لە بەلجیکا پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارێکی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەستیپێکرد

لە دادگای فیدراڵی برۆکسل لە بەلجیکا، پرۆسەی دادگاییکردنی سامی جدو، سەرچەتەی داعش، کە دەستی هەبوو لە کۆمەڵکوژیی ئێدزییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٦ی تشرینی دووەم، لە دادگای فیدراڵی برۆکسل لە بەلجیکا، پرۆسەی دادگاییکردنی سامی جدو، سەرچەتەی داعش، کە دەستی هەبوو لە کۆمەڵکوژیی ئێدزییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد.

 

لە دانیشتنەکەدا، دادگاکە بەبێ ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی تاوانبار پرۆسەی دادگاییکردنی سامی جدوی دەست پێکرد کە لە کاتی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤، ژنان و منداڵانی کردووە بەکۆیلە و کردەوەی سێکسی بەرامبەر ئەنجامداون.

 

لە پرۆسەی دادگاییەکەدا سێ ژن وەک شاهێدی تاوانەکانی سامی جدو ئامادەن، کە پێشتر لەلایەن ئەو سەرچەتەیەوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە و کراون بە کۆیلە, بڕیار وایە ماوەی دادگاییەکە شەش ڕۆژ بخایەنێت.

 

سامی جدو، کێیە؟

سامی جدو، لەدایکبووی ١٩٨٩ـی بەلجیکایە، ناسراوە بە ئەبو مەسعەبی بەلجیکی داعشییەکی بە ناسنامە، بەلجیکییە و بە ڕەگەز مەغریبییە و دانیشتووی شارۆچکەی لایکنی نزیکی بڕۆکسلی پایتەختی ئەو وڵاتە بوو، لە دەستێپێکی دروستبوونی گرووپە توندڕەوەکان لە عێراق و سووریا دەبێتە چەتە، پاشان بەهۆی کردەوە دژە مرۆییەکانی لە سووریا و عێراق، پلە پلە بەرپرسیاری پێدەسپێدرێت و تا ئاستی ئەمیر و بەرپرسی هێرش بۆ سەر ئەورووپا ئەرکدار دەکرێت و لە زۆرینەی هێرش و کوشتوبڕەکانی داعش لە سووریا و عێراق بەشداربووە.

 

لە کۆمەڵکوژیی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی ئێزدییەکان، ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکان بەرامبەر بە ئێزدییەکان، وێڕای بەکۆیلە کردنی ژنان دەستدرێژیشی کردووە سەریان، بەگوێرەی بەدواداچوونی لێکۆڵەرانی بەلجیکی، بەکۆیلەکردنی و دەستدرێیکردنەسەر، سێ ژنی ئێزدیی لەلایەن سامی جدوەوە، پشتڕاستکراوەتەوە.

 

هەر بۆیە، لە دوای کۆمەڵكوژی شنگال لە بەلجیکا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ژمارەیەک چەتەی داعش کراوەتەوە کە لە ناویاندا سامی جدو هەیە.

 

هەرچەندە دەوترێت لە ساڵی ٢٠١٦، سامی جدو لە هێرشێکی فڕۆکەکانی ئەمریکادا کوژراوە بەڵام تا ئێستا بە فەرمی کوشتنەکەی یەکلا نەکراوەتەوە، هەروەها بە هەوڵی ڕێکخراوی قوربانییانی بەلجیکا، حکومەتیی فیدراڵی بەلجیکا دادگای دژی سامی جدو پێکهێنا و لە ساڵی ٢٠٢١ بە ١٣ ساڵ زیندانییکردن سامی جدو سزا درا، بەڵام قوربانییانی دەستی ئەو چەتە تاوانبارە، پێداگرن لە بەردەوامی دادگاییکردنەوەی و سەپاندنی سزای هەتاهەتایی بەسەریدا.