لە هۆزێکی هیندستان کچە بچووکەکان ئەرکەکانی دایکیان وەردەگرن

کلتوری ئەو خەڵکانەی کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هیندستان دەژین زۆر جیاوازە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کە سیستمێکی خۆبەڕێوبەرییان هەیە، ژنانی گەنج لە بازاڕدا کار دەکەن و ماڵەکان لەلایەن ژنە بە تەمەنەکان بەڕێوەدەبرێت، کاتێک کە ژنە بەتەمەنەکان دەمرن کچە بچووکەکان دەبنە جێگرەوەیان.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستووری هیندستان لە ٢٦ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٠ دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە تیایدا مافە سەرەتاییەکانی هەموو هاوڵاتیانی هیندستان درا، بێ گوێدانە جیاوازی ئایین و ڕەگەز، جگە لەوەش لە زۆر ناوچەدا هاوڵاتیان ڕووبەڕووی نایەکسانی میراتیی، ڕەگەزیی، ئابووریی و نادادپەروەری دەبوونەوە و سکاڵایان لەسەر ئەم دۆخە دەکرد، زۆربەشیان سکاڵای ژنانی هیندستان بوون.

 

"بەرەوپێشچوونی ژنان لە هۆزی خاسی"

میگالیا پارێزگایەکی بچوکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە هۆزەکان پێکهاتوون، کە گرنگترینیان هۆزی خاسی، گازۆ و جیانتی'یە ئەو سێ هۆزه سەرەکییه  دانیشتوانی میگالیه بەڕێوەدەبەن، هۆزی خاسی یەکێکە لە هۆزە ڕەسەنەکانی میگالیا و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٤ هەزار کەس دەبێت، ٨٥ ٪یان مەسیحین، بە کەمایەتییەکی نەژادی لە هیندستان ناسراون.

 

کشتوکاڵ لەمێژە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان بووە، بەڵام ژنانی خاسی لە زۆربەی بوارەکانی وەک: پزیشکی، ئەندازیاری، مامۆستا و چەندین بواری دیکەدا بەهرەکانیان نیشانداوە، سەرەڕای ئەو گەشەکردنەی کە لە ژیانی خەڵکی خاسی هەیە، بەڵام ئەوان وازیان لە بیروباوەڕ و دابونەریتیان نەهێناوە و پابەندن بە کلتوورەکەیانەوە .

"سیستمی خۆبەڕێوبەری لە هۆزی خاسی"

ئەنجومەنی پارێزگای خاسی خۆبەڕێوبەرییە و بەشێوەیەکی فەرمی پارێزگاری لە یاسا بێ هاوتاکانی خەڵکی خاسی دەکات، کلتوری خەڵکی خاسی بە بەراورد بە پارێزگاکانی تری هیندستان جیاوازە وەک ئەوەی لە زۆربەی ناوچەکانی تر دەبینرێت کە هەموو دەسەڵاتێک لەژێردەستی پیاواندایە.

 

ژنان لە هۆزی خاسیدا نوێنەرایەتی ٪٤٢ هێزی کاری کشتوکاڵی لە هیندستان دەکەن، بەڵام خاوەنی کەمتر لە ٪٢ی زەوییە کشتوکاڵییەکانن، بەو پێیەی زۆربەی زەویەکان لەلایەن پیاوانەوە یان بنەماڵەکانیانەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

 

بەپێی ڕاپرسییەک کە سەنتەری بەڕێوەبردنی زەوی لە بۆناسیوار بڵاویکردووەتەوە، تەنیا ٩.١٢ ٪ ی ژنانی هیندستان خاوەنی زەوین لە وڵاتەکەیاندا، بەهۆی کەمی ئاستی هۆشیاری و نەبوونی خوێندن و هەروەها زاڵبوونی دابونەریتی پیاوسالاری ژنانی هیندستان نەیانتوانیوە داوای موڵک و مافی میراتی خۆیان بکەن.

"میرات لە دایکەوە بۆ بچووکترین کچ دەمێنێتەوە"

هەموو شتێک جیاوازە لە میگالیا ئەوەی کە پیاوانی خاسی لە زۆربەی پیاوانی هیندستان جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ناوی دایکیان هەڵدەگرن، کاتێک پیاوێک هاوسەرگیری دەکات لە ماڵی هاوسەرەکەیدا دەژی و میراتی بنەماڵەش لە دایکەوە بۆ بچووکترین کچ دەمێنێتەوە.

بازاڕکان پڕن لە ژنان کە کاردەکەن و سەوزە و گۆشت و کاری دەستی دەفرۆشن، هەروەها ژنانی بەتەمەن لە شەقامەکانی بازاڕدا ڕێدەکەن بۆ چاودێریکردنی کاروباری بازرگانی و بڕیاردان لەسەر ئەو پیاوانەی لەبەردەستیاندا کار دەکەن، و جانتای سەوزە و میوەی تازەیان پێهەڵدەگرن، ئەمەیان بە پێچەوانەی خاوەن کارەکانە لە جیهاندا

 

"منداڵەکان ناوی خێزانی دایکان وەردەگرن"

منداڵان ناوی دایکەکانیان هەڵدەگرن، کچانی کۆمەڵگەی خاسی ئازادن لەوەی لەگەڵ خێزاندا بژین یان بەرەو ماڵێکی تر بڕۆن، جگە لە کچی بچووکی خێزان کە دەبێتە پاسەوانی موڵک و ماڵی خێزانەکەی و دوای هاوسەرگیری ماڵەکە جێناهێڵێت و گرنگی بە دایک و باوکی دەدات، دوای مردنی دایکی دەبێتە سەرۆکی خێزانەکە و کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.

ت.پ