"بەپێی بنەمای شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل، هەموو پلانە داگیرکارییەکان بەرپەرچ دەدەینەوە"

ژنانی ئاوارەی عەفرین، لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتیان کردەوە، ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی تورکیا کە خاکەکەیان بکاتە ئامانج.

ڕووبارين بەكر

 

شەهبا- لەم دواییانەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە، خەڵکی مەدەنی هەڕەشە و هێرشی بەردەوامیان لەسەرە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی بەرخۆدانی گەلانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل بەردەوامە و ئەو ڕێگەیە بە باشترین ڕێگە چارەسەری دەزانن.

 

"چەندین ساڵە لە ژێر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ژیان دەکەین"
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی خەڵک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان، ئامینە موسا، ژنێکی ئاوارەی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا دەڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بەردەوامە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی عوسمانییەکان، ئەم هێرشانە تازە نین و ماوەی پێنج ساڵە ئێمە بەو شێوازە دەژین، تورکیا بە شێوەیەکی دڕندانە ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بەو ئامانجەی پڕۆسەی دیموکراتیک پەک بخات، بەڵام خەڵکی بەرخۆدێر ڕووبەڕوویان دەبنەوە و بێدەنگی قبوڵ ناکەن، ئێمە ئامادەین بۆ هەر هێرشێک، وەڵامی ئێمە بەرگریکردن لە کەرامەتی خۆمان و مافەکانمان دەبێت، چونکە ئێمە خاوەنی خاکەکەمانین، سەرکەوتنیش هی ئێمە دەبێت.

 

"پێویستە گەلی کورد دژی دەوڵەتی تورکیا یەکگرتوو بێت"

ئەلیف محەمەد داود بانگەوازی بۆ هەموو گەلان کرد و وتی: بۆ هەموو گەلان، بەتایبەتی گەلی کورد لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە دەوری پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کۆببنەوە و بەرامبەر سیاسەتەکانی تورکیا بوەستنەوە، ئەو سەلامەتی و سەقامگیرییەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە، لە ئەنجامی ڕشتنی خوێنی منداڵەکانیانەوەیە، بەو خوێنە خاکەکەیان ئاو داوە بۆ ئەوەی بتوانین لەم ئارامییەدا بژین، خوێنی منداڵەکانمان نابێت بە فیڕۆ بڕوات، وەک دایکی شەهیدان بێدەنگ نابین.

 

"حکومەتی دیمەشق و دەوڵەتی تورکیا ژیانیان سەختر کردووین"

ئاسیا عەبدولعەزیز جەختی لەسەر پتەوکردنی یەکگرتوویی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە و بەرزکردنەوەی خەبات بە پێی پرەنسیپی شەڕی شۆڕشگێڕی گەل لە ڕێگەی ڕێکخستن و پشتبەستن بە ئیرادە و هێزەوە کردەوە، هەروەها مانەوەیان لە شەهبا بەهۆی نزیکییەوە بووە لە شارەکەیان عەفرین.

 

دەشڵێت: دەروازەکان بەڕووی ئێمەدا داخراون و حکومەتی دیمەشق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەمارۆمان بەسەردا توندتر دەکات، ئەمە جگە لە هێرشە هەڕەمەکی و بەربڵاوەکانی داگیرکەری تورکیا بەڵام ئەم ئازارانە نابێتە بەربەست لەبەردەم ڕووبەڕووبوونەوەکەماندا.