ئێران، تەشەنەسەندنی ئالوودەبوونی ژنان بێ چارەسەری ماوەتەوە

ئالوودەبوونی ژنان لە تەشەنە سەندنایە و حکومەت لە گرتنەبەری هەنگاوی چارەسەرکردنی خەمساردە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە ئاستەنگی و ئازارەکان بۆ ژنان دوو هێندە دەکات.

هیماراد

 

سنە- ئالوودەبوون لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووەتە کێشەیەکی دیار و زۆربەی ژنانی گرتووەتەوە.

یەکێک لەو ژنانە ئالوودەبووانە بە ناوی ت.س کە هەوڵی وازهێنانی لە ئالوودەبوون دەدات، باس لە چۆنیەتی ئالوودەبوونی و نەبوونی هەوڵی دامەزراوە حکومییەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگە، کە ماوەی ٢٠ ساڵ زیاتر گیرۆدەی بووە بەڵام کۆمەڵگە و خێزانەکان ئازارەکانیان بۆ ژنان دوو هێندە کردووە.

 

"ئەفسەرەکان بە ئاسانی بەلای فرۆشیارەکاندا تێدەپەڕن و پارەیان لێ وەردەگرن"

سەبارەت بە هاوکاریی نێوان ئەفسەر و فرۆشیاران ت.س دەڵێت: " لە سنە کڕین و فرۆشتنی ماددەکان بە ئازادی ئەنجام دەدرێت و کاتێک وەک بەکاربەر دەستگیرکرام پێم وتن خۆم هەموو فرۆشیارەکانتان پیشان دەدەم، ئەوان فرۆشیاری سەرەکین، بەڵام ئەوان سەرنجیان نەدا و بە ئاسانی بەلای فرۆشیارەکاندا تێپەڕین، چونکە پارەیان لێ وەردەگرن، هەموو کارەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە تەنها لەوەدا کۆبووەتەوە کە لە ڕۆژی جیهانی دژە ماددە هۆشبەرەکاندا چوار کەس دەباتە کەمپەکان، وە دوای ماوەیەک کە دێنە دەرەوە، چونکە شوێنێکیان بۆ ژیان و کارێکی شایستەیان نییە، لە پارکەکاندا دەمێنێتەوە و دیسان ئالوودە دەبنەوە، ئەگەر بەڕاستی حکومەت دەیەوێت شتێک بکات، دەبێت سەرەتا فرۆشیارە سەرەکییەکان بگرێت و دواتر شوێنێکمان بۆ دابین بکات کە بمێنینەوە تا بتوانین ل ژینگەیەکی سەلامەت ئاستەنگییەکان تێبپەڕێنین و واز لە ئالوودەبوون بهێنین."

 

"زیاتر لە بیست جار وازم هێناوە، بەڵام نەمتوانی چونکە ژینگەیەکی خراپم هەبوو"

ت.س دەڵێت: " دەمەوێت واز لە بەکارهێنانی ماددەکان بهێنم، بەڵام ژینگە و ماڵەکەم ڕێگەم پێنادات، کەسێک کە بیەوێت وازبهێنێت پێویستە خۆراک و خەوی پێویستی هەبێت و مێشکی ئارام بێت، بەڵام من ئەو ژینگەیەم نیە وە هەموو ساتێک دەترسم جارێکی تر بەکاریبهێنمەوە، بەڕاستی دەمەوێت وازی لێبهێنم و تا ئێستا دە بۆ بیست جار هەوڵم داوە، بەڵام بەهۆی ئەو ژینگە خراپەی کە هەمبووە نەمتوانیووە."

 

"زۆر پێویستم بە شوێنێکی سەلامەتە"

وتیشی: "حکومەت دەڵێت بچنە کەمپ و دوای ئەوە مەرجی کارکردن بەردەستە، بەڵام درۆیە، دوای ڕۆیشتن هیچ مەرجێک لەبەردەستدا نییە و هەموو شتێک تەنها قسەیە، دیسانەوە بەهۆی بێکارییەوە دەبێت بچیتە پارکەکان، لەلایەن کەسانی بێویژدانەوە دەورە دراویت و دووبارە تووش دەبیتەوە، ئەگەر شوێنێک هەبوایە بۆ ئەوەی بچم، دەڕۆیشتم، ئێستا زۆر پێویستم بە شوێنێکی سەلامەتە، بەڵام پارەم نییە و هیچم نییە."

 

"ژنانی تەندروستیش ستەمیان لێدەکرێت، چ جای ژنێک کە بەدەست ئالوودەبوونەوە دەناڵێنێت"

ن.س، ئەندامێکی شاری سنە لە "کۆمەڵەی ماددە هۆشبەرە بێناوەکان" کە مێژوویەکی دە ساڵەی لەم کۆمەڵەیەدا هەیە و لە نزیکەوە پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە ژنان و کێشەکانیان هەبووە، گفتوگۆیەکمان کرد بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی ئالوودەبوونی ژنان.

