"ژنان زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆن"

شەهلا مەحمود، عەمید لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، دەڵێت: ئەو باجانەی کە لە شۆفێری وەردەگیرێن، دەبێت لە خزمەتگوزاری و نوێکردنەوەی شەقامەکان خەرج بکرێتەوە و زیاتر گرنگی بە ڕێگاوبانەکان بدرێن.

نیهایەت ئەحمەد
 

سلێمانی- زیاد بوونی جەنجاڵی و پاڵەپەستۆی زۆر لەسەر شەقامەکانی ناو شار و ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەری ئۆتۆمبێل، هەروەها خراپی کوالێتی کەرەسەکانی شەقامەکان، هۆشار نەبووی کۆمەڵگە لەکاری شۆفێریدا و پابەند نەبوون بە ڕینماییەکانی هاتوچۆ، کەمی خزمەت گوزاری بە شەقامەکانی شار ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆکاری زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیان لەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیانن.

 

بە پێی ئاماری ڕووداوی هاتۆچۆ لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری کە دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە، لە ١ی کانوونی دووەم/١ی ٢٠٢٢ تا ٣١ی کانوونی یەکەم/١٢ی ٢٠٢٢ لە کۆی گشتی ژمارەی ڕووداوی هاتوچۆی تۆمار کراو، کە (٣٨٤٣) ژمارەی بریندار بوون (٨٠٦)یان ژنانن، هەروەها لە کۆی ژمارەی (١٧٤) کەس (٢٧) ژن گیانیان لەدەستداوە.

 

هەروەها ئامارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری لە ١ی کانوونی دووەم/١ی ٢٠٢٣ تا ٣١ی کانوونی یەکەم/١٢ی ٢٠٢٣ لە کۆی گشتی (٣٨٨٧) بریندار، (٧٦٣) ژن بریندار بوون بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە، لە کۆی گشتی ١٥٣ گیان لەدەستدان تەنها (٢٣) ژن بەهۆی ڕووداوەکانی هاتۆچۆ گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی ئاماری ڕووداوی هاتۆچۆ لە سلێمانی و دەروبەری ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ کەمترین ژمارەی بریندار و گیان لەدەستدانی ژنان تۆمار کراوە، کە ئەوە دەخاتە ڕوو ژنان زیاتر پابەندی ڕێنمایەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتۆچۆن و بە ڕێژەیەکی کەمتر ڕووبەڕووی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بوونەتەوە.

 

"زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک"

شەهلا مەحمود، عەمید لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ وتی: ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم ساڵانەی دوایدا ئاستێکی چاوەڕوان نەکراو بەرزبووەتەوە، کە دەگەڕێندرێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، ئەوانیش تیژڕەوی و پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان لە کاتی شۆفێرکردنی گەنجان، شێوازی باروگوزەرانی هاوڵاتیان کە بووەتە دروست بوونی جەنجاڵی و سەرقاڵبوون بە ژیان و نەبووی مووچە، کەمبوونەوەی ئاستی دارایی هاوڵاتان، لەگەڵ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و مۆبایل لە کاتی شۆفێریکردندا، هەروەها لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبیل ڕووی لە شارەکان کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت، هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانە تەمەنێک زۆر بەکارهێنراوە و کۆن بوون، کە پێویست دەکات بە ڕێگەی مراندنی ئۆتۆمبێل لەناو بدرێن بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە کەم بکرێنەوە کە بوونەتە هۆکاری ڕووداوەکان و پیس بوونی ژینگەش.

 

"دەبێت کار لەسەر کەم کردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل بکرێت"

 ئەو عەمیدە باسی لەوەشکرد، کە ئەوان داوایان بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرزکردووەتەوە کە پێویستە چارەسەری زۆربوونی ڕێژەی ئۆتۆمبێل بکرێت لەناو شارەکاندا، لە ژێر چاودێریدا بهێڵدرێت ئۆتۆمبێل بهێنرێتە ناو شارەکان، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم دیاردەیەش بووەتە بابەتی سەردەم کە بە پێی ساڵ مۆدێلی نوێ دەهێنرێتە ناو کایەی بازرگانییەوە، وتیشی: ئێمە بە تەواوی ناتوانین هاتن و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ڕابگرین، بەڵام ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی ناوخۆ داوامان بەرز کردووەتەوە، کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەمەنیان ماوەیەکی زۆریان بەسەرچووە بمردێنرێن.

 

"ئەوانەی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلیان بە ناوەوەیە باجیان لێوەردەگیرێت"

عەمید شەهلا، ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی ڕووداوەکانی هاتوچۆدا لە ڕووی ئابوورییەوە هیچ هاوکارییەکی ئەو کەسانە ناکرێت کە دەبنە زیانبەرکەوتووی گیانی رووداوەکان، هەر کەسێکیش لە ١٠ ئۆتۆمبێل زیاتری بە ناوەوە بێت، باجی لێوەردەگیرێت، هەروەها باخ لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی هێڵی گواستنەوەی گشتیان لەسەرە، وەک تەکسیەکان و پاسەکانی ناو شار، باجی ساڵانەی ژینگە رێگاوبان و قیرانە و کامیراکان و گومرک وەردەگیرێت، لەو بارەیەوە وتی: پێویستە هەموو ئەو باجانە لە خزمەتی هاوڵاتیان و چاکردنەوە و نوێکردنەوەی شەقامەکاندا بێت، چونکە شەقامەکان هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆن، بە هۆی نوێ نەکردنەوەی قیر و هێماکانی هاتوچۆوە ڕووداو و گیان لەدەستدان زیادی کردووە.

 

"ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆن"

عەمید شەهلا مەحمود باس لە پابەندبوونی ژنان بە یاساکانی هاتوچۆ دەکات و وتی: ژنان لە کاتی شۆفێری کردنیاندا پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆن، ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی هاتوچۆش بکەین کەمترین ڕێژەی ڕووداوەکانی بریندار و گیان لەدەستدان ژنان پکشیان بەردەکەوێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنان پێشەنگن لە هەموو بوارەکاندا.

 

"تاکو ئێستا یاسای سزادانی تایبەت بە هەراسانکردنی ژنان لە کاتی شۆفێری کردندا نییە"

لە کۆتایی قسەکانی عەمید شەهلا مەحمود تیشكی خستەسەر نەبوونی یاسای سزادان بۆ ئەو کەسانەی لە کاتی شۆفێریدا ژنان هەراسان دەکەن، بەڵام لە کاتی دروستبوونی هەر ڕووداوێک لە دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان سزاکانی هاتوچۆ کاری پێدەکرێت و سەرپێچیکار سزای یاسایی وەردەگرێت، وتیشی: هەراسانکردنی ژنان لە ڕێگەی شۆفێرییەوە کە لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت، دیاردەیەکی ناشرینی کۆمەڵگەیە و پێویستە بنبڕ بکرێت.