"یاسای دامەزراندنی کەسانی خاوەن پێداویستی جێبەجێ ناکرێت"

بەپێی یاسا ڕێژەی لە ٪٥ی هەر دامودەزگایەک بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دیاری کرا تا هەلی دامەزراندنیان هەبێت، خاوەن پێداویستییەکی تایبەتیش دەڵێت: تا ئێستا یاساکە جێبەجێ نەکراوە، هەلی دامەزراندنمان نییە و کارمان پێنادەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە خولی پێنجی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠١٨دا هەمواری یاسایی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە، تیایدا گرنگی درا بە مافە سەرەتاییەکانیان وەک پێدانی مووچەکانیان، هەلی کار و دامەزراندنی دەرچووانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەپێی یاسا لە پەرلەماندا ڕێژەی لە ٪٥ بۆ کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەت دیاری کراوە، تا لە داموودەزگا حکومییەکاندا هەلی دامەزراندنیان هەبێت، سەرەڕای هەبوونی یاسەکە ئەو مافەیان بۆ دەستەبەر نەکراوە تا بتوانن لە دامەزراوە حکومی و ئەهلیەکاندا پەرە بە تواناکانایان بدەن، دەرچووانی زانکۆ کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، گلەی دەکەن لە نەبوونی هەلی دامەزراندن بۆیان بەپێی ئەو یاسایەی بۆیان داندراوە.

 

بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، باس لەوەدەکات، سەرەڕای هەبوونی یاسای دامەزراندنی لە ٪٥ی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە دامەرزاوە حکومیەکاندا، بەڵام لەلایەن کار بەدەستان و دامەزراوەکانەوە کاری پێناکرێت، دەشڵێت: نەک تەنها جێبە‌جێ نەکردنی یاساکە بەڵکو دروست نەکردن و نەبوونی بەشێک لە پێداویستانی کەسانی خاوەن پێداویستی لە دامەزراوەکاندا بۆتە کێشەی سەردانی کردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەوە مافێکی سەرەکی خۆیانە کە لە یاسایی پەرلەماندا کارا کراوە و کاری پێ بکرێت.

 

"پێویستە ڕێکاری یاسایی بگیرێتە بەر بۆ دامەزراندنیان"

بەدریە ئیسماعیل، باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەندەی یاسا جێبە‌جێ ناکرێت، ئەوەندە بۆشایی یاسایی بەدی ناکرێت، زۆریک لە جومگەکانی ژیان هەموار کراوەتەوە بەڵام کاری پێناکرێت و یاساکان پێشێل دەکرێت، "کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت چینێکی مافخوراو و پێشێلکراون، تەنانەت مافە یاسایەکانی خۆیان کە پێدانی مووچەیە لێیان زەوت دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تا ڕۆڵیان هەبێت لە دەستەبەرکردنی مافەکانیاندا.

 

بەدریە ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای تەواو بوونی خولی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و ناجێگیری بارودۆخی سیاسیی و هەرێمی کوردستان، بە چەند فەرمانێکی هەرێمی لە سێ بەرواری جیاوازدا بڕیاردرا هەڵبژاردنی هەرێمی ئەنجام برێت، بەڵام بە چەند هۆکارێک لە چەند بەروارێکی جیاوازدا دواخران، لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەگەر پەرلەمان کارا بوایە، ئەندامی نوێنەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەیانتوانی سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن، لە پەرلەماندا یاداشتەکان و سکاڵاکانیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی بکردایە و پاشان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدار و وەزارەتی مەعنی دەکرد، هەروەها دەتوانن بە ڕێکاری یاسایی پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە بکەن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.

