“هەڵوەشاندنەوەی تمەنی تایبەت هەشت ملیۆن ئێرانی خستۆتە نێو هەژاری'”
سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی ئێران دووپاتیکردەوە، جێبەجێکردنی کەموکوڕی سیاسەتی هەڵوەشاندنەوەی تمەنی تایبەت، هەشت میلیۆن هاوڵاتیی خستۆتە نێو هەژاریی توندەوە، هۆشداریی لە دەرئەنجامەکانی دا کە چینی فراوانی کرێکار لە ڕیزبەندی سوودمەندان دووردەخاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێژەی هەژاری لە ئێراندا ئاڵەنگاریەکی گرینگی ئابووری و کۆمەڵایەتی دروست دەکات، لە کاتێکدا قەیرانی تێچووی ژیان، هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی، ملیۆنان هاوڵاتی بەرەو هێڵی هەژاری دەبات، هەروەها سیاسەتەکانی حکومەت سەلماندوویانە کە بێکاریگەرن لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و پاراستنی لاوازترین گروپەکان.
سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی لە جێبەجێکردنی سیاسەتی نەهێشتنی نرخی ئاڵوگۆڕی ٢٨ هەزار و ٥٠ تمەن گرت و جەختی لەوە کردەوە، کە جێبەجێکردنی کەموکوڕییەکەی نزیکەی هەشت ملیۆن کەسی خستۆتە ناو هەژارییەکی زۆر و بەدخۆراکییەوە، لە کاتێکدا تا ٥٠ ملیۆن کەس تێکۆشان دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و خۆراک.
سەرۆکی لیژنەکە ڕایگەیاندووە، ئەگەر نرخەکان بەتایبەتی بۆ کاڵا سەرەکییەکان بەپێی ئەو سیناریۆیەی پەرلەمان پەسەندی کردووە ئازاد بکرایە، کاڵا پاڵپشتییەکان گەیشتبایە بەکارهێنەرانی کۆتایی، کاریگەرییەکانی لەسەر بڵاوبوونەوەی بەدخۆراکی ئەوەندە توند نەدەبوو، شێوازی جێبەجێکردنی ئێستاش پڕە لە کەموکوڕی.
سەرۆکی لیژنەکە هۆشداری دا، لە دەرئەنجامەکانی گۆڕینی سیستمی زەکات و دەرکردنی هەندێک توێژ لە لیستی سودمەندانی پاڵپشتی حکومەت و وتی: ئەو بڕیارانە دەتوانن ئەو کرێکارانە بێبەش بکەن کە داهاتی مانگانەیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ملیۆن تمەنە و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان، لە وەرگرتنی پاڵپشتی.
سەرنجی بۆ خراپبوونی تێچووی ژیان ڕاکێشا و ڕوونیکردەوە، کە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خێزانێکی چوار کەسی پێویستی بە داهاتی مانگانەی لانیکەم ١٠٠ ملیۆن تمەن هەیە، ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە خێزانەکانی چینی کرێکار و کەمداهاتەکان لەگەڵ زیادبوونی بەرچاوی تێچووی خانووبەرە و خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ململانێدان.
هەروەها ڕەخنەی لە سیستەمی ئەلیکترۆنی پارەدانی پسوڵەکان گرت و ڕایگەیاند، کە پشتگیری حکومەت تەنها بە پارەدانی نەختینە سنووردار نییە، ئامانجی بڕیارنامەکەی پەرلەمان دابینکردنی کەلوپەلی سەرەکییە بۆ بەکارهێنەران و دابینکردنی پێداویستیی خۆراکی خێزانەکان، هەروەها لیژنەی کۆمەڵایەتی پەرلەمان هەوڵدەدات چاکسازی لەم سیستەمەدا بکات و بگەڕێتەوە بۆ میکانیزمێک کە لە ڕێگەیەوە پشتیوانی بۆ زنجیرەی دابینکردنی کۆتایی تەرخان بکرێت.
قسەکانی سەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی ناکۆکییەکی ئاشکرای نێوان پەرلەمان و حکومەت دەردەخات سەبارەت بە دابەشکردنی یارمەتییەکان، لەکاتێکدا هاوڵاتیان قورسایی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان و زیادبوونی سەختی دەستکەوتنی خۆراکی ڕۆژانەیان لە ئەستۆ دەگرن.