سزای ٣١ ساڵ زیندانی بۆ چواردە هاووڵاتی بەهایی دەرکرا

چواردە هاوڵاتی بەهایی بە تۆمەتی "چالاکی پەروەردەیی و پڕوپاگەندە بە پێچەوانەی یان تێکدانی یاسای پیرۆزی ئیسلام" ناودەبرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە میانەی کۆبوونەوەی دادگای هاووڵاتیانی بەهایی لە دادگای ئینقلابی قایمشار، ساری و بابۆلسار بەڕێوەچوو هاووڵاتیانی بەهایی "مانی قەلی نەژاد، بیتا حەقیقی، ساناز حیکمەت شەعار، نیگار دارابی، سامی سەمیمی، مەهسا فەتحی، سامیه قەلی نەژاد، مەجیر صەمیمی، ئەنیس سەنائی، ئەفنانه نیعمەتیان، بەصیر صەمیمی، هەنگامه عەلی پور، گولبەن فەلاح و نازەنین گولی" بە ٣١ ساڵ زیندانی سزا دران.

 

هەروەها لەنێو ئەم هاوڵاتییانە "بیتا حەقیقی و سەاناز حیکمەت شەعار" هەریەکەیان بە سێ ساڵ زیندانی و غەرامەکردنی سی ملیۆن تۆمان سزایان بەسەردا سەپێندرا، لەکاتی دەستبەسەرکردنیان سەرجەم پێداویستییەکانیان لە بەرژەوەندی حکومەت دەستیان بەسەرداگیراوە.

 

تۆمەتی ئەو هاووڵاتیانە بە "چالاکی پەروەردەیی و پڕوپاگەندەیی بە پێچەوانەی یان تێکدانی یاسای پیرۆزی ئیسلام" ناودەبرێت و  سەرەڕای چوونی ئەو هاووڵاتیانە بۆ دادگا، بەڵام بڕیارەکە پێیان نەگەیشتووە و ڕایانگەیاندووە کە تەنها بە شێوەی کەسی بە پارێزەران دەگەیەنرێت، کاتێک یەکێک لە پارێزەرەکان نزیک بووەوە، ڕێگەی پێنەدرا تەواوی ڕستەکە بنووسێت و ئەم پارێزەرە توانی بەشێکی سنووردار لە ڕستەکە بنووسێت.

 

هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتیانە، ئیدارەی ئیتلاعاتی گشتیی مازەندەران ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە کە دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەوانی  بە " ناوەندی ڕێکخراوی سیخوڕی" ناو هێناوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دوو لەو هاووڵاتیانە مەشق و ڕاهێنانیان وەرگرتووە.

 

پێشتریش هەریەک لە "مەهسا فەتحی، سامیه قەلی نەژاد، نیگار دارابی، مەجیر صەمیمی و هەنگامه عەلی پور، دانیشتووی شاری ساری، ئەفنانە نیعمەتیان، مەجیر صەمیمی، مانی قەلی نەژاد، نازەنین گولی، سامی سەمیمی، ساناز حیکمەت شەعار، بیتا حەقیقی و گولبەن فەلاح دانیشتووی قەیمشار" و "ئەنیس سەنائی" دانیشتووی شاری بابۆلسار، ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە قایمشار دەستبەسەرکران و لە چەند مانگی دواتردا بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

 

هاووڵاتیانی بەهایی لە ئێران لە ئازادییەکانی پەیوەست بە بیروباوەڕی ئایینی خۆیان بێبەش کراون، زیاتر لە سێ سەد هەزار هاووڵاتی بەهایی لە ئێران هەن، بەڵام دەستووری ئێران تەنیا دان بە ئایینەکانی ئیسلام، مەسیحی، جوولەکە و زەردەشتی دەنێت، دان بە ئایینی بەهایی نانێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیکی مافی بەهاییەکان لە ئێران پێشێل کراوە.

 

ئەم زەوتکردنە سیستماتیکە لە کاتێکدایە کە بە پێی مادەی ١٨ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و مادەی ١٨ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان "هەموو مرۆڤێک مافی ئازادی ئایین و گۆڕینی ئایینەکەی هەیە".