستی ژناندا نییە.