ئایە دەزانی خواردنی چوالەی بە خوێ دەبێتە هۆی وەستاندنی گورچیلەکان؟

چوالە سەرچاوەیەکە بۆ چارەسەری زۆرێک لە کێشە تەندروستیەکان، هەروەها بووەتە سەرچاوەی سودی ماددی بۆ زۆرێك لە هاوڵاتیان سەرەڕای سودە تەندروستییەکانیش دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە مرۆڤەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

چوالە یەکێکە لە بەرهەمە ڕووەکیەکانی سەرەتای وەرزی بەهار و تام وچێژێکی تایبەتی هەیە، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی تامێکی تایبەتە پێکهاتەی زۆریشی تێدایە کە بەسوودە بۆ تەندروستی مرۆڤ، لە پێش هەموو درەختەکانی ترەوە چرۆ دەکات و گوڵ دەگرێت، لەو کاتەشدا سیمایەکی ئێجگار جوان دەداتە سروشتی ئەو ناوچەیە.

 

چوالە یان بادەم، مۆرکێکی خواردنی کوردەواری پێوەیە چونکە کورد لە زۆرێک لە خواردنەکانیاندا چوالە بەکاردەهێنن.

ئەوخواردنانەی چوالەی تێدا بەکاردێن زۆرن هەندێک لەوانە، کفتە، کوبە، گیپە، بریانی و زۆرێک لە خواردنەکانی تردا بە پێی ئارەزووی کەسەکان بەکاردێت.

چوالە هەر لە فەریکییەوە ئارەزووی خواردنی لەسەرە، کاتێک لە سەرەتای وەرزی بەهاردا پێدەگات و دەبێتە فەریکە چوالە، خەڵکی ئارەزووی خواردنی دەکەن.

 

چوالە بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ هەندێک لە خەڵکی

جوتیاران سود لە ئارەزووی خەڵکی دەبینن وهەوڵی ئەوە دەدەن چوالە بکەنە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانیان، ئەویش بە دروستکردنی باخ یاخود ڕەزی چوالە، جوتیاران سەرەتا بە فەریکی هەندێک لە چوالەکەیان دەبەنە بازاڕ و دەیفرۆشن، جێگەی ئاماژەیە ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە کۆکردنەوەی چوالەکە و فرۆشتنی لە بازارەکاندا لە دواتریشدا کاتێک بە تەواوی پێدەگات و لە فەریکە دەردەچێت دەبێتە چوالەی کامڵ(وشک)، جگە لەم دوو جۆرەی ئاماژەی پێکرا جۆرێكی تری چوالە، چوالە(بادەم)ی تاڵە کە خواستی هەندێک لە کڕیارانی لەسەرە بۆیە بە تایبەت گرنگی پێدەدرێت.

زەیتی بادەم یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمەکانی بادەم و زیاتر خواستی ژنانی لەسەرە، چونکە زەیتی بادەم وەک پێکهاتەی سروشتی بەکاری دەهینن کە سودی تەندروستی هەیە بۆ پێست و قژ.

 

جۆرەکانی چوالە و پێکهاتەکانی  

چوالە سێ جۆری هەیە و هەر جۆرێکی خاوەن تایبەتمەندی و سودێکی تەندروستییە.

 

چوالەی شیرین(وشک): ئەم جۆرە بە هەموو شێوەیەک دەخورێت بەڵەم ئەمە جیاواز لە فەریکە چوالە بە تەواوی کامڵ بووە، هەر بۆیەش پێی دەوترێت چوالەی وشک، پێکهاتووە لە ٪٤٠.٤ ئاو، ٪١٠.٨ پرۆتین، ٪٥٤.٢٠ چه‌وری‌، ٪٣ ڕیشاڵ و ٪٥.٢ خۆڵه‌مێش هەروەها خوێی‌ كانزایی‌ وه‌ك كالیسیوم، فسفۆر، پۆتاسیۆم، گۆگرد  و مه‌نگه‌نیزی تێدایە.

چواله‌ ڤیتامینه‌كانی‌ 6B، B5،  B2، B1، A و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ فسفۆری‌ سروشتی‌.