ن.س بە ئاژانسی هەواڵەکەمان دەڵێت: "خۆم پانزە ساڵ گیرۆدەی ئالوودەبوون بووم و هەموو جۆرە ماددەیەکی هۆشبەرم بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستا نزیکەی ١١ ساڵە بە تەواوی وازمهێناوە و بەردەوام بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەم، ئەزموونی زۆرم هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی ئالوودەبوو و چاکبووەوە."

 

وتی: "سەبارەت بە ژنان دەبێت بڵێم ئەو زیانانەی بە هۆی ئالوودەبوونەوە بە ژنان دەگات زۆر زیاترە لە هی پیاوان، ژنانی تەندروست لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تووشی ستەم دەبن، چ جای ژنێک کە بە دەست ئالوودەبوونەوە دەناڵێنێت."

 

ن.س دەڵێت: "هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی ژنان گیرۆدەی ئالوودەبوون ببن، ئەو ژنانەی ناسیومن و لە نزیکەوە چاودێری ژیانیانم کرد، ژنانێکبوون کە لە نائارامترین خێزان و گەڕەکدا بوون وەک ئەوەی هیچ بژاردەیەکی تریان نەبێت و هیچ شتێکی باشتریان نەبێت بۆ ئەزموونکردن، هەندێکیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە گیرۆدەی ئالوودەبوون دەکران بۆئەوەی بێ دەسەڵات ببن و بەردەوام پێویستیان بە پیاوێک هەبێت، ڕەنگە بیستنی قورس بێت، بەڵام زۆربەی پیاوە ئالوودەبووەکان لە هەبوونی ژنێکی تەندروست دەترسن و بە زووترین کات هەوڵی توشکردنیان دەدەن، وردە وردە ئەم جۆرە پیاوانە ژنەکانیان دەفرۆشن و ئەو پارەیە بۆ دابینکردنی کەرەستەکانیان بەکاردەهێنن و زۆرێک لەو ژنانەی کە مامەڵەم لەگەڵدا کردوون لە کاتی ژیان لەگەڵ هاوسەرەکانیان ڕوویان لە لەشفرۆشی کردووە و ئەم شێوازە ژیانە بۆیان ئاسایی بووەتەوە."

 

" ژنان بەهۆی دەوروبەرییانەوە ئالوودە دەبوون "

ئەو ژنانەی بە هۆی پێوەرەکانی جوانی کە کۆمەڵگە پێناسەی کردوون خۆیان بە ناشیرین دەزانن و ئەم لاوازی و متمانە بەخۆبوونەیان پاڵیان پێوەدەنێت بۆ جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ئەو ژنانەی لە نێو قەرەباڵغی شەرمن بوون و بڕوایان بەخۆیان نەبوو، هەروەها هۆکاری دەروونی زۆر هەیە کە کۆمەڵگە بەسەر ژناندا دەسەپێنێت و کولتوور و دابونەریتی هەڵە ژنان ناچار دەکەن کارێک بکەن کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ژنانە و ڕوو لە مادەی هۆشبەر دەکەن بۆ ئەوەی لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاکەیانەوە قبوڵ بکرێن، ئەمەش ڕەنگە لە کورتخایەندا متمانەی درۆینەیان بەخۆیان پێبدات، بەڵام لە درێژخایەندا توشی ئالوودەبوون دەبن و زیانیان پێدەگەیەنێت، لە نێو هەموو ئەو حاڵەتانەی کە بینیومە، زۆرترین حاڵەتی ئالوودەبوونی ژنان پەیوەندی بەو خێزانانەوە هەیە کە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان تێیدا هەبووە و چەند ئەندامێکی خێزانەکە ئالوودە بوون یان بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون."

 

"ژن هێندە لە کۆمەڵگا دوورخراوەتەوە کە پاڵنەرێکیان نییە بۆ وازهێنان لە ئالوودەبوون"

ن.س دەڵێت، لە کۆمەڵگەی ئێران پیاوی ئالوودەبوو قبوڵدەکرێت، بەڵام ژنانی ئالوودەبوو لە خێزانەکانیان بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێن و ڕەت دەکرێنەوە، تەنانەت دوای ئەوەی دەستبەرداری ئالوودەبوون دەبن، لەلایەن خێزانەکەوە قبوڵ ناکرێن، بەڵام ڕەوتی پیاوان جیاوازە، تەنانەت لەگەڵ ئالوودەبووندا دەتوانن لەناو خێزانەکانیاندا بژین و هاوسەرگیری بکەن، دوای وازهێنانیان هەمان ڕێزی پێشوویان لێدەگیرێت، بەڵام لەگەڵ ئالوودەبووندا ژنان هەموو چانسەکانیان لەدەست دەدەن، ڕەنگە هەندێکیان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی، بەڵام ڕێژەیەکی بەرزی ژنان ئەوەندە لە ژیان ڕەت دەکرێنەوە کە هیچ پاڵنەرێکیان نییە بۆ وازهێنان لە ئالوودەبوون، تەنانەت لێرەش جیاکاری لە نێوان ژن و پیاودا هەیە."

