ڕۆژی سەیدسادق لە سەراو بە هەڵپەرکێ و شایی یاد کرایەوە

تەنها فێستیڤاڵەکان هەن ژنان ڕۆڵی خۆیان ببینن و تواناکانی خۆیان دەربخەن.

سەیدسادق

 

ژنان و گەنجانی سەیدسادق لە ڕۆژی سەیدسادقدا لە سەیرانگای سەراو پێکەوە لەگەڵ هاوڵاتیانی تری شارەکانی کوردستان بە چەندین چالاکی هونەری و ئەدەبی و دەست ڕەنگینی، یادی سەیدسادقیان کردەوە.

 

لە ساڵیادی ڕۆژی سەیدسادقدا ڕێکخراوی کوردیۆ بۆ حەوتەمین ساڵ لە سەیرانگای سەراو  فێستیڤاڵێکی بە چەندین چالاکی جۆراوجۆری وەک خوێندنەوەی هۆنراوە لە لایەن ژنانەوە، کاری دەست ڕەنگینی  ژنان، خواردنی کوردەواری، موزیک و گۆرانی پێشکەشکرد، لە ڤیستیڤاڵەکدا ژنان بە بەرهەمەکانیان  و بە جلوبەرکی کوردی و شادی و هەڵپەڕکێوە بەشداری ڤیستیڤاڵەکە بوون و ڕێزیان لە شارەکە و خەڵکی شار نا.

سەفیە قادر ژنێکی ڕەنجکێشە و یەکێک بوو لەو ژنانەی لە پارێزگای هەڵەبجەوە هاتبوو و لە ڤیستیڤاڵەکەدا لەگەڵ هاوکارەکەی نانی هەورامی و کەلانەی دەکرد، ئاماژەی بەوەدا لە زۆربەی فێستیڤاڵەکاندا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بەشداری دەکات و وتی کە فێستیڤاڵەکان تایبەتن و دڵخۆشن بە بەشداربوون تێیدا.

پروشە فەتاح منداڵی دانیشتووی قەزای سەیدسادقە و دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە کردنەوەی فێستیڤاڵی سەیدسادق و پێی باشە کە بەردەوام لەم جۆرە فێستیڤاڵانە بکرێنەوە تا هاوڕێکانیان ببینین و کاتێکی خۆش بەسەر ببەن، وە دەستخۆشی لە ئامادەکارانی ڤیستیڤاڵ و ژنانی دەستڕەنگین و هونەرمەندەکان کرد.

 

دالیا عومەر ژنێکی گەنجی دانیشتوی سەیدسادقە دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵ دەکات و باس لەوەدەکات گرنگە لەم جۆرە فێستیڤاڵانە بکرێتەوە و ژنان دەستڕەنگینی خۆیان نیشان بدەن.

دێرین عومەر یەکێکی ترە لە ژنانی گەنجی سەیدسادق و دەڵێت: ژنان تەنها لەم فێستیڤاڵانەدا دەتوانن ڕۆڵی خۆیان دەربخەن و بەو هیوایەم بەردەوام بێت.

کاڵێ کەتان، ژنێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت: هەموو ساڵێک لە سلێمانییەوە دێمە سەیدسادق و بەشداری یادی سەیدسادق دەبم، پێیخۆشە هەموو ساڵێک یادی ئەم ڕۆژە بکرێتەوە، کاڵێ یادەوەری تاڵی ژیانی لە سەیدسادق لە ساڵانی ١٩٨٨ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: خەڵکی سەیدسادق زۆر لە ناوچوون و باوکی خۆی لە نەخۆشخانەی سەیدسادق گیانی سپاردووە.

 

لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا گەنجان و ژنانی سەیدسادق بە جلوبەرگی ڕەنگاو ڕەنگی کوردی و هاوشان لەگەڵ خەڵکی شار و قەزاو ناحیەکانی تری کوردستان شاییان کرد.

 

ڕۆژی سەیدسادق هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئایاردا یاد دەکرێتەوە، ماوەی ٧ ساڵیشە ڕێکخراوی کوردیۆ ئەرکی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە دەگرێتەوە ئەستۆ، بە پێی وتەی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئامانج لێی خۆشەویستی، ڕێزگرتن و لەیەکتر نزیکبوونەوەی هاوڵاتیانی سنوری شارۆچکەی سەیدسادقە.

ت.پ