ژنانی تونس: دەبێت ئەو یاسای هەڵبژاردنە بگۆڕدرێت کە نوێنەرایەتی ژنی کەمکردەوە

ژنانی چالاکوانی مافی مرۆڤی تونس پێیان وایە یاسای هەڵبژاردنەکانی تونس، بە ڕوونی نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا کەمکردەوە و پرەنسیپی یەکسانی ون کردووە، بە پێویستی دەزانن بەپەلە پێداچوونەوە بۆ یاساکە بکرێت و سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە.

زهور مەشرەقی

 

تونس- کۆمەڵگەی مەدەنی لە تونس ترسی هەیە لە بەردەوامی نەبوونی نوێنەرایەتی فراوانی ژنان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا، هەروەها پێی وایە کە ژنان ڕۆڵی کاریگەریان بینیوە لە شۆڕشدا وەک پیاوان، مافی ئەوەیان هەیە لە ناوەندەکانی بڕیاردان ئامادەبن، چونکە تەنها ئەوانن توانای خستنەڕووی کێشەکانیان و هێنانە سەر دەسەڵاتیان هەیە.

 

ڕوانگەی شاهد کە تایبەتمەندە بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، دووپاتی کردەوە کە بڕیارە لە ڕێگەی چاودێریکردنی هەڵبژاردن و بنیادنانی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە پشتیوانی لە گۆڕانکارییە دیموکراسییەکانی تونس بکات، لە ساڵی ٢٠١١ەوە چاودێریی ئەو قۆناغە جیاوازانە دەکات کە تونس پیایدا دەڕوات، وەک هەڵبژاردنی یاسادانانی ٢٠١٤، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٨، و هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ و ئامادەکاری دەکات بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی.

 

ئەو حەوت کۆمەڵەی کە لەژێر ڕوانگەی شاهیددا کار دەکەن، بە بەردەوامی هەڵوێستی خۆیان دژی یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ دەردەبڕن و ڕەتی دەکەنەوە، بە پێشێلکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بە دەرکردنی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا دەزانن، پێیان وایە ئەنجومەن و هەرێمە ناوخۆییەکانی پیاوانی بەرهەمهێنا و پەرلەمانێک کە ڕێژەی ئامادەبوونی ژنان لە ٪١٠ زیاتر نەبوو لە کاتێکدا لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان ببوو بە ٪٣٥ و بەرزترین ڕێژەیە لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمارکردبوو.

 

لەسەر بنەمای ئەم کەموکوڕییانە، ڕوانگە و کۆمەڵە هاوبەشەکانی ڕەشنووسی پڕۆژەیەکیان خستەڕوو بۆ پێداچوونەوە بە یاسای ئێستای هەڵبژاردن بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردنی ژنان و دووبارە سەیرکردنەوەی هەندێک بابەتی کە خزمەت بە یەکسانی لە نێوان ڕەگەزەکاندا ناکەن.

 

"یاساکان مەرجی نا دادپەروەرانەیان تێدایە"

غادە جەمال، چالاکوانی مافی مرۆڤ و شارەزای یاسایی ڕاگەیاند، ڕوانگەی شاهد ڕەشنووسێک و ڕاسپاردەیەکی خستەڕوو بە ئامانجی پەرەپێدانی ڕاسپاردەکان بۆ داڕشتنی یاسایەکی نوێی پڕۆژەی هەڵبژاردن کە مەبەستەکەیان بەدیبهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاسای بنەڕەتی ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠١٤ لە شەش بۆنەدا پێداچوونەوەی بۆ کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم یاسایە پشکی ژنانی لە کاندیدبووندا کەمکردووەتەوە چونکە یاسای ئێستا کۆمەڵێک مەرجی نادادپەروەرانە و مەحاڵیان بۆ داناوە، لەوانە مەرجی ٤٠٠ ڕاسپاردە کە پێویستە کۆبکرێنەوە و لە شارەوانیدا واژۆیان لەسەر بکرێت و پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێت بۆ ئەوەی داواکارییەکە وەربگیرێت.

