"وەک کەسێک لە هەرێمی دەریای ڕەش پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەم"

ئۆزدەن ئونال، خەڵکی هەرێمی دەریای ڕەش، پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژەکانی برایەتیی نێوان گەلی کورد و تورک دەربڕی و جەختی لەسەر پێکەوەگرێدانی کۆمەڵگا کردەوە. ئەویش ئاماژەی بەوە کرد کە بە شکاندنی پێشداوەرییەکان، ژیانێکی نوێ بنیاد دەنێن.

ئارژین دیلەك ئۆنجەل

 

ئامەد- پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی زیاتر لە ٥٠ ساڵ و بنیادنانەوەی کۆمارێکی دیموکراتیک دەستی پێکردووە، گەیشتووەتە قۆناغێکی دیاریکراو. بێگومان، گرنگترین هۆکار بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتن و بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە، «کۆمەڵایەتی‌کردنی ئاشتی»یە.

 

بۆ ئەوەی ئاشتی لە پرۆسەیەکی گفتوگۆ یان ڕێککەوتنێکی تەنها لەنێوان هێزە سیاسییەکانەوە بگۆڕێت بۆ شێوەیەکی بەردەوام، پێویستە کۆمەڵگا لە سەرەتاوە ئاشتی بنیاد بنێت. دامەزراوە دیموکراتییەکان، پارتە سیاسییەکان و بزووتنەوەی ژنان، لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ەوە، بە دیدگایەک کار دەکەن کە کۆمەڵگا وەک بابەتی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە دەبینێت.

 

وەک کەسێک لە هەرێمی دەریای ڕەش، پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەم

ئۆزدەن ئونال ڕایگەیاند کە وەک کەسێک خەڵکی هەرێمی دەریای ڕەشە، پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک دەکات.

ئۆزدەن ئونال، کە هاوسەرگیری کردووە و لە مێردین نیشتەجێیە، بەهۆی پڕۆژەکانی بۆ خوشک و برایەتی گەلان، لە ناو فۆڕمی نێودەوڵەتیی پەرەپێدانی گەنجان ــ دامەزراوەی بنیادنان و بەهێزکردنی ئاشتی (IYDEF-PEF)، وەک «باڵیۆزی نێودەوڵەتیی ئاشتی» دیاریکراوە.

 

ئۆزدەن ئونال، کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی یەکێتیی ژن و خێزانی فیدراسیۆنی هاوپەیوەندیی کۆمەڵایەتیی مێردینە، وتی:

من خەڵکی ئۆردووم، واتە خەڵکی هەرێمی دەریای ڕەش، بەڵام ٢٤ ساڵە لە مێردین دەژیم. لە بواری کۆمەڵگای مەدەنی، بە ناوی برایەتیی نێوان گەلانەوە بەشداری لە چالاکییە زۆرەکاندا کردووە. ئێمە کۆمەڵەی برایەتیی مێردین ـ دەریای ڕەشمان دامەزراند. فێستیڤاڵمان ڕێکخست؛ لە مێردینەوە چووین بۆ ترابزۆن و لەوێ فێستیڤاڵی بولگورمان ڕێکخست. بە هەمان شێوە، خەڵکی ترابزۆن هاتنە مێردین و فێستیڤاڵی ئانسووییمان ڕێکخست. بە کورتی، بە ناوی برایەتییەوە چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆرمان هەبوو. ئامانج ئەوە بوو هەردوو گەلەکە لە یەکتر نزیک بکەینەوە. لە ڕاستیدا، ساڵانێک پێش ئێستا یەکەم هەنگاومان بەرەو پرۆسەی ئاشتی نا.

لە نێوان گەلاندا پردمان دروست کرد

ئۆزدەن ئونال ئاماژەی بەوە کرد کە پێش دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، لە ڕێگەی چەندین پڕۆژەوە هەوڵیان داوە پردی برایەتی لە نێوان گەلاندا دروست بکەن و وتی: لە نێوان گەلاندا پردمان دروست کرد.

 

ئۆزدەن ئونال باسی ڕۆڵی ژنانی لە پرۆسەکانی ئاشتی کرد و وتی:

ژنان ئەندازیارانی ئاشتیین؛ چونکە ژنان ژیان دروست دەکەن و بەردەوامی پێ دەدەن. لەم ڕووەوە، ئاشتی و ژن دوو توخمەن کە یەکتری تەواو دەکەن.

