هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی سەرجەم ئارایشتگاکانی ژنان بە فەرمانی تاڵیبان

دوابەدوای زیادبوونی سنووردارکردنی تاڵیبان بۆ سەر ژنانی ئەفغانستان بەمەبەستی ئەوەی لە ماڵەوە بمێننەوە، گرووپی بناژۆخوازی تاڵیبان فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی سەرجەم ئارایشتگاکانی ژنانی لە وڵاتدا دەرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

٢ی تەمموز، وەزارەتی فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپەی تاڵیبان نامەیەکی لە میدیاکانی ئەفغانستان بڵاوکردەوە، کە واژۆی هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری توندڕەوی تاڵیبانی لەسەرە و بۆ هەموو ئارایشتگاکانی ژنان نێردراوە، تیایدا وادەی دیاری کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم مۆڵەت و گرێبەستی ئارایشتگای ژنان.

 

ئیدارەی تاڵیبان داوای لە شارەوانی پارێزگای کابول کردووە ئەم نامەیە لە ٣٤ ناوچەی ئەو وڵاتە بڵاو بکاتەوە و دڵنیابێت لە جێبەجێکردنی.

 

دوای ئەوەی تاڵیبان لە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەرەوە دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، کۆت و بەندی جۆراوجۆر بەسەر ژناندا سەپێنراوە و دوای داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان و دەرکردنی کارمەندی ژن لە سەرجەم فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان، زۆربەی ژنان ڕوویان لە ئارایشت و بەرگدروو کردووە بۆ پاڵپشتیکردن، بەڵام تاڵیبان ئەم هیوایەی لێ سەندنەوە.