سارا و ڕۆژبین و ڕۆناهی بەبیرهێندرانەوە
ساکینە جانسز "سارا" لەیلا شایلەمەز "ڕۆناهی" و فیدان دۆغان "ڕۆژبین" لە حەسەکە بەبیرهێندرانەوە.
حەسەکە
کۆنگرەی ستار لە ١٤ ساڵەی تیرۆرکردنی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، ساکینە جانسز "سارا"، لەیلا شایلەمەز "ڕۆناهی"، ئەندامی تەڤگەری لاوانی کوردو فیدان دۆغان "ڕۆژبین: نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پاریس، لە کانتۆنی حەسەکە چالاکی بەبیرهێنانەوەئ سازکرد.
ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕەی کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کران، بە بۆنەیەک لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە یادیان کرایەوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە تل تەمر، دربەسی و حەسەکە و زرگان و هەروەها ئەندامانی ناوەندی هیلالی زێڕین و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان بەشدارییان لە یادەکەدا کرد.
بەرنامەی یادکردنەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان دەستیپێکرد. دوای ئەوە ڤیان عەفرین، بەڕێوەبەری کانتۆنی کۆنگرەی ستاری حەسەکە قسەی کرد و سەرنجی بۆ ڕۆڵی مێژوویی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانەی لە پاریس تیرۆرکران لە خەبات بۆ ئازادی ژنانی کورد ڕاکێشا.
ڤیان عەفرین وتی: چەندە باسی ئەو شەش هەڤاڵە بکەین کە لە کۆمەڵکوژی پاریس شەهید بوون، هەرچەندە پەرتوک بنووسین، ناتوانین بە تەواوی باسی ئەو خەباتە بکەین کە ئەوان بەخشیان، شەهید ساکینە جانسز سەرەتای مێژووی ئازادییە بۆ تەڤگەری ئازادیی ژنان و بۆ هەموو ژنان.
ڤیان عەفرین جەختی لەوە کردەوە کە ساکینە جانسز ژیانی خۆی بۆ خەبات تەرخان کردووەو وتی: هەڤاڵ ساکینە دەیوت ژیانم هەمیشە تێکۆشان بووە". ئەو بە فیداکردنی گیانی خۆی لەدژی ئەو عەقڵیەتەی کە ئینکاری گەلی کورد دەکات و پشتگوێی دەخات، تێکۆشانی کرد و هەڤاڵ ساکینە و هەموو هەڤاڵەکانمان کە لە پاریس شەهید بوون، پێگەیەکی زۆر گرنگیان هەیە لە خەبات بۆ ئازادی ژنانی کورد.
دوای وتارەکان هونەرمەندان گۆرانی فۆلکلۆری کوردییان پێشکەش کرد. ئەو گۆرانیانە ڕێزیان لە هەردوو شەهیدانی پاریس و تێکۆشانی ئازادی لە ڕۆژئاواو و کوردستان گرت.
یادەکە بە پێشکەشکردنی سینەفزیۆنێک کۆتایی هات کە تێکۆشانی ساکینە جانسز، لەیلا شەممەز و فیدا دۆغان پیشان دەدات.