چالاکوانێک خەڵاتی "توێژەری چالاک"ی IAGS بۆ ساڵی ٢٠٢٥ی بەدەستهێنا

شادی سەدر، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، خەڵاتی "توێژەری چالاک"ی لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی توێژەرانی جینۆساید "IAGS"وەرگرتووە وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

شادی سەدر، ، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ دووپاتی کردەوە، کە لیژنەکە هەڵبژاردنی ئەوی وەک دانپێدانانێک بە گرنگی گواستنەوەی ژنانی چالاکوانی یاسایی بۆ بواری ئەکادیمی بینیوە، چونکە زیاتر باو و ئاساییە کە ئەکادیمیستەکان بەدواداچوون بۆ چالاکی بکەن، نەک بە پێچەوانەوە.

 

کۆمەڵەی نێودەوڵەتی توێژەرانی جینۆساید "IAGS"خەڵاتی ساڵانەی "توێژەری چالاک"ی خۆی بەخشییە شادی سەدر، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە ناوازەکانی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان.

 

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕەسمی، شادی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس "پێشتر بە تویتەر ناسرابوو" ڕاگەیاندراوێکی کۆمەڵەکەی بڵاوکردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو شەرەفە دەربڕی و وەرگرتنی خەڵاتەکەی بە "پێویستیەکی گەورە" پێناسەکرد.

 

شاجی سەدر لە لێدوانێکدا، لەسەر بڕیارەکەی دەستەی سوێندخواردن ڕوونیکردەوە، کە لیژنەکە هەڵبژاردنی ئەوی وەک دانپێدانانێک بە گرنگی گواستنەوەی ژنانی چالاکوانی یاسایی بۆ بواری ئەکادیمی سەیرکردووە و بە "پێشکەوتنێکی ئەرێنی و نائاسایی" پێناسەیکردووە، وەوتیشی: زیاتر باو و ئاساییە کە ئەکادیمیەکان بەدوای چالاکییدا بگەڕێن، نەک بە پێچەوانەوە.

 

خەڵاتی "توێژەری چالاک" ساڵانە لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتی توێژەرانی جینۆساید "IAGS"وە پێشکەش دەکرێت بۆ ڕێزلێنان لەو توێژەرانەی کە کاری ئەکادیمی لەگەڵ کاری مەیدانی لە بوارەکانی ڕێگریکردن لە جینۆساید و بەدەستهێنانی دادپەروەری و داکۆکیکردن لە قوربانیانی توندوتیژی سیاسی و پێکهاتەیی تێکەڵ دەکەن.

 

ڕاگەیاندنی ڕەسمی کۆمەڵەکە ڕوونی دەکاتەوە، کە براوەی ئەم خەڵاتە ئەوانەن کە بە سەرکەوتووی توێژینەوەی ئەکادیمی توندیان لەگەڵ کاری کردەیی تێکەڵ کردووە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و ڕێگریکردن لە جینۆساید، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێزانینێکی قووڵە بۆ ئەو ڕۆڵە دووانەیەی ئەم توێژەرانە لە بەرهەمهێنانی زانیاری و هاندانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا دەیگێڕن.

 

شادی سەدر، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤی ئێرانی، لە ساڵی ١٩٧٤ لە تاران لە دایکبووە، یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی داکۆکی لە مافەکانی ژنان لە ئێران و ژیانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی دژی ژنان تەرخان کردووە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی تاران و پێش ئەوەی ڕوو لە کاری یاسایی و مافی مرۆڤ بکات، دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە.

 

شادی سەدر چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی نێودەوڵەتی ژنانی بوێر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠ و خەڵاتی ئایدا بی وێڵز بۆ ڕۆژنامەگەریی بوێر لە ڕۆژنامەی ئینیوزی ژنان، هەروەها وەک یەکێک لە ١٠٠ ژنە کاریگەرەکانی بی بی سی دەستنیشانکرا.

 

شایانی باسە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی توێژەرانی جینۆساید "IAGS" ڕێکخراوێکی ئەکادیمی سەربەخۆیە و لە ساڵی ١٩٩٤ دامەزراوە، پێکهاتووە لە توێژەران، چالاکوانان، هونەرمەندان و داڕێژەرانی سیاسەت کە تایبەتن بە لێکۆڵینەوە و ڕێگریکردن لە جینۆساید، هەروەها پشتیوانیکردنی قوربانییەکانی و بەرەوپێشبردنی دادپەروەری گوازراوە.