بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکیادا گیانی لەدەستدا

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕایگەیاند کەرەم ئەحمەد، بەڕێوبەری ئەنجومەنی کۆمەڵەکە، لە هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئەو کاروانەی بەرەو بەنداوی تشرین دەڕۆیشتن گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ئاماژەی بەوەکردووە، کەرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵەکە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێلی گشتی گیانی لەدەستداوە کە بەڕێوەبوو بەرەو بەنداوی تشرین.

 

هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە بەمەبەستی پاراستنی بەنداوی تشرین و نیشاندانی دژایەتی بۆ شەڕەکە، هەزاران کەس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە پێشتر سەردانی بەنداوی تشرینیان کردووە، بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێلی مەدەنی و لە ئەنجامدا زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی بریندار بوون و هەندێکیشیان شەهید بوون، ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکیا نیشانەی دڕندەیی و نیازی گڵاوی دەوڵەتی تورکیایە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کراوەو بە "کردەوەی تیرۆریستی ترسنۆکانە" پێناسە کراوە، ئاماژە بەوەکراوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی دژی ئەو ژنانەی کە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی دەکەن.

 

لە کۆتاییدا بانگەوازێک ئاراستەی هەموو ژنانی ئازادیخواز کرا و تیایدا باس لەوە کرا کە شەهیدبوونی کەرەم بانگەوازێکە بۆ ئەوەی هەموو ژنان دەنگیان لە دژی ستەم بەرز بکەنەوە و بە هەموو جیهان بڵێن کە ڕادەست نابن.