لە ئەڵمانیا کۆنفرانسی "ژن ژیان ئازادی" بەڕێوەچوو

بە نزیکبوونەوە لە سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی”، لە ئەڵمانیا کۆنفرانسی”ژن ژیان ئازادی” بەڕێوەچوو بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕۆڵی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری تاران ژینا ئەمینی لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بە بێ فەرمانی دادوەر بەهۆی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی دەستگیر کرا و دواتر بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆری جەستەیی لە نەخۆشخانەیەکی تاران خەوێندرا و بەو هۆیەوە لە ١٦ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ گیانی لەدەستدا.

 

دوێنێ ٧ی ئەیلوول، لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا لە سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" کۆنفرانسی "ژن ژیان ئازادی" بە دەستپێشخەری هەڵمەتی”نەخێر بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد” و پلاتفۆرمی”ئەمڕۆ دیموکراسی ئێران” ڕێکخرا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی چالاکوان و ئازادیخواز و سیاسیی بەڕێوەچوو.

 

هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا پرۆگرامێکی جۆراوجۆر لە پانێڵ، نمایشی هونەری، پێشانگای هونەری و مۆسیقا ئەنجامدران.

هاوکات، هەر یەک لە بەلقیس ڕۆشەن سیناتۆری پێشووی ئەفغانستان، جانین ویسلەر ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئامینە عومەر نوێنەری ئەنجوومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مەریەم فاتیحی ئەندامی ئەنجوومەنی هەماهەنگی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک قسەکەری کۆنفرانسەکە بەشدارییان کرد.

 

کۆنفرانسەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی ڕۆڵی ژنان و شێوازی چالاکی و کارکردن لە دەرەوەی وڵات، پاشان باسی بەرخۆدانی ژنان لە دژی توندوتیژی و سەرکوتکردنیان کرا.