کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار: بە هەموو توانایەکەوە کار بۆ ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی دەکەین

لە یادی ١١هەمین ساڵیادی فەرمانی ٧٤، کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕاگەیاندڕاوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە کاتی دەرکردنی فەرمانەکەدا هەزاران ژنی ئێزدی کەوتنە دەست داعش، بە هەموو توانامانەوە کاردەکەین بۆ ئازادکردنی ئەو ژنە ئێزدیانەی کە کەوتنە دەستی داعش.

ناوەندی هەواڵ

 

 کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لەحەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١١یەمین ساڵیادی ٧٤هەمین فەرمانی داعش کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال ئەنجامدرا، ڕاگەیاندڕاوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردووە،  یەژا ستارو و یەپەگە و یەپەژە بەرەو شنگال بەڕێکەوتن بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکان لە دەستی داعش و کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی، سڵاو لە کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەین کە لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا بەرەنگاری هەموو جۆرە هێرشێک بووەتەوە و لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا سیستەمی ئۆتۆنۆمی خۆی دامەزراندووە، کە لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە.

 

"ژنان پێشەنگایەتی داهاتوویەکی ئازاد دەکەن بۆ شنگال"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەماوەی ئەم ١١ ساڵەدا، ئەو پێشکەوتنانەی کۆمەڵگەی ئێزدی بەدەستیهێناوە، بەهێزی ڕێکخستن دەردەخەن، ڕێکخستنی ژنان لە کۆمەڵگە، سیاسەت، دیپلۆماسی، سەربازی نموونەی بەهێزکردنە، ژنانی ئێزدی خۆیان ڕێکخستووە لە چەتری تەڤگەری ژنانی ئازادی ئێزدی "تاژێ"، بە هێزێکی یەکگرتوو ڕووبەڕووی هێرشەکانی داگیرکاری، تائیفەگەری، ژنان پێشەنگایەتی دەکەن بەرەو داهاتوویەکی ئازاد بۆ شنگال.

 

ڕوونیشیکردەوە کە پێکهاتەی ئێزدی بە هەموو شێوەیەک خۆی ڕێکخستووە و ئەمڕۆش لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەدا بەرگری لە ناسنامەی خۆیان دەکەن، دڕندەیی داعش و هێزەکانی پشتی داعش تێکشکێندرا، مێژوو جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە هیچ هێزێک ناتوانێت بەرگەی دەسەڵاتی پێکهاتەیەکی ڕێکخراو بگرێت، ئێستا کۆمەڵگەی ئێزدی یادەوەرییەکی بەهێز و باوەڕێکی پتەوی هەیە، و بەرگری لە میراسی بەرخۆدانی ئێزدییەکان دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی فەرمانەکەدا هەزاران ژنی ئێزدی کەوتنە دەست داعش، ئێمەش لە کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار دووپاتی دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕزگارکردنی ئەو کچە ونبووانەی کە کەوتوونەتە دەستی داعش.