هۆشداری لە تێکچوونی بارودۆخی ژنانی پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دەدرێت

دوابەدوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، تەڤگەری "شەمەی وەنەوشەیی" پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانی ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین کە تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیشیان نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەنێوان پەرەسەندنی قەیرانە مرۆییەکان و گرژییە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا، دۆخی نالەباری پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران کە لە ترسناکییەکانی شەڕ لە ئەفغانستان بە دوای پارێزراویین، خەریکە دەبێتە یەکێک لە پرسە هەرە زەقەکانی مافی مرۆڤ.

 

ژنە کۆچبەرە ئەفغانییەکان لە ئێران ڕووبەڕووی تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی دەبنەوە، کە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە،ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تەڤگەری "شەمەی وەنەوشەیی" ڕاگەیاندراوێک بڵاوبکاتەوە، هۆشداریی بدات سەبارەت بەو دۆخە ناهەموارەی کە ڕووبەڕووی دەیان بنەماڵەی پەنابەری ئەفغانی لە ئێران بوونەتەوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغانستان بڵاوی کردۆتەوە، ژمارەیەک لەو بنەماڵانە بە تایبەتی ئەوانەی لە تاران نیشتەجێن، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی ئێران ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ ناوچەکانی دیکە ببەن.

 

لە ڕاگەیاندراوی تەڤگەرەکەدا هاتووە، زۆرێک لە کۆچبەرانی ئەفغانستان لەوان ژنە خۆپیشاندەران، چالاکوانی مافی مرۆڤ و گرووپە لاوازەکانی دیکە، ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و ترسناک و نامرۆڤانەدا دەژین، ئەم خێزانانە کە پێشتر بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانی تاڵیبان پەنایان بۆ ئێران بردووە، ئێستا نەک هەر ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئاسایشی نوێ دەبنەوە، دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، لەوانە ئاو، خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.

 

تەڤگەری "شەمەی وەنەوشەیی" لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەیدا داوای لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە دەستبەجێ ڕوبەڕوی دۆخی کۆچبەرانی ئەفغانستان ببنەوە و ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بکەن.