 

هەروەها کۆمەڵەی ماددە هۆشبەرە بێناوەکان لەلایەن کەسانی چاکبووەوە بەڕێوەدەبرێت بەبێ هیچ پشتیوانییەک و لە هەر کۆبوونەوەیەکدا خەڵک تا دەتوانن لە ڕووی داراییەوە بەشداری دەکەن و پاڵپشتی کۆمەڵەکە دەکەن، بۆ ئەوەی تێچووی شوێنەکە ڕێکبخرێت و ئەوانیش بتوانن کۆبوونەوەکان ڕێکبخەن.

 

"پێویستە ژنان ئەو باوەڕە بگۆڕن کە ژنانی ئالوودەبوو هیچ ڕێگەیەکی گەڕانەوەیان نییە"

ن.س دەڵێت: "وەک ئەوانەی تووشی ئالوودەبوون بوون، هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ یارمەتیدانی ئەم ژنانە، لە قسەکردن لەگەڵیان و ڕازیکردنیان، بەڵام ڕێژەیەکی بەرزی ئەم ژنانە پاڵنەریان نییە بۆ وازهێنان و گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، دەڵێن دوای ڕۆشتن چی بکەین؟ بۆ کوێ؟ بە کام کار و کام داهات؟ کۆمەڵگا قبوڵمان دەکات؟ ئەوان بە ڕێگایەکدا ڕۆیشتوون کە ئەگەر بگەڕێنەوە، ئەوەندە زیانیان پێگەیشتووە کە ڕەنگە هەرگیز نەتوانن چاک ببنەوە، هەرچەندە لە ڕێگادا هەندێکیان دەگەڕێنەوە ژیان و دەتوانم ئاماژە بە چەند کەسێک بکەم کە ئێستا خێزانیان پێکهێناوە، بەڵام ئەم ژمارەیە زۆر کەمە بە بەراورد بەوانەی ڕێگەی دەربازبوون نادۆزنەوە، هەروەها ڕێژەیەکی بەرزیش بەداخەوە هیچ پاڵنەرێکیان نییە و کۆمەڵگەش ئەم بوێرییەی لێ سەندوونەتەوە، بەڵام ئێمە لە هەوڵدان ناوەستین، پێویستە ژنان بزانن کە مافی خۆیانە بکەونە هەڵەوە و مافی خۆیانە قەرەبووی بکەنەوە، هەرگیز درەنگ نییە بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ ژیان، دەبێت ژنان باوەڕیان بەخۆیان هەبێت."

 

"پێویستە ژیان ببەخشرێت بە ژنانی ئالوودەبوو وبرینەکانیان بۆ زیاد نەکەن"

بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: " من دەمەوێت خەڵک هۆشیاری خۆیان لەبارەی ئالوودەبوون و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئالوودەبووان بەرزبکەنەوە لەبری ئەوەی ڕەتیان بکەنەوە و وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ نەکەن، ئالوودەبوون بە نەخۆشییەک بزانن نەک تاوان و مەترسی، بە تایبەت بەرگەی ئەو ژنانە بگرن کە بریندار بوون، متمانەیان پێ بکەن دوای چاکبوونەوە و ئەگەر توانیان یارمەتیان بدەن، ئەوان لە هەموو شتێک زیاتر متمانەیان دەوێت،  تا بتوانن یارمەتیان بدەن ئەگەر نا ئازارەکانیان بۆ زیاد نەکەن."

 

"ئێمە یارمەتیان دەدەین دووباتە بگەڕێنەوە بۆ ژیان"

حکومەت لە شێوازی هاوکاریکردنی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکاندا پاڵپشتی پێویست ناکات و ئەرکی پاڵپشتیکردنی ژنانی برینداری لەبیرکردووە، بەو شتانەی کە من بینیومە نەک هەر هاوکاری ژنان ناکرت، بەڵکو سووکایەتیکردن بە کەرامەتی مرۆڤ دەکرێت، بەڵام حکومەت بەم دۆخە ڕازییە، چونکە ژن و پیاوی ئالوودەبوو و زیانلێکەوتوو بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات پێ باشترە لە پیاو و ژنە هۆشیارەکان، بەڵام ئێمەی دامەزراوە گشتییەکان، لە هەوڵدان ناوەستین، ئێمە پێمان وایە بۆ ئەوەی لە هەر خاڵێکدا کەرامەتی مرۆڤ بۆ کەسەکە بگەڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەڵەی زۆریشی کردبێت، گرنگ ئەوەیە کە درک بە هەڵەکانی بکات و هەنگاوێک بەرەو ڕزگارکردنی جەستە و ڕۆحی خۆی بنێت."