"بۆ کاڵکردنەوەی دۆخى نەخوازراو و بە سیستماتیککراوی چەوساندنەوەى ژن خۆتان ڕێکبخەن"

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە بارەی دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بۆ کاڵکردنەوەی دۆخى نەخوازراو و بە سیستماتیککراوی چەوساندنەوەى ژن خۆتان ڕێکبخەن".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان- ڕژاک ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى دۆخى ژنان لە هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات ژنان یەک دەنگ بن، هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێم دەکەن بکوژانی ژنان بە سزای یاساى بگەیەنرێن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای هاتنەکایەی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە هەموو بوار و سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا، دۆخ و گوزەرانی ژنان لە باشووری کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە، تا قۆناغی ئێستاشی لەگەڵدابێت، نەک بەرەو باشتر نەچووە، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە دۆخە خراپەکەی تێنەپەڕاندووە و بەرەو ئاستێکی خراپتریش چووە، بەهۆی هەندێ گۆڕان لە پێویستییەکانی ژیان و پەرەسەندنی هۆیەکانی پەیوەندی کردن، بەردەوام ژنان لەژێر ناوی جیاواز و بە بیانووی جۆراوجۆر دەچەوسێنرێنەوە و ڕووبەڕووی  توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، زۆجاریش هۆکاری جیاوازی وەک: خۆکوشتن، خۆ سووتاندن، خۆ خنکاندن و بوونی نەخۆشییە دەروونییەکان وەک ئامێرێک بۆ شاردنەوەی بکوژ، کە پیاوە، بەکار دەهێنرێن.

 

باس لەوەشکراوە، لەسەرەتای ئەمساڵیش لەچەند ناوچەیەکی هەرێم چەندین کەیسی توندوتیژی و کوشتن، کە بە ٥١ ژن دەخەمڵێنرێن، هەموویان پەردەپۆش کراون، جگە لەوەش زۆرجار بکوژ بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر دەکرێت و دواتر بەهەر هۆیەک بێ ئازاد دەکرێت، لێرشدا یاسا هیچ ڕێز و شکۆیەکی بۆ ناهێڵرێتەوە و حوکمی عەشیرەتگەریی و واسیتەکاری حزبی و بنەماڵەیی شوێنی یاسا دەگرنەوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە هەزاران ڕووداو، کە لە چوارچێوەی توندوتیژیدا جێ دەگرن، وەک، دەستدرێژی سێکسی، شکاندنی شکۆی کەسی، ئەشکەنجەی (ڕۆحی- جەستەیی) کوشتن و …..هتد،  لە ناوەندەکانی یاسا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، شاردراونەتەوە، هەر ئەمەش بە پلەی یەکەم بووەتە فاکتەری زیاتر پەرەسەندنی ئەو جۆرە توندوتیژییانەی لە پێشدا باسکران.

 

ڕژاک ڕایگەیاندووە، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵکشاوە بۆ ئاستێکی بەرز، ئەو توندوتیژیانەش لە دژی ژنان زیاتر لەژێر ناوی شەڕەف و بەکۆمەڵێ بیانووی وەک، ناپاکی هاوسەرگیریی، لادان لە بنەماکانی ئاین، بن پێکردنی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، تێپەڕاندن و پێشێلکردنی یاساکانی خێڵ و خێزان و…..هتد، ئەنجام دەدرێن.

 

ڕژاک دەشڵێن، پێویستە ژنان بە پێچەوانەی ئەو ئەنجامە کرچ و کاڵانەی، کە ئەمڕۆ بوونیان هەیە و بەشی چارەسەرکردنی ئاریشەکانی ژنان ناکەن، ڕیزەکانیان یەک بخەن و هەموو جیاوازییە ئاینییەکان، ئایدۆلۆژیی، سیاسیی، نەتەوەیی، بەلاوە بنێن و هەوڵی جددی بدەن، بۆ کاڵکردنەوەی دۆخى نەخوازراو و بە سیستماتیککراوی چەوساندنەوەى ژن.

 

لە کۆتایدا هاتووە، پێویستە چەوسێنەران و بکوژانی ژنان بە سزای یاساى خۆیان بگەیەنرێن، بۆ ئەوەی چیتر ژن بە چەوساوەترین و بەشخوراوترین چینی کۆمەڵگە نەمێنێتەوە و لە قاڵب و چوارچێوەی تەسکی ڕەگەزی دووەمدا یان مرۆڤی پلە دوو، بە قەتیسکراوی نەهێڵرێتەوە و بهێنرێتە دەرەوە.