ژنان دوو لەسەر سێی هێزی کاری بەرهەمهێنانی خۆراک پێکدەهێنن

ژنان بەشێکی دانەبڕاون لە گۆڕانی کەشوهەوا و ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە لە کاتی کارەساتە سرووشتییەکان توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە ژنان زیاد دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکانی لە تەواوی جیهان دەردەکەوێت و بە شوێنێکی گەرمتر دادەنرێت بە بەراورد بە ڕابردوو، شەپۆلی گەرما لە زیادبووندایە، هەروەها بارودۆخی کەشوهەوای توند وەک بارانبارینی لەناکاو، زریان و لافاو.

 

هەروەها داتاکان دەریدەخەن کە ژنان بە تایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا سەرقاڵی کارگەلێکی جەستەیی وەک جووتیاری و کرێکارین، نزیکەی ٪ ٤٥-٨٠ی سەرجەم بەرهەمهێنانی خۆراک و دوو لەسەر سێی هێزی کار لەم کەرتەدا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا ژنان پێکیدەهێنن، هەربۆیە گۆڕانە ژینگەییەکان کاریگەری جیاوازیان لەسەر دانیشتوان و بەتایبەتی ژنان هەیە.

 

ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UNFPA باس لەوە دەکات کە لە کاتی کارەساتەکانی وەک زریان و لافاودا توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی و دڕندەییەکانی دیکە بەرامبەر بە ژنان زیاد دەکات.

 

توێژینەوەیەک کە لە ڕۆژنامەی The Lancet Planetary Health بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی دژی ژنان، دەستدرێژی سێکسی زیاد بکات لە کاتی کارەساتە سرووشتییەکان، لە کاتێکدا زۆرجار پەیوەندی بە ناسەقامگیری ئابووری، نائاسایشی خۆراک، فشاری دەروونی، نەریت و توندبوونەوەی نایەکسانی جێندەری هەیە.

 

هەروەها ژنان باسیان لەوەکردووە کە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێک بووە کە کاریگەری لەسەر بڕیاردانەکانیان هەبوو بۆ ئەوەی منداڵیان ببێت یاخود نا، لەکاتێکدا بەشێک لە ژنان ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ترسی لەدەستدانی منداڵیان لە کارەساتدا منداڵبوونیانی دواخستووە، هەندێکی تریش وتوویانە حەز دەکەن منداڵی زیاتریان هەبێت چونکە حەز ناکەن بێ منداڵ بن ئەگەر منداڵەکەیان بەهۆی باری نائاسایی کەشوهەوا مرد.

 

هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکاری خراپی دەرئەنجامی گەیاندن ناسراوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەفتەیەک پێش منداڵبوون دەتوانێت ئەگەری لەدایکبوونی منداڵی مردوو بە ڕێژەی ٪ ٦ زیاد بکات، ئەمەش واتە نزیکەی چوار منداڵی مردووی زیادە لە هەر ١٠ هەزار منداڵێکدا.

 

لەگەڵ ئەوەی ساڵانە هەسارەکە گەرمتر دەبێت بە بەرراورد بە ڕابردوو و زیاتر لە ٦٤٨ ملیۆن کەس یان نزیکەی ٪ ٨ی دانیشتوانی جیهان لە هەژارییەکی زۆردا دەژین، ئەمەش ژنانی هەژار زیاتر بەرەوڕووی کۆسپ دەکاتەوە و کاریگەری لەسەر پیتاندنیان دەبێت.