مەشکە، مێژوویەک بۆ ژنانی گوندنشیین

فاتمە ئەلخەتبان لە چیای قەزوانان دەژی، باس لەوە دەکات کە لە منداڵییەوە مەشکە بەکار دەهێنێت، چونکە پێناسەیەکە بۆ کەلتووری لادێ و هیوادارە نەوەی نوێی کۆمەڵگا گرنگی بە ئامرازە کۆن و نەریتییەکان بدەن. سورگل شێخۆ

فاتمە ئەلخەتبان لە چیای قەزوانان دەژی، باس لەوە دەکات کە لە منداڵییەوە مەشکە بەکار دەهێنێت، چونکە پێناسەیەکە بۆ کەلتووری لادێ و هیوادارە نەوەی نوێی کۆمەڵگا گرنگی بە ئامرازە کۆن و نەریتییەکان بدەن.

سورگل شێخۆ

 

حەسەکە- لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پەیدابوونی ئامێری نوێ، بەڵام چەندین ئامراز و ئامێری نەریتی هەیە، کە لە کۆنەوە بەکارهاتوون و گرنگیەکی زۆریان هەیە و دایکان پارێزگاری لەو ئامرازانە دەکەن، مەشکە یەکێکە لەو ئامێرانە.

چیای قەزوانان دەکەوێتە شاری حەسکە و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە و هەروەها شوێنی پشوودانی خەڵکی ناوچەی جزیرەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەزاران خێزان بە هۆی سروشتە جوانەکەی و دیمەنی سەرنجڕاکێشییەوە و زۆری کانیاوە شیرینەکانەوە لە دوورگەکانەوە کۆچ دەکەن بۆ چیای قەزوانان، دایکان توانییان تایبەتمەندییە شاخاوییەکانی چیاکە بپارێزن، مەڕ و بزن و مانگاکانیان لە چیاکان بلەوەڕێنن و گەورەیان بکەن.

 

"ژنانی چیای قەزوانان شارەزان لە بەکارهێنانی مەشکە"

فاتیمە ماستەکەی دەکردە ناو مەشکەکە و باسی لە چۆنیەتی درووستکردنی مەشکە کرد و وتی: "پاش ئەوەی بزنێک سەردەبڕین پێستەکەی لادەبەین، پاشان بە باشی دەیدوورین و دوو داری وشک و دارێکی درێژتر دەهێنین لە نێوان هەردوو درەختەکە دابنرێت و بەم شێوەیە مەشکەکە دروست دەکەین".

ژنانی چیای قەزوانان و بەتایبەت ئەو ژنانەی لە گوندەکاندا دەژین شارەزاییەکی باشیان لە بەکارهێنانی مەشکە و دروستکردنی دۆ و ماست هەیە، سەبارەت بە ژنانی گوندنشین ئەم بابەتەش نوێ نییە و لە مێژە بەکاری دەهێنن.

 

"لە ڕابردوودا هەموو شتێک بە ڕەنج و ماندووبوون درووست دەکرا"

فاتیمە ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆژیا و پەیدا بوونی چەندین ئامێری سەردەمیانە وازی لە مەشکەکەی نەهێناوە و وتی: "لە ئێستادا مەشکەی کارەبایی پەیدا بووە و ئاسانکارییە، بەڵام لە ڕابردوودا هەمووکارەکان بە زەحمەت و ماندووبوونێکی زۆر ئەنجامدەدران، لە ئێستادا خەڵکێکی کەم ئەو مەشکانە بەکاردەهێنن کە لە ڕابردوودا هەبوون و زۆرتر مەشکەی کارەبای بەکاردەهێنن، لە کۆندا ئێمە  کاتژمێر بە پێوە دەوەستاین و کارمان دەکرد سەرەڕای زەحمەتییەکان لە ڕابردوودا هەموو شتێک جوان و ماناداربوون "

 

"دوای ماست و دۆ کەرە دروست دەکەین"

فاتمە وتی، تا مەڕ زیاتر بێت، ماست و بڕی کەرەش زیاتر دەبێت: " باشترین ڕێگا بۆ ژەندنی ماست لە مەشکەدا زیاترکردنی چەند کیلۆگرامێکی زیاترە، سەرەتا ماستەکەی تێدەکەین و ئاوی بۆ زیاد دەکەین و دەست بە ژەنینی دەکەین، چەند خولەک جارێک دەمی مەشکەکە دەکەینەوە بۆئەوەی بزانین کەرەکەی درووست بووە یاخود نا، پاشان مەشکەکە دەکەینەوە و دەیخەینە ناو مەنجەڵێکەوە هەتا کەرەکەی لێجیادەبێتەوە. "

 

"لە گوندەکاندا ڕۆحێکی هاوبەش هەیە"

فاتیمە دەربارەی گیانی هاوبەشی نێوان گوندنشینەکان وتی: "هەر ژنێک بە پێی ژمارەی ئەو مەڕانەی هەیەتی مەشکە درووستدەکات، باشترین تایبەتمەندی ئەم گوندە ئەوەیە ئەگەر کەسێک مەشکەی نەبێت ئەوا دراوسێکانی یارمەتی دەدەن لە کۆنەوە هەر بەو جۆرە بوون و کلتووری گوندەکان جیاوازی هەیە لەگەڵ شارەکان، ژنان لەبەر نەبوونی ئامێرێک بۆ ژەنینی ماست مەشکەیان درووستکرد، دەمەوێت بڵێم کە ژن لە هیچەوە بوون دروست دەکات ئەگەر بوونی نەبێت خۆی کردووە بە کەس و پێویستی بە کەس نییە".

 

"دایکان لە کاتی بەکارهێنانی مەشکەدا گۆرانی دەڵێن "

فاتیمە وتی: " خۆزگە ڕۆژانی ئێستا وەک ڕابردوو خۆش و چێژبەخش بوایە، ژیانمان بە کۆچەری دەبردە سەر لە کۆتایی زستاندا لە پشت چیاکان دەژیان و لەگەڵ هاتنی پایزدا گەڕاینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، ژنەکان لەبەردەم چادرەکاندا مەشکەکانیان دادەنا و دەستیان بە ژەنین دەکرد بە گۆرانی وتنەوە.

 

" تەنها ئومێدێکم هەیە "

فاتیمە بە وتنی هیوایەکی کۆتای بە قسەکانی هێنا: "هیوادارم ژنانی ئێستا گرنگی بە بەکارهێنانی ئامرازە کۆن و نەریتییەکان بدەن، کچە گەورەکەم بەر لە هاوسەرگیری وێنەی دەکێشا و ئێستاش بەردەوامە".