 

غادە جەمال پێیوابوو، کاتی ئەوە هاتووە بەدەنگی بەرز لەنێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا بیربکرێتەوە بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی بوونی ژنان، بەتایبەت دوای ئەو هەنگاوانەی پێگەی ژنانیان لەناو پەرلەماندا لاواز کرد، جگە لەوەش لە ئێستادا ژنان چاویان کراوەتەوە و شوێن دۆزی خۆیان کەوتوون بۆیە کاتەکە گونجاوە بۆ بەدیهێنانی ویستەکانیان، لەکاتی داڕشتنی چەمکێکی یاسایی نوێ بۆ پشتگیریکردن لە ژنان، پێویستە دۆخی ژنان و هەوڵەکانیان هەروەها ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەبەرچاوبگیرێت، وتی: پێکەوە هەوڵدەدەین دیموکراسیی بەدەستدەهێنین چونکە تەنها ڕێگەیە سود بە وڵاتەکەمان بگەیەنێت.

 

"ژنان بەشداری سیاسەت دەکەن بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە"

ئەحلام قەرەوی، ڕێکخەری ناوەندی دەریای ناوەڕاستی تونس، ڕایگەیاند، شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ هیوای بە ژنان دا بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵام ئەو بەشداریکردنە بە سنووردار ماوەتەوە، هەرچەندە بەشداریکردنیان دەرکەوتنی پراکتیزی دیموکراسی و هاوڵاتیبوون بوو و بەشێکی گرنگی پرۆسەی چاکسازی سیاسی لە تونس بوو، بەڵام ئامادەبوونی ژنان هێشتا لاوازە و لە خوار ئەوەوەیە کە ژنانی ئامانجیانە، ڕێژەی بەشداریکردنیان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ڕێژەکە لە پەرلەمانی ساڵی ٢٠١١ گەیشتە ٪٣٠ و لە ماوەی نێوان ٢٠١٤ و ٢٠١٩دا ٪٣٣ی تێپەڕاندووە و لە هەڵبژاردنی یاسادانانی ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە نزیکەی ٢٤٪، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لە ٪١٠ تێنەپەڕیبوو.

 

ئەحلام قەرەوی هۆکاری لاوازی نوێنەرایەتی ژنانی گەڕاندەوە بۆ پێشێلکردنی پرەنسیپی یەکسانی لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان و بێبەشکردنی ژنان لە بودجەی گشتی، کە ئەمەش دەرفەتی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان کەمدەکاتەوە، نەبوونی یەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە بانگەوازی بۆ خۆیان، ڕێژەی بەشداریکردنیان کەمدەکاتەوە، چونکە ناتوانن ئامادەبن لەو ناوچە جیاوازانەی کە بانگەشەی هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجام دەدرێت، وەک کافێ بەناوبانگەکان یان هەندێک شوێنی گشتی لە کاتە درەنگەکاندا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پەراوێزخستنی ئابووریش یەکێکە لە هۆکارەکانی نەبوونی ژنان، جگە لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەو توندوتیژییە جەستەیی و دەروونییانەی بەبیرهێنایەوە کە کاندیدە ژنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕووبەڕووی بوونەوە و هەراسانکران، ڕەفتاری ژنان تا ئەمڕۆش بە پێی دابونەریتی کۆمەڵایەتی ڕێکدەخرێت، بەو پێیەی ئەوان ئازادییان نییە لەخۆوە مافەکانیان بەکاربهێنن.

 

ئەحلام قەرەوی هیوای خۆی دەربڕی بۆ دەستەبەرکردنی بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە قۆناغەکانی داهاتوودا، داوای لە دەسەڵاتی یاسادانان کرد پێداچوونەوە بە فەرمانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان بکات و پێداگری لەسەر بنەمای یەکسانی بکات بۆ پشتگیریکردن لە بەشداری ژنان و بوونی ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا.