لە شوێنە گشتیەکانی هیرات تاڵیبان ڕێگری لە ژنانی بێ باڵاپۆش دەکات

تاڵیبان لە هیرات ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ئەو ژنانە دەکات کە باڵاپۆشنین لە باڵەخانە حکومییەکان و ناوەندە پزیشکییەکان، ئەمەش پەرەسەندنی نوێی ئەو سنووردارکردنانەیە کە بەسەر ژنان لە ئەفغانستاندا سەپێندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی توندکردنەوەی سنووردارکردنی ژنانە لە ئەفغانستان، تاڵیبان مەرجی باڵاپۆشی زۆرەملێی بۆ چوونە ناو دامەزراوە گشتییەکان، لەوانەش دامەزراوە حکومییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان سەپاندووە، ئەم ڕێوشوێنە بەشێکە لە زنجیرەیەک سیاسەت کە ئازادییەکانی ژنان بەرتەسک دەکەنەوە و بەشدارییان لە ژیانی گشتیدا سنووردار دەکەن.

 

لە درێژەی سیاسەتەکانی دژ بە ژنان، وەزارەتی "ئەمرکردن بە چاکەو ڕێگری لە تاوان"ی تاڵیبان لە هیرات ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی ژنان لە چەند فەرمانگەیەکی حکومی و ناوەندێکی پزیشکی کردووە، ئەم قەدەغەکردنە دوکان و هۆڵە گشتییەکانی هیراتیش دەگرێتەوە و ڕێگری لەو ژنانە دەکات کە باڵاپۆشنین بچنە ناو ئەو شوێنانە.

 

تەنانەت ئەو ژنانەی باڵاپۆشنین ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو دامەزراوە تەندروستییە گشتییەکان، لەوانەش نەخۆشخانەی "حەوزە"، بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ٥٠ ژن کە بۆ چارەسەرکردن و چاودێری پزیشکی فریاگوزاری سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، بەهۆی ئەوەی باڵاپۆش نوبوون، ڕێگریان لێ کراوە بچنە ژوورەوە.

 

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی ڕەسمی لە لایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە سەبارەت بەم ڕێوشوێنانە نەدراوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە "پۆلیسی ئەخلاقی" بزووتنەوەکە ئەو سنووردارکردنانە جێبەجێ دەکات.

 

سیاسەتە نوێیەکانی تاڵیبان ڕەنگدانەوەی پەرەسەندن و بەردەوامی ئەو سنووردارکردنانەن کە بەسەر ژناندا سەپێنراون لە دوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، هەروەها ڕەتکردنەوەی ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە پۆستە حکومییەکان یان دامەزراندن لە دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی، لەگەڵ کەمکردنەوەی دەرفەتەکانیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و بازاڕی کار، هەڕەشەی لێکەوتەی ڕاستی لەسەر تەندروستی ژنان و سەربەخۆی ئابووری و مافە بنەڕەتییەکان دەکات.

 

چەندین شرۆڤەکار پێیانوایە ئەم ڕێوشوێنانە نەک هەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی ژنان پێکدەهێنن، بەڵکو هەڕەشە لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی بەردەوام لە وڵاتەکەدا دەکەن.