 

"بڕوانامەی زانکۆم هەیە، بەڵام بەهۆی خاوەن پێداویستیمەوە کارم پێنادرێت"

دەشتی جەلال، دەرچووی بەشی کۆمەڵناسی زانکۆیە، وەک کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت باس لەوە دەکات، نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن گرفتی بۆ کەسانیی خاوەن پێداویستی تایبەت دروستکردووە، لە دامەزراوە حکومیی و ئەهلیەکاندا هەلی کاریان پێ نادەن، لە کاتێکدا بەشێکی زۆر لە کەسانی خاوەن پێداویستی توانای جەستەی و فکرییان هەیە بۆ کارکردن، من سەرەڕای ئەوەی دەرچووی زانکۆم، بەڵام نەمتوانیوە لە بوارەکەی خۆمدا لە دامەرزاوەی حکومی یان ئەهلیدا کار بکەم، سەرەتایی خوێندنم تا تەواوبونی زانکۆم ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و قورسایی بوومەتەوە، ماوەی ٧ ساڵە بڕوانامەی زانکۆم بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ شوێنێکی حکومی و ئەهلی هەلی کاریان پێنەداوم، تا تواناکانی خۆمی تیادا دەربخەم، هەروەها چەندین دەرچووی دیکەی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەرچووی زانکۆن و هەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە.

 

هەروەها وتی: ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەر هەلی کارمان بۆ بڕەخسێت و ڕێگری نەکرێین، دەتوانین وەک کاسانیی ئاسایی کارەکانمان ئەنجام بدەین و خزمەت بە کۆمەڵگەکەشمان بکەین، دەرچوویەکی زۆری خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە، کە هەلی دامەزراندنیان بۆ دابین نەکراوە، بەهۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتین بۆ هەر جێگایەک بچین پێمان دەڵێن ئێوە خاوەن پێداویستی تایبەتن ناتوانن جێگاتان بکەینەوە، سەردانی چەندین شوێنم کردووە بۆ کارکردن پێمان دەڵێن چونکە نابینان و خاوەن پێداویستیی تایبەتن ناتوانن کارەکانتان بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە چەندین خاوەن پێداویستیمان هەیە کار دەکەن و زۆر لە کەسانی ئاسایی بەهرەمەندترن و توانای کارکردنیان هەیە.

 

دەشتی جەلال، ئاماژەی بەوەکرد، بەدوای کاردا دەگەڕێت سەردانی چەندین قوتابخانەی کردووە بۆ پێدانی هەلی کار وەک توێژەرێک، تا بتوانێت خزمەت بە منداڵان و کۆمەڵگە بکات، بەڵام باوەڕیان بە تواناکانی نەبوو و وەریان نەدەگرت بە هۆکاری ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، وتیشی: بە یاسا بڕیاری لە ٪٥ هەلی دامەزراندنمان هەیە لە فەرمانگە حکومیەکاندا، بەڵام تا ئێستا کاری پێنەکراوە لەکاتێکدا خاوەن پێداویستیەکان کە دەرچووی زانکۆن ڕێژەیان ئەوەندە زۆر نیە کە نەتوانن دامەزراندنمان بۆ بکەن، کاتێک دەمانەوێت ڕێکاری یاسایی بگرینەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆمان و داوای بڕێکی کەم لە دامەزراندن دەکەین، پێمان دەڵێن دامەزراندن بۆ کەسی ئاسایی نیە جا بگات بە خاوەن پێداویستی تایبەت، چەند جارێک لە ڕێگەی ڕێکخراوی ڕۆشنایەوە هەوڵمان بۆ دراوە دەرچووانی زانکۆکان لە دامەزراوەیەکدا کار بکەن، بەڵام هەموو کاتیک بە نائومێدی دەماننێرنەوە و کار بەو یاسایە ناکرێت کە بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت داندراوە.

 

دەشتی جەلال لە کۆتاییدا دەڵێت: داواکاری هەموو خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆکان کە خاوەن پێداویستی تایبەتن ئەوەیە کارمان بۆ بکەن و بەپێی یاسا هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکرێت، یاسای خاوەن پێداویستی تایبەتمان بۆ جێبەجێ بکەن کە لە ٪٥ مافی دامەزراندنمان هەیە، زۆربەی دەرچووانمان لە ماڵەوە دانیشتوون داواکارین یاساکەمان جێبەجێ بکەن تا بتوانین ببینە خاوەن کاری خۆمان.