لە میسر کۆمەڵەیەک کار بۆ بەهێزکردن و پشتیوانی کردنی ژنان دەکات

پارێزگای ئەسکەندەرییە سروشتێکی تایبەتی هەیە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەکانی ژنان و دەستپێشخەرییە گەنجەکان بە توانای تەواوەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە کار دەکەن.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- کۆمەڵە مەدەنییەکان بەیەکێک لە ئامڕازە گرنگەکان دادەنرێت بۆ کاری مەدەنی، بەو پێیەی بە شێوەیەکی بەرفراوان مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن و لەڕێگەی کۆمەڵێک چالاکییەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و گەشەپێدان

کار دەکەن.

 

عەلا سەمیر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی "الرواد" ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا کار لەناو کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن هەوڵ دەدەن بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان لەو ناوچەیەدا.

 

گرنگترین بوارەکانی کارکردنی کۆمەڵەی 'الرواد' کەیەکێکە لە کۆمەڵە کاریگەرەکانی پارێزگای ئەسکەندەرییە چین؟

عەلا سەمیر ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵی ١٩٩٥ەوە لە پارێزگای ئەسکەندەرییە کار دەکەن، بەهەرەوەزی کاریان کردووە، دواتر چوونە قۆناغێکی نوێی کارکردنەوە، لە ئێستادا ئامانجیان بەهێزکردن و گواستنەوەیە لەڕێبازێکی خێرخوازیەوە بۆڕێبازێکی فێمینیست و مافی مرۆڤ، وتی: دەستمان کردووە بە کارکردن لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژە لەگەڵ دامەزراوە و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی ژنان.

 

ڕوونیکردەوە، لەڕێگەی پڕۆژەکانیانەوە هەوڵدەدەن هۆشیاری کۆمەڵگە لەو ڕاستییە بەرز بکەنەوە کە مافەکانی ژنان بەشێکی سروشتی مافەکانی مرۆڤن گرنگی بە پرسی یەکگرتن دەدەن، بەو پێیەی فرەچەشنی کولتووری هەیە کە لە ئەنجامی ئەوجەنگانەی لەم ماوەیە دروستبوون لە سووریا، سودان، فەلەستین، یەمەن و وڵاتانی دیکەوە هاوڵاتیان دەچنە میسر، بۆیە بە ئەرکی خۆیانی دەزانێت کار بکەن بۆ ئەوەی ئەو فرە فکرییە بکەنە یەک و هۆشیاری بڵاوبکەنەو تا بتوانن هەمووان پێکەوە بژین.

 

زۆرترین گرنگیت بە پرسی ژنان دا، لەڕێگەی بەرنامەکەتەوە چیت پێشکەش کرد؟

عەلا سەمیر وتی: کارمان لەسەر پرسی بەهێزکردنی یاسا بۆ ژنان کرد ئەمەش بە دوو هەوڵ، یەکەمیان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان بوو لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان پێوە هەیە، دووەمیان دابینکردنی پشتیوانی یاسایی بوو بۆیان وەکو پارێزەر.

 

جگە لەوە وۆرکشۆپێکمان لەناو کۆمەڵەکەدا کردەوە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ ئەو ژنانە بڕەخسێنین کە ئارەزووی خاوەندارێتی کاری دەستی سادە دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بوارێکی تر دەستەبەر بکەن کە داهاتیان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بارودۆخی ئابووری سەخت نەبنەوە، کۆمەڵێک بواری کارکردن هەن کە ژنان تێیدا پەروەردەیان پێدەکرا، وەک ڕیزکردن و ئامادەکردنی سەوزەواتەکان بۆ ئەوەی دووبارە بیفرۆشنەوە، هەروەها کارەکانی دیکە کەیارمەتی ژنانیان داوە لە بەهێزکردنی ئابووریدا.

 

کۆمەڵێک بابەتی هەستیار هەن، لەوانە بەهێزکردنی سیاسی ژنان، هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا، و خەتەنەکردن، چیتان کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئەم کارانە؟

عەلا سەمیر ئاماژەی بەوەکرد، کار لەسەر پرس و کێشە و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ژنان دەکەن، هەروەها کار لەسەر ئەو هۆکارانە دەکەن کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، وتی: هاوبەشیمان لەگەڵ دامەزراوەی ژنانی نوێ هەبوو سەبارەت بە بەهێزکردنی سیاسی و هۆشیاری لە گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا، هەروەها لەگەڵ ژنانی کرێکار و سەندیکاکان کارمان کرد بە مەبەستی چالاک کردنی یاسای کار و گفتوگۆکردن لەسەر گرنگترین بڕگەکانی و ئاشناکردنیان بە ماف و ئەرکەکانیان و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی کە لەوانەیە لە ژینگەی کاردا ڕووبەڕووی ببنەوە، جگە لەوە گرنگییەکی زۆرمان بە پرسی توندوتیژی دا و لەگەڵ گروپە جیاوازەکاندا کارمان کرد بۆ دەستەبەرکردنی دۆخێکی باشتر بۆ ژنان کە تێیدا مافەکانیان دانیپێدابندرێت.

 

کۆمەڵەکە لە کاری خێرخوازیەوە گواسترایەوە بۆ کاری مافی فێمینیست، ئەو ئاڵۆزی و ڕێگریانە چین کەڕووبەڕووی کارەکانتان بوونەتەوە؟

لە کۆتاییدا عەلا سەمیر وتی: ئەسکەندەرییە وەک پارێزگاکانی دیکە کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەم ئەو کەسانەدا دادەنێت کەکار لەسەر پرسی ژنان دەکەن، ژنان نەک تەنها لە گوندەکان بەڵکو لە شارەکانیشدا ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و کار بکەن، بۆیە کارکردنی کۆمەڵەی مەدەنی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە بۆ مافەکانی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا، کۆمەڵێک ژن هەن خێزانەکانیان ڕێگریان لێدەکەن لەوەی پەیوەندی بە کۆمەڵەی مەدەنییەوە بکەن، تەنانەت هەندێک کات خێزانەکانیان هەڕەشەیان لێدەکەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنیان لەسەر دروست دەکات تا ئەو ئاستەی دووربکەونەوە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.