توێژینەوە: شەکرە دەستکردەکان بیرکردنەوە لاواز دەکەن
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، شەکرە دەستکردەکان ئەگەری لەبیرچوونەوە و پووکانەوەی خانەکانی مێشک زیاد دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی ساوپاولۆ لە بەرازیل کرا و لە گۆڤاری "Neurology" بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات، شیرینکەرە دەستکردەکانیان لەسەر ١٢ هەزار کەس بۆماوەی ٨ ساڵ تاقیکردووەتەوە و ئاشکرای دەکەن، ٦٢٪ی ئەگەری لاوازبوونی بیرکردنەوە و پووکانەوەی خانەکانی مێشک زیاد دەکەن بەتایبەت کاتێک رۆژانە بڕی ١٩١ میلیگرامیان لێدەخورێت.
د. کلۆدیا کیمی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە وتی: ئەوانەی رۆژانە کەمتر لە ٢٠ میلیگرام شیرینکەرە دەستکردەکانیان خواردووە کەمتر کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دروست بووە.
هەر بۆیە ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، ئەو شیرینکەرانە بە رێژەی زۆر کەم بخورێن یاخود هەر نەخورێن و پەنا ببرێتە بەر سەرچاوەی شەکری دیکەی سرووشتی کە زۆر شەکری خوێن بەرز ناکانەوە.
مێژووی جێگرەوەکانی شەکری سپی
لە ساڵانی حەفتاکاندا دەزگای خۆراک و دەرمان "FDA" لە ئەمریکا حەوت جێگرەوەی شەکری سپی پەسند کردووە و ناوی لێناون شیرینکەرە دەستکردەکان وەکو "ساکارین، سووکرالۆز، ئەسپارتام، زایلۆتۆڵ، ئیسیسڕۆڵ، ستیڤیا و میوەی مۆنک".
هەندێک لە توێژینەوەکانی رابردووش دەریان خستووە کە جێگرەوەکانی شەکری سپی، سوودیان هەیە بۆ کەمبوونەوەی شەکری خوێن، بەڵام چەندان توێژینەوەی هاوچەرخ بە شیکاریی فراوان دەیسەلمێنن، ''شیرینکەرە دەستکردەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و چەندان نەخۆشیی دیکە زیاد دەکەن'' رێکخراوی "WHOـ"ش هاوڕایە لەگەڵ ئەمە.
شیرینکەرە دەستکردەکان دەشێت لە "بنێشت، سۆسی کەباب، مرەبای بێ شەکر، جەلی منداڵان، ئایسکرێمەکان، بەشێک لە خۆراکە لەقوتوونراوەکان، خواردنەوە گازییە دایتییەکان"دا هەبن.