 

ئۆزدەن ئونال داواکاریی خۆی بۆ بنیادنانەوەی ژیانێکی باشتر و دادپەروەرانەی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە بە شکاندنی پێشداوەرییەکان، شتێکی نوێ بنیاد دەنێن و وتی: ئەگەر باسی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی دەکەین، پێویستە هەموومان پێکەوە کار بکەین، بۆ ئەوەی ئاشتی لە هەموو شوێنێک کۆمەڵایەتی بکەین؛ لە بەڕێوەبەرایەتییە ناوخۆییەکانەوە تا دامەزراوە گشتییەکان. هەنگاوی تاکەکەسی بەس نییە؛ پێویستە لە هەموو بوارەکاندا هەنگاوی کۆمەڵایەتی بنرێت. هەموو کەسێک، لە بەڕێوەبەرایەتییە ناوخۆییەکانەوە تا دامەزراوە گشتییەکان و لە دامەزراوە گشتییەکانەوە تا کۆمەڵگای مەدەنی، دەبێت ئەم پرۆسەیەی ئاشتی باوەش بکات. ئێمە پێشداوەرییەکان دەشکێنین. هەموو شتێک بە شکاندنی پێشداوەرییەکان دەست پێ دەکات. دەزانین شکاندنی پێشداوەرییەکان لە لەتکردنی ئەتۆمیش سەختترە، بەڵام هەرچی ڕووبدات، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە هەوڵ دەدەین.

 

پێویستە پرۆسەکە بەرەو پێش ببەین

ئۆزدەن ئونال بانگەوازی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کرد کە پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگای کورد و تورکدا ئازار و لەدەستدانی گیانی نوێ دووبارە ڕوونەداتەوە و وتی: ئێمە دەمانەوێت خوێنڕشتن بوەستێت و دایکانی تر ئازار نەچێژن. دەمانەوێت ئەو پارەیەی بۆ شەڕ خەرج دەکرێت، بۆ کار، گەنجان و دابینکردنی هەلی کار خەرج بکرێت. ئەگەر ئەو پارە زۆرەی کە بۆ ماوەی ئەوەندە ساڵ بۆ شەڕ خەرج کراوە، بۆ ناوچەکانمان تەرخان بکرایە، تورکیا دەبوو بە هێزێکی زلهێز. لانیکەم ئازارەکانمان بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە نامێنن. بەڵام ئێستا پێویستە پرۆسەکە بەرەو پێش ببەین.

 

ئۆزدەن ئونال ئاماژەی بەوە کرد کە هێزگەلێک هەن کە دەیانەوێت پرۆسەکانی شەڕ و پێکدادان بەردەوام بن، بەڵام ئەوان لەسەر ئاشتی سوور دەبن وتی: کۆمەڵێک هەن کە دەیانەوێت شەڕ بەردەوام بێت، چونکە سوود لێی وەردەگرن. بێگومان، ئەوان بە ئاسانی واز لەو دەسەڵاتە ناهێنن، بەڵام ئێمە تا کۆتایی خۆڕاگری دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تورکیا لە بارودۆخێکدایە کە گرنگیی جیۆپۆلەتیکیی زۆر گەورەی هەیە. ئێمە وڵاتێکین کە ئاسیا و ئەورووپا بە یەکترەوە دەبەستێتەوە. پرۆسەی ئاشتی و ئەو هەنگاوانەی لێرە بۆ ئاشتی دەنرێن، بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی تر دەبێت. هەروەها، وەستاندنی پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تری ئەفریقا، بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر تورکیا دەبێت. پردی سیاسی لە نێوان وڵاتان، یەکگرتوویی کولتووری و ڕێگاکانی ئاشتی دەتوانن پێکەوە بنیاد بنرێن.

 

خەبات بۆ ئازادکردنی ژنان بەردەوامە

ئۆزدەن ئونال ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکاندا چالاکتر بن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی زیاتر. بەبێ ژنان ئاشتی بوونی نییە. پێویستە ژنان لە پێشەوە بن. لێرەدا لە بواری سیاسییەوە کارێکی زۆر هەیە کە دەبێت بکرێت. پێویستە سیستەمی کۆتا جێبەجێ بکرێت. پێویستە نوێنەرایەتیی یەکسان لە هەموو پارتەکاندا جێبەجێ بکرێت. پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشداریی زیاتر بکەن. ژنان دەبێت لە ژیانی کولتووری، ئابووری و بازرگانیدا بەشدارییان هەبێت. لەم ڕووەوە، خەبات بۆ ئازادکردنی ژنان بەردەوامە. پێویستە هەر ئەو بوارانەی ژنان تێیاندا بەهێزن بپارێزین. باوەڕمان وایە بە یەکگرتوویی ژنان، ئاشتی بە خێراتر لە وڵاتدا بڵاو دەبێتەوە. بە واتایەکی تر، هەرچەندە ژنان لە کۆمەڵگادا بەهێزتر بن، کۆمەڵگاش هێندە بەهێزتر دەبێت.