لە عەفرینی داگیرکراو ژنێکی گەنج ڕفێندرا

پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی لە عەفرینی داگیرکراو لەناو بۆشاییە ئاسایشییەکان بەردەوامن و نیگەرانی دانیشتووانی ناوچەکەی لەبارەی پارێزراوییان و نادیاری چارەنووسی ئەو کەسانەی کە ڕفێنراون، لێکەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گوندەکانی  عەفرینی داگیرکراو شایەتحاڵی ڕفاندنێک بوون دوای ئەوەی چەتەکانی سەر بە تورکیا ژنێکی گەنجیان لە ناوچەی شەرا ڕفاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆشایی ئاسایشی بەردەوامە لە ناوچەکەدا.

 

چەتەکانی سەر بە تورکیا، ژنێکی گەنجیان لە شەرای عەفرینی داگیرکراو ڕفاند، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە لە ٣٠ی کانوونی یەکەمدا ڕوویداوە، کاتێک چەتەکان هەڵیانکوتایە سەر گوندی دەروێش لە نزیک شەرا و هیبە ئەمین سلێمانی تەمەن ٢٣ ساڵیان ڕفاندووە، چارەنووسی ئەو ژنە گەنجە تا ئێستا نادیارە.

 

ئەم ڕووداوە بەشێکە لەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی کە گوندەکانی عەفرینی داگیرکراوی گرتۆتەوە، هەروەها پشێوی و نائاسایشی بەربڵاو و کوشتن و تاڵانکردن و دزی و ڕفاندنی زۆر لەخۆدەگرێت.