دوو ژنی بەلووچ دەستگیر کران کە یەکێکیان دووگیانە

هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە جلوبەرگی مەدەنی و بە بێ فەرمانی دادوەر هەڵیانکووتاوەتە سەر گوندی ئەکبەر ئابادی سەر بە شارۆچکەی خانی سەر بە پارێزگای سیستان و بلوچستان و دەیان هاوڵاتیی بەلووچیان دەستگیر کردووە کە لە نێوانیاندا دوو ژن هەن و یەکێکیان دووگیانە.

ناوەندی هەواڵ

 

کامپینی مافی مرۆڤی بەلووچستان بۆ یەکسانیی و دادپەروەریی، لەبارەی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ ناوچەیەکی بەلووچستان و دەستگیرکردنی دوو ژن ڕایگەیاند، دوێنێ ٢ی ئاب، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە جلوبەرگی مەدەنی و بە بێ فەرمانی دادوەر هەڵیانکووتاوەتە سەر گوندی ئەکبەر ئابادی سەر بە شارۆچکەی خانی سەر بە پارێزگای سیستان و بلوچستان و دەیان هاوڵاتیی بەلووچیان دەستگیر کردووە کە لە نێوانیاندا دوو ژن بوونی هەیە و یەکێکیان دووگیانە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پاش گواستنەوەی دەستگیکراوەکان بۆ شاری زاهیدان، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە لەناوبردنی کەلوپەلی ناوماڵ و دەستیان بەسەر ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی تایبەتی دانیشتووانی ناوچەکەدا گرتووە، هەروەها کەلوپەلی نزیکەی ٧٠ ماڵ بارکراون و لە گوندەکە گواستراونەتەوە.

 

باس لەوەشکراوە، ئەم هێرشە سەربازییە نەک تەنها مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتییانی بەلوچ پێشێل دەکات، بەڵکو دەستگیرکردنی توندوتیژیی ژنان، لەوانە ژنێکی دووگیانیش، فەرامۆشکردنێکی ئاشکرایە بۆ بنەما بنچینەییەکانی مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ.

 

جێگای ئاماژەیە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژنانی بەلوچ لە بەلوچستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی توندوتیژی و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی بوونەتەوە کە چوار ژن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژران و ١٠ ژنی دیکەش بریندار بوون، هەروەها شەش ژنی دیکەی بەلووچی دەستگیر کراون.