پەروین بوڵدان: بەردەوام دەبین لە هێڵی تێکۆشان کە گەل دەیەوێت

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە کە لە میانەی سەردانەکانی جەژندا لە وان کۆبوونەوەی ئەنجامدا، ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای هەموو نادادپەروەرییەکان بەردەوام دەبن لەو هێڵە خەباتەی کە خەڵک دەیەوێت.

 

وان

 

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" وەک بەشێک لە بەرنامەی جەژنی قوربان لە ناوچەکانی قەلقەلی و سەراڤ لە وان سەردانی گەلی کردو لەگەڵ خەڵک کۆبووەوە، پەروین بوڵدان هەڵسەنگاندنی بۆ پێشکەوتنەکان کردو ئاماژەی بەوەکرد هێڵێکی نوێی خەبات دروست دەکەن، سوپاسی خەڵکی قەلقەلی و سەراڤی کرد بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن و پشتیوانیکردنی پارتی چەپی سەوز.

 

"سەرەڕای هەموو ئەو نادادپەروەری و بێ یاسایانە ئێمە ئەو هێڵە خەباتە بونیاد دەنێین کە گەل دەیەوێت"

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەکرد کە هەڵبژاردنەکان لە هەموو ڕێگایەکەوە پرۆسەیەکی گرنگە بۆ هەمووان و وتی: ئێمە ئامانجێکی مەزنمان داناوە، بەڵام بەهۆی فشاری فاشیزم و ئاکەپەوە سەرکەوتوو نەبووین، هەڵەی زۆرمان کرد، ئێمە لە هەموو ڕوویەکانەوە باس لە کەموکوڕی و هەڵەکانمان دەکەین، سەرەڕای هەموو نادادپەروەرییەکان، ئێمە ئەو هێڵە خەباتە بونیاد دەنێین کە خەڵک لێمانی دەوێت، ئێمە هێڵێکی نوێی خەبات لەگەڵ کۆنگرەی نوێدا دەخەینە ڕوو.

 

"ئێمە هێڵێکی سیاسی نوێ دروست دەکەین"

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە هاوپەیمانێتی ئاکەپە و مەهەپە، سیاسەتی لەناوبردن لە دژی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بەتایبەتی دژی کوردەکان پەیڕەو دەکات و وتی: ئێمە هەڵبژاردنی ناوخۆییمان لەبەردەمدایە، کە زۆر گرنگە بۆ هەموومان. لەم هەڵبژاردنەدا هەموو کەسێک لە پێشبڕکێکەدا دەبێت و ئێمە گرنگییەکی زۆر بە وان دەدەین، ئەوە بە گرنگ دەزانین کە دەست بکەین بە کارەکانمان بۆ بەدیهێنانی وان و هەموو ناوچەکانی. ئێمە کاندیدەکان و پاڵێوراوانی شارەوانییەکان بەگوێرەی داواکارییەکانتان دیاری دەکەین، هەرکەسێک بیەوێت دەستنیشانی بکات، ئێمە ئەوە دیاری دەکەین.