لە هەفتەی یەکەمی شەڕەکەدا ٨٦ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە
لە ماوەی حەوت ڕۆژی یەکەمی شەڕی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، لانیکەم ٨٦ کەسی مەدەنی کە دەیان ژن و منداڵیان تێدابوو، گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ- بە پێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، لانیکەم ٨٦ کەسی مەدەنی لە ئێران بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل کوژراون. لەو ژمارەیەش ٣٥ کەسیان ژن و ٢١ کەسیش منداڵ بوون. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە ٨٥%ی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگای تاران ڕوویانداوە.
زیانی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، هەمەدان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ڕوویداوە.
لەنێو ئەو منداڵانەی کوژراون، ١١ کچ و ١٠ کوڕ دەستنیشانکراون. بچووکترینیان تەمەنی تەنها ٢ مانگ بووە و گەورەترینیان تەمەنی ١٧ ساڵ بووە. لە کۆی گشتیی ئەو منداڵانەی کە کوژراون، ١٧ منداڵ لە تاران و ٤ لە ئیسفەهان کوژراون.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارانە لە لایەن دامەزراوە سەربەخۆکانەوە، کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ئاماری ڕاست و دروستی لەبارەی قوربانیانی مەدەنییەوە بڵاو نەکردۆتەوە و ڕێگەی بە میدیاکان نەدراوە ئازادانە لەو بارەوە ڕاپۆرت بدەن.
چاودێران دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی مەدەنی زیاترە لەوەی تا ئێستا ڕاگەیەندراوە.