 

چوالەی فەریکە:  ئەو جۆرەیە کە لە سەرەتادا باسمان لێوەکرد، لەگەڵ دەست پێکردنی بەهاردا دەپشکوێت و گوڵ دەگرێت خەڵکی لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار چوەرێی دەکەن تا پێبگات و بەکەمێک خوێوە بیخۆن، هەروەها فەریکە چوالە پێکهاتووە لە ٪٨٨ ئاو، ٪٦.٥  پرۆتین و ٪٢.٢  چه‌وری و‌ ٪٤ شه‌كری تێدایە، هەروەها  ٪٣ ڕیشاڵ، ٪٥.٩خۆڵه‌ مێش.

چواله‌ی‌ تاڵ: چوالەی تاڵ مادده‌ی‌ ژه‌هری‌ سیانیدی‌ تیایه‌ كه‌ زۆر ترسناكه‌ له‌ سێ‌ دانە زیاتر نه‌خورێت‌.

 

سودەکانی خواردنی چووالە (بادەم)

لەبیرمان بێت هەمووکات باس لە سودە تەندروستییەکەی چوالە بکەین کە بەها خۆراکیەکانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ مادده‌ی ڕیشاڵی و مادده‌ی دژه‌ئۆکسان و چه‌وریه‌ سوود به‌خشه‌کان و هه‌موو جۆره‌کانی پڕۆتین و ڤیتامین وه‌ک ڤیتامینB  به‌ تایبه‌ت B6 ) E  و مه‌گنسیۆم و کانزاکانی تری وه‌ک مس، پۆتاسیوم، فسفۆڕ، ئاسن و کالسیومی تێدایە.

 

بادەم لە گوێز و بستەش دەوڵەمەندترە بە ماددە سود بەخشەکان هەر بۆیە بووەتە سەرچاوەیەکی تەندروست کە دەمارەکان چالاک دەکات، پاکژ کەرەوەیە بۆ ریخۆڵە، بەسودە بۆ دابەزینی کێشی لەش، مێشک بە هێز دەکات، درکە پەتک چالاک دەکات، بینینی چاو بەهێز دەکات.

هەروەها چەوری لەش دادەبەزێنێت، و یارمەتی گەشەی ئێسک دەدات، دژی نەخۆشیەکانی شێرپەنجەیە، سود بەخشە بۆ نەخۆشییەکانی پێست و ڕێژەی شەکری ناو خوێن دادەبەزێنێت و ڕێگە دەگرێت لە دروستبوونی بەردی زراو هەروەها چوالە بەسودە بۆ نەخۆشیەکانی هەناسە، سنگ و گەدە.

 

لەگەڵ هەموو ئەو سودە تەندروستییانە، دەکرێت زیانیشی هەبێت

هەندێک جار ئەو خواردنانەی زۆرترین سودیان هەیە بە هۆی بێ ئاگای مرۆڤەکان دەبێتە هۆی زیانگەیاندن لەجیاتی سود وەرگرتن، سەبارەت بە چوالە دەبێت ئەو چوالەیەی دەیخۆین بە تەواوی پێگەشتبێت واتا بۆ خواردن بشێت، لە ماددەی نایلۆندا هەڵنەگیرابێت، لە شوێنی شێداردا دانەندرابێت و دەبێت بەتوێکڵە ڕەقەکەیەوە هەڵگیرابێت، هەروەها چوالە کاتێک کە شکێندرا واتا لە توێکلەکەی جیاکرایەوە دەبێت لە ماوەی یەک حەفتەدا بخورێت، هەروەها چوالە کە سوێرکرا زیان بەخشە بۆ گورچیلە، جگەر و پێست.

 

هەمووکاتێک زۆر خواردنی هەر شتێک گەر باشیش بێت دەرئەنجامەکەی پێچەوانە دەکاتەوە بۆیە پێویستە ڕۆژانە بە شێوەیەکی تەندروست  لە نێوان ژەمەکاندا ٣٠ بۆ ٣٥ دەنک چوالە بخورێت.

 

 

ت.پ