کرماشان ساڵانێکە بە دیارییە تایبەتەکانی بەناوبانگە

هەر ناوچەیەک بەپێی دابونەریت، کلتوور و زمان، دەبێتە خاوەن تایبەتمەندی و ئادابی تایبەتی خۆی، یەکێک لەو ناسنامە کلتورییانە، خواردن و کاری دەستییە کە هەموو شارێک و تەنانەت نەتەوەیەک لە ناوچەکانی دیکە جیادەکاتەوە و دەبێت بە یادگاری ئەو شارە.

 

سارا ئورمیە

نەتەوەی کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە کلتورێکی دەوڵەمەندی هەمەجۆری خۆراکی و کاری دەستی لە نێوان گەلانی دیکەدا هەیە، وە هەر شار و هەرێمێک تا ئەمڕۆ ئەم کلتورانە دەپارێزن و بە نمونەی یادگاری و کاری دەستی دەناسرێن.

کرماشان یەکێکە لەو ناوچانە، کە سیمای مێژوویی چەندین ساڵەی بە شێوەیەکی بەرچاو تێدا دەبینرێت، یەکێک لە کارە دەستییە بەناوبانگەکانی ئەم وڵاتە کە تەمەنی هەزاران ساڵە پێی دەوترێت "موج"، لە نێو خواردنە زۆر کۆنەکانی ئەم هەرێمەدا دەتوانرێت ئاماژە بە ترخێنە و شیرینیە تایبەتەکانیان بکرێت.

 

هەروەها لە خواردن و شیرینیە بەناوبانگەکانی دیکەی کرماشان، وەک: کاک، نانی خورما، نانی برنج، نانی شەکر، شیرینی بژی و ڕۆنی ئاژەڵی، هەروەها لە نمونەی کارە دەستییەکانی کرماشان، وەک: جاجیم، گلیم، کڵاش، فەرش.

 

چەند خواردنێکی تایبەتی کرماشان

کاکی: یەکێکە لەو شیرینیانەی کە لە کرماشان بەناوبانگە، تایبەتی ئەم جۆرە شیرینیە هاوبەشە لە نێوان شیراز و کرماشاندا تەنها ناوەکەی جیاوازە و لە شیراز پێی دەڵێن " یوخە".

شیرینی کاکی شێوازێکی ئامادەکردنی تایبەتی هەیە بۆ هەویرەکەی کە پێویستی بە بڕێکی زۆر لە هێل و گوڵ هەیە، هەویرەکەی بە شێوازێکی تەنک پان دەکرێتەوە و دەپێچرێتەوە، هاڕاوەی گوێزی هندی و بادام و فستق بۆ ڕازاندنەوەی بەکاردێت.

نان خورمایی: یەکێکی ترە لە شیرینیە تایبەتەکانی کرماشان کە خەڵکێکی زۆر ئارەزووی دەکەن لە تەواوی ئێراندا، یەکێکە لە خۆراکە پر وزەکان و پێکهاتووە: لە خورمای ڕەسەنی کرماشان، گوێز، ئاوی گوڵ، کەرە، و ئاردی گەنمی تێدایە.

نان برنجی: ئەم شیرینیە مێژوویەکی چەند ساڵەی هەیە و تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە نانی برنج لە سەردەمی قاجاردا زۆر بەناوبانگ بووە و یەکێک بووە لە یادەوەرییە سەرەکییەکانی شارەکە لەو کاتەدا، ئەم شیرینییە بەناوبانگە لە چەندین شاری ئێراندا ئامادە دەکرێت، بەڵام بنەڕەتەکەی لە کرماشانە و نانی برنج بە دوو شێوە: سادە و زەعفەرانی پێشکەش دەکرێت و پێکهاتەی سەرەکیشی ئاردی برنجە.

ڕۆنی ئاژەڵی: بە یەکێک لە یادەوەرییە سەرەکییەکانی کرماشان دادەنرێت، هۆکاری باشی و جیاوازی ئەو ڕۆنە لەگەڵ جۆرەکانی دیکەدا لە ناوچە ئاژەڵییەکانی تری جیهان پەیوەستە بە جیاوازی کەش و هەوا و جۆراوجۆری ڕووەکەکانی ئەو ناوچەیە.

 

بۆیە پیشەسازی ئاژەڵیی ئەم ناوچەیە لە گەشەدایە و بەرهەمی شیرەمەنی لەم سروشتەوە زۆر زیاترە لە بەشەکانی تری کوردستان و ئێران .

دروستکردنی ڕۆن لە شیر، کارێکە لە پڕۆسەیەکی تایبەتدا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ دۆشاوی توو تێکەڵ دەکرێت و لە هیزەدا کە پێکهاتووە لە پێستی چەرمی ئاژەڵاکان ئامادە دەکرێت، ئەم ڕۆنە تام و بۆنێکی تایبەتی هەیە و لەلای شێفەکانی ئێران ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و خۆشترین خواردنەکانی پێ ئامادە دەکرێت.

