دوو خوشک لەڕێگەی دروستکردنی کەسایەتییە دیارەکانی کورد بە مۆم کولتوور و ناسنامەی کورد دەپارێزن
ئیمان یوسف، خاوەنی بڕاندی شاماران دەڵێت: لە ڕێگەی دروستکردنی مۆم و وێنەی کەسییەوە لەگەڵ خوشکەکەم هەوڵ بۆ مانەوەی شوناسی کورد دەدەین، خولی فێربوونی دروستکردنی مۆم بۆ منداڵان، بە مەبەستی ناساندنی کولتوور و کەسایەتییە دیارەکانی کورد دەکەینەوە.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ دەوڵەتانی داگیرکەر بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی شوناسی کورد بوون، لاوان و کوردپەروەرانی بەردەوام بە هێشتنەوە و زیندوکردنەوەی کولتووری کوردی لە ڕێگەی کار و هونەرەکەیانەوە بەرامبەر دەوڵەتانی داگیرکەر دەوەستنەوە، لە ناویاندا ژنانی کورد بەردەوام ڕۆڵی گرنگیان بۆ هێشتنەوەی شوناس و ناسنامەی کورد بینیووە، ژنانی کورد لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانیانەوە هەوڵ بۆ ناساندن و هێشتنەوەی کولتووری کورد دەدەن، سەرەڕای ئاستەنگییەکان بۆ کارکردنی ژنان، ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان هەوڵی کارکردن و هێشتنەوەی شوناسی کورد دەدەن، لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ شوناسی کورد، ئیمان یوسف، خاوەنی بڕاندی شاماران، ماوەی دوو ساڵە لە کارگەی کولتووری شاری سلێمانی لەگەڵ خوشکەکەیدا کار بۆ دروستکردنی مۆم لە چوارچێوەی کولتووری کوردیدا دەکەن، لە ڕیگەی دروستکردنی مۆم بە هاوشێوەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، کولتووری کوردی لە ماڵەکاندا زیندوو دەکەنەوە، لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانیانەوە نەوەی داهاتوو ئاشنایی کەسایەتییە دیارەکان و خەباتگێڕان دەکەن، هەروەها لە ڕێگەی کردنەوەی خولی فێربوون منداڵان ئاشنای کولتوور و دروستکردنی مۆم دەکەن.
" ئەو مەوادانەی بۆ دروستکردنی مۆمەکان بەکاری دەهێنین تەواو سروشتییەو دورە لە نەوت و بەنزین"
ئیمان یوسف، خاوەنی بڕاندی شاماران ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ خوشکەکەیدا کار بۆ هێشتنەوەی کولتووری کوردی دەدەن، لە ڕێگەی دیکۆرەیشنەوە کار بۆ هێشتنەوەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد دەدەن، وتی: ماوەی دوو ساڵە کاری دروستکردنی مۆم دەدەین، لە ڕێگەی دروستکردنی کەسایەتییەکانەوە هەوڵ دەدەین ماڵەکان پڕکەین لە شوناسی کورد، کەسایەتییە دیارەکانی وەک " مەستوورەی ئەردەڵانی، شێرکۆ بێکەس، ئەحمەد کایە، نالی شاعیر و هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەکمان لا بەردەستە، سەرەتای سەرهەڵدانی دروستکردنی مۆم بۆ خولیای من و خوشکەکەکم دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو مۆمانەی دەمانکڕی جۆرە زیانێکی وەک دوکەڵی پێدەگەیاندین، بۆیە بڕیارماندا بۆخۆمان مۆمی کوالێتی باش دروست بکەین، لە ئێستادا ئەو مەوادانەی بۆ دروستکردنی مۆمەکان بەکاری دەهێنین تەواو سروشتییەو دورە لە نەوت و بەنزین، زیان بە کەسانی چواردەوری ناگەیەنێت، لە کارگەی کولتووری شاری سلێمانی دەستمان بە بازاڕگەری مۆمەکانمان کرد، تا ئێستەش بە گەورەکردنی پڕۆژەکەمان بەردەوامین، ڕۆژانە پێشوازی لە کڕیارەکانمان دەکەین، لێرە سەرەڕای سەرپەرشتیکردنی دروستکردنی مۆم خوشکەکەم بە کاری وێنەکێشی بەردەوام دەبێت، لەگەڵ دروستکردنی مۆمەکان لێرە خولی فێربوون بۆ ئاستەکانی تەمەنمان هەیە، منداڵان و گەنجان تا بتوانن سودمەندبن لە دۆزینەوەی هەلی کاری خۆیان، بەهۆی دەستنەکەوتنی مەوادی بە کوالێتی ئاستەنگیمان بۆ دروست دەبێت، پاشان قاڵبەکان چەند جۆرێکمان هەیە، بازاڕی و تایبەت، لە ڕێگەی هونەرمەندەکانەوە قاڵبە تایبەتەکانی تایبەت بە بڕاندەکەمان دەکڕین و دروستی دەکەین، تا بتوانین هێشتنەوەی هونەرمەندەکان بۆ نەوەی داهاتوو بکەین، هەروەها بەشێکی لە کۆمەڵگە بەهۆی ڕەنگدانەوەی دیینەکان لە کولتووری کوردیدا ئەو پەیکەرانەی دروستمان دەکرد قبوڵ نەدەکران، کە من و خوشکەکەم سەرەتا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی کردۆتەوە.
باسی لە جۆرەکانی مۆم کرد کە لایان بەردەستە لە ئێستادا، وتی: لە ڕێگەی بەردی هاوڕاوەوە پەیکەرەکان دروست دەکەین، چەندین جۆری مۆم بەردەستە، قاڵبەکان بە شێوازی خواست بەردەستە، مۆمان هەیە لە پەرداخدا بەشی خوارەوەی بەرد و ئاو پێکەوەیە و سەرەوەی مۆمی تێدەکرێت، یاخود پەیکەرەکان لە ڕێگەی قاڵبی تایبەت بەخۆمان دروست دەکەین، چەندین جۆر لە مۆمی بۆنخۆش و تاک بەردەستە، هەروەها مۆمی جێڵواکس لە لامان بەردەستە، کە تایبەتە بە بڕاندی شاماران، هەروەها لە ڕێگەی کوپی سیرامیک و داواکاری کڕیارەکانامن دەتوان ببن بە خاوەنی یەکجۆر مۆم کە تایبەتبێت بە خۆیان.
" ژنان لێرە پێکەوەیی و هەماهەنگیمان کولتووری کوردیمان دەهێڵێتەوە"
خاوەنی بڕاندی شاماران، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد. لە کارگەی کولتووری ژنان هاوکار و هەماهەنگی یەکدی دەکەن، ئەوەش یەکگرتووی ژنان بۆ هێشتنەوەی کولتووری کوردی دەردەخات، وتیشی: هاوکارێکمان کوپمان بە سیرامیک بۆ دەنەخشێنێت، ئێمە لە ڕێگەی کارەکەمانەوە مۆمی تێدا دروست دەکەین، ژنان لێرە پێکەوەیی و هەماهەنگیمان کولتووری کوردیمان دەهێڵێتەوە، هەروەها داواکارم لە ژنان لە ڕێگەی کارەکەیانەوە هەوڵ بۆ مانەوەی ناسنامەی کورد بدەن، ژنان بەدوای ئەو کارەیا بچن کە ئامانجیانە بەدەستی بهێنن، هیوادارم هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی کار بدەن و ڕێگایان ڕۆشنبێت.