لە کۆیە ژنان لە چیاکان ئامادەی مانگ گیران بوون

شەوی ڕابردوو مانگ گیران جیهانی گرتەوەو لە شارۆچکەی کۆیەی باشووری کوردستان ژنان چوونە سەر چیاو سەیری مانگ گیرانیان کرد.

شیا کۆیی

 

کۆیە-سەر لە ئێوارەی ٧ی ئەیلوول تیمی ڕێکخروی فەلەکناسی کوردستان، لەسەر چیای کۆساری شاری کۆیە کۆبوونەوە، بۆ تۆمارکردنی مانگ گیران و خەڵکێکی زۆر کە ژنیان تێدابوو ئامادەی بوو.

 

بەپێی قسەی شارەزایان، مانگ گیرانێکی ناوازە ڕووی دا کە ئەویش مانگ گیرانی تەواوەتی بوو، وەک بینیمان کە لە کاتژمێر ٦:٢٨خولەک مانگ گیران دەستیپێکرد و کاتژمێر ٨:٣٠ خولەک مانگ گیرانی تەواوەتی ڕوی داو لەکاتژمێر ۹ تا ۱۱شەو مانگ زۆر جوان دەردەکەوت کە ڕەنگێکی سووری وەرگرت، کاتژمێر  ١١:٥٥ خولەک کۆتایی هات.

 

مانگ گیرانی تەواوەتی نزیکی دوو کاتژمێر دەخایەنێت و کۆی گشتی ٥ کاتژمێرو ٢٧خولەک دەخایەنێت و بەپێی زنایارییەکان لە ٢٠٢٨جارێکی دیکە مانگ گیران ڕوودەدات.

 

 سەمیرە یاسین، ئارەزوومەندی فەلەکناسی، سەبارەت بە دیاردەی مانگ گیرانی شەوی ڕابردوو وتی: من لەگەڵ هاوژینەکەم کە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی فەلەکناسیە، ساڵانە چەندین چالاکی ئەنجام دەدەین، خۆشم بەردەوام لەگەڵی بەشدارم لە چالاکییەکان لەقوتابخانەکان و شۆێنەکانی دیکە و ئاشنایان دەکەین بەو ڕووداوە سروشتیانە. خۆشحاڵم کە ئەو هەموو ژنە و خەڵکی شاری کۆیە هاتوونەتە سەرچیا لەگەڵمان ئامادەی بابەتێکی تەواو سروشتی و زانستی بوون، بەپێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی فەلەکناسیمان  لە ٣١-١٢-٢٠٢٨دووبارە مانگ گیران ڕوودەداتەوە.

 

سازگار دڵشاد، ئارەزوومەندێکی دیکەی فەلەکناسیە و ئامادەی دیاردەی مانگ گیران بوو، وتی: دیاردەی مانگ گیران دیاردەیەکی فەلەکناسی  فیزیایی سروشتییە، بەپێی فەلەکناسەکان باسیان کرد، کاتی دیاریکراوی نییە، ئێمەش وەک ژنانی کۆیە حەزمانکرد ئامادەبین لە بینینی مانگ کە چۆن دەگیرێت، بینیمان  و گۆڕانکاریەکی جوان ڕوویدا سات بەسات چاودێریمان کرد بینیمان چۆن زەوی دەکەوێتە نێوان خۆر و مانگ و مانگ گیرانی تەواوی ڕووی دا و کۆمەڵێک ژن لە کۆیە هاتبووین لەگەڵ چەند ژنێکی دیکە لە دەوروبەرەوە هاتبوون.