شیرینی بژی: ئەم شیرینیە لە نێو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان ئامادە دەکرێت، بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و تێکناچێت بۆیە بە یەکێک لە باشترین خۆراکەکان دادەنرێت بۆ گەشتکردن، دروستکردنی ئەم شیرینیە وەرزێکی تایبەتی نییە و بە درێژای ساڵ دەتوانرێت ئامادەبکرێت.

کەرەستە تایبەتەکانی دروستکردنی ئەم شیرینیە بریتیە لە: ئاردی گەنم، ڕۆنی ئاژەڵ، شەکر، ڕازیانە، شیر و ڕۆنی تایبەت بە سوورکردنەوە، کە دوای تێکەڵ کردنی کەرەستەکان لە ڕۆندا سووردەکرێتەوە.

 

کارە دەستییەکانی کرماشان

زۆربەی کارە دەستییەکانی وڵاتی ئێران تایبەتە بە کرماشان، ئەم هەرێمەی کوردستان توانای دروستکردنی ئەم بەرهەمانەی هەیە: فەرش، جاجیم، ڕستنی موج، چیغ، کڵاشی ژنانە، دروستکردنی بەرهەمەکان لە چەرم، ئەم کارە دەستییانە بە باشترین شێوە درووست دەکرێن و خەڵکێکی زۆر حەزیان لێیەتی.

موج‌ ڕستن: یەکێک لە پیشە و هونەرە دەستکردە کلتوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە، زیاتر لە پێکهاتەی جێگای نووستن بەکاردەهێنرێت و بە شێوازی نەخشی ئەندازەیی دەچنرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەپارێزرێت و تایبەتە بە دابونەریتی نەتەوەی کورد.

لە ئێستادا لە ناوچەکانی دیکەی کرماشان، لە هەورامان، جوانڕۆ، شاباد و گلانهەرب باویەتی و بەکاریەت.

لە کرماشان، بازاڕی چاڵ حەسەن خان و فەیزەئاباد چەند شوێنێکی کەم و تایبەتن کە دەتوانرێت ئەو بەرهەمانەی تێدا بدۆزیتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم بەرهەمانە لە باشووری کوردستانیش بەکاردەهات بەڵام ئێستا زۆر بە کەمی بەرچاو دەکەوێت.

 

لە کرماشان بەرهەمهێنانی کاڵاکانی وەک جانتا، پێڵاو، جانتای مۆبایل، چوارچێوەی ئاوێنە و هتد، تێکەڵکردنی لەگەڵ موج خەڵکێکی زۆر حەزیان لێیەتی و گەشتیاران بە پەرۆشن بۆی.

فەرش و جاجیم: کرماشان یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی کوردستان لە بواری بەرهەمهێنانی فەرش و هەتا ئێستا ئەم هونەرەی تێدا بڵاوە، بەشێک لە خەڵکی لە ماڵ و دوکانەکاندا بەم هونەرەوە سەرقاڵن، و خەڵکێکی زۆر حەزیان لێیەتی چونکە بە شێوازێکی جوان دەچنرێت و نەخشەکانی ناوازە و تایبەتن، لە ئێستادا فەرشی گوندەکانی دینور، بیستۆن، سەحنە و کەنگاڤەر نمایش دەکرێت.

چیغ ڕستن: ئەم هونەرە تایبەتە بە عەشایەرەکانی ناوچەی کرماشان و لە ناوچەکانی دیکە کەمتر بەرچاو دەکەوێت، ڕستنی ئەم هونەرە بە سوودوەرگرتن لە پووش دروستدەکرێت، کە دیواری چادرەکانی پێدەڕازێننەوە، هونەرمەندەکان بە پشت بەستن بە ڕەنگی پوشەکان چەندنین نەخشی ئەندازەیی و ڕەنگ و شێوازی تایبەت بەکاردەهێنن، بۆ دروستکردنی پێویستی بە ئارام گرتنێکی باش هەیە و تەنانەت بۆ پەرژینی ئاژەڵداریش بەکاریدەهێنن.

 

کڵاشی ژنانە: هێشتا کەسانێکی زۆر هەن کڵاش بۆ پێڵاوی ڕۆژانە بەکاردەهێنن، ئەم جۆرە کڵاشە یەکێکە لە کارە دەستی و یادەوەرییە زۆر کۆنەکانی کرماشان.

لە کرماشان کڵاشی ژنانە بە ٥ جۆر دروست دەکرێت، لەوانە بن لاستیک، ئاوریشمی، بنی چەرم و قوماش، بن ڕێک و پان.

 

دروستکردنی بەرهەمەکانی چەرم:  دروستکردنی چەندین بەرهەم لە چەرم لەم هەرێمەدا بەهۆی بارودۆخی جوگرافی بێ وێنەی کرماشانەوە ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کرماشان وەک یەکێک لە سەرەکیترین شارەکانی ئەم هونەرە ناسێنراوە، ئێستا ژنان لەم ناوچەیەدا وەک کار چەرمیان هەڵبژاردووە و ئەنجامی دەدەن، پێستی کرماشان لەناو زۆربەی شارەکانی ئێراندا بەناوبانگە.