ڕوانگەی نیشتیمانی بۆ مافەکانی ژنان پشتیوانی یاسایی ژنان دەکات

ڕوانگەی نیشتیمانی بۆ مافەکانی ژنان لە مۆریتانیا کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوە، کار بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان، بەهێزکردنیان و کۆتاییهێنان بە جیاکاری بەرامبەریان و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی لە تەمەنی زوودا دەکات.

خەدیجە شیخنا

 

مۆریتانیا-بەرپرسی ڕوانگەی نیشتیمانی بۆ مافەکانی ژنان لە مۆریتانیا دووپاتیکردەوە، ڕوانگەکە هەوڵدەدات بگاتە هەموو ژنان، بەتایبەت ئەوانەی لە شوێنە هەژارەکاندا دەژین، بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە مافەکانیان و هاوکاریکردنیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

 

"ئامانجی ڕوانگەکە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنانە"

مەهلا مینت ئەحمەد، وەزیری پێشوو و بەرپرسی ڕوانگەی نیشتیمانی بۆ مافەکانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، ڕوانگەی نیشتیمانی بۆ مافەکانی ژنان بە فەرمانی ١٤٠ کە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دەرچووە، دامەزراوە و لە ٧ی کانوونی دووەم لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن دەستنیشانکراوە، بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و هاوکاریکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.

 

سەبارەت بە ئەرکی سەرەکی ڕوانگەکەش ڕوونیکردەوە، یارمەتی ژنانیان داوە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان، وتی: ڕوانگەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان و بەرگریکردن لە مافە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانیان دامەزراوە، وەک مافی خوێندن و پەروەردە، دامەزراندن و کارکردن بە مەبەستی بەهێزکردنیان لەڕووی ئابوورییەوە.

 

"لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانیدا کار دەکات"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕوانگەکە ساڵانە ڕاپۆرتی پەیوەست بە کێشەکانی بەردەم ژنان ئامادە دەکات و دەیانخاتە ڕوو، لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مافەکانی مرۆڤ کاردەکات بەمەبەستی هاوکاریکردنیان لە ئامادەکردنی چالاکیی و کۆبوونەوە گرنگەکان لە بواری مافەکانی ژنان، ئەم ڕوانگەیە بە دەزگایەکی ڕاوێژکاری حکومی دادەنرێت، هەروەها لەگەڵ هەموو ئۆرگانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئاستی هاوکاریی فرەلایەنەدا کاردەکات، وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا.

 

مەهلا مینت ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد ڕوانگەکە لە هەر چوار ویلایەتی وڵاتدا سێ ژن نوێنەرایەتی دەکەن و هیوادەخوازێت لە داهاتوودا لقی دیکە بکاتەوە، ڕوانگەکە سکاڵاکانی لە ژنان وەرگرتووە، بەتایبەت ئەو ژنانەی بەدەست توندوتیژی هاوژینەکانیانەوە ژیانیان خراپتر بووە، ڕوانگەکە کاردەکات بۆیارمەتیدانیان بە دابینکردنی دانیشتن لەگەڵ ڕاوێژکارێکی یاسایی بۆ ئەوەی بتوانن ئەوەی ڕوودەدات بیخەنە بەردەم دادگا، جگە لەوە ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتیشیان بۆ دابین دەکات بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی دەروونیان.

 

"دژی هاوسەرگیری  لە تەمەنی زووداین"

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەکی تایبەتیان دابین کردووە بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی دوورە دەستن و ڕاستەوخۆ ناتوانن پێیان بگەن لە ڕێگەی مۆبایلەوە پەیوەندیان پێوەبکەن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، بە گرنگیشی دەزانێت ژنان بە شێوەیەکی یاسایی داوای مافەکانی خۆیان بکەن، ببنە بەربەست لەبەردەم خێزانەکانیان لەوکاتەی هەوڵ دەدەن بە زۆر و لە تەمەنێکی منداڵیدا هاوسەرگیریان پێبکەن.

 

لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، دژی هاوسەرگیریین لە تەمەنێکی زووداو بەرەنگاریی ئەم دیاردەیە دەبێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی ژنان و ئازاردانیان لەو پەیوەندییەدا، تەنانەت ژنان دوای جیابوونەوەیان ڕووبەڕووی کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر تەندروستی و ژیانی خۆیان دەبنەوە.