پەیمانگای ”تشاتام هاوس” خەڵاتی ساڵانەی ساڵی ٢٠٢٦ی خۆی بە ژنانی ئەفغانستان بەخشی

دامەزراوەی تشاتام هاوسی بەریتانیا خەڵاتی ساڵانەی ٢٠٢٦ی خۆی لە لەندەن پێشکەشی ژنانی ئەفغانستان کرد، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئازایەتی و بەرخۆدانی بەکۆمەڵیان لە بەرامبەر ستەم و هەڵاواردنی سیستماتیک.

ناوەندی هەواڵ

 

خەڵاتی تشاتام هاوس کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەس، گروپێک، یان ڕێکخراوانەی کە بە وتەی ئەندامانی پەیمانگاکە بەشدارییەکی ناوازەیان کردووە لە باشترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕووی مێژووییەوە دیارترین وەرگرەکانی بریتین لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکانی وەک پزیشکانی بێ سنوور و لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان.

 

ڕێکخراوی بیرکردنەوەی بەریتانی تشاتام هاوس لە ڕێوڕەسمێکدا، کە لە لەندەن بەڕێوەچوو، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٦ی خۆی بە ژنانی ئەفغانستان بەخشی، کاپتن ئیلهە سەفداری گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئەفغانستان بەناوی ئەوانەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.

 

ئەم دانپێدانانە دان بە ئازایەتی نائاسایی ژنانی ئەفغانستان و بەرخۆدانی بەکۆمەڵیان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ستەم و هەڵاواردنی سیستماتیک و خەباتی بەردەوامیان بۆ پاراستنی ماف و داهاتووی ژنان لە ئەفغانستاندا دەنێت.

 

"سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانە، ژنان لە ئەفغانستان خۆیان ڕادەست نەکردووە"

لە چالاکییەکەدا، کەسایەتییە دیارەکانی سیاسی و مافی مرۆڤ، لەوان ترێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و سەرۆکی ئێستای پەیمانگاکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی پێشەنگی ئەفغانی وەک فەوزیە کوفی، شەهرزاد ئەکبەر، زەهرا جۆیا، بنافشا یەعقوبی ئامادەبوون.

 

لە ڕاگەیاندراور فەرمییەکەیدا، پەیمانگاکە دووپاتیکردەوە، کە سەرەڕای قەدەغەکردنی گشتگیر کە بەسەر خوێندن و دامەزراندن و بەشداریکردنی کۆمەڵگەدا سەپێنراوە، ژنان لە ئەفغانستان خۆیان ڕادەست نەکردووە، بەڵکو بە شێوازی داهێنەرانە لە بەرخۆدانیان درێژەیان پێداوە، لەوانە ڕێکخستنی ڕێپێوانی مەدەنی، دامەزراندنی چینی پەروەردەیی جێگرەوە و نافەرمی، چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بونیادنانی تۆڕی هاوپشتی و پشتیوانیی یەکتر.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە خۆڕاگری ژنانی ئەفغانستان بۆتە ئاماژەی خۆڕاگری و ئیرادە بۆ گەیشتن بە یەکسانی و ڕەخساندنی دەرفەتی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.