ڕێکخراوی سارا: لێدوانەکانی عائیشە ئەلدبس سووکایەتیکردنە بە مافەکانمان
ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاویكردەوە، ئایدۆلۆژیای عائیشە ئەلدبس ژنان لە وەرگرتنی پۆست و چوونە ناو بازاڕی کار ڕەت دەکاتەوە، لێدوانەکەی تۆمەتێکی ڕاستەوخۆن لە دژی ئێمە.
ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان سەبارەت بە لێدوانێکی عائیشە ئەلدبس بەرپرسی کاروباری ژنان لە حکومەتی کاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئێمە بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی بەرپرسی کاروباری ژنان لە حکومەتی کاتی سووریا دەكەین کە تێیدا قوربانیدانی ژنانی سووریا لە کاتی قەیرانەکەدا ڕەتدەکاتەوە و ئەو لێدوانانەی بە پێچەوانەی کەلتوور، ڕەوشت، داب و نەریتی ئێمەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو جۆرە لێدوانانە دیمەنی سووریا ئاڵۆزتر دەکات و دوورن لە کولتووری جیاواز و لێدوانەکەی لەگەڵ خەباتی ژنانی سووریا ناگونجێت و ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی کولتووری سووری نییە، ئایدۆلۆژیای عائیشە ئەلدبس ژنان لە وەرگرتنی پۆست و چوونە ناو بازاڕی کار ڕەت دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە ماوەی ١٤ ساڵە لە بواری مافەکانی ژناندا کار دەکەین، بەڵام ئەرکی ئێمە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژنان و پاڵپشتیی کردنیان و پێدانی ڕۆڵێکی ڕاستەقینەیە، هەر بۆیە لێدوانەکەی سەرۆکی نووسینگەی کاروباری ژنان لە شام قبوڵ ناکەین.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو لێدوانانە تۆمەتێکی ڕاستەوخۆن لە دژی ئێمە و سووکایەتیکردنە بە مافەکانمان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، عائیشە ئەلدبس سەرۆکی نووسینگەی کاروباری ژنان لە حکومەتی کاتی سووریادا لە دیمەشق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت و تیایدا وتی، "هیچ بۆچوونێکی فێمینیست یان رێکخراوەکانی تر قبوڵ ناكەین کە پێچەوانەی ئارەزووی ڕۆشنبیری ئەو بێت یان لەگەڵ مۆدێلی حکومەتدا نەگونجێت"، بەو هۆیەوە شەپۆلێکی ناڕەزایی بەرفراوانی لە نێو سووریاکاندا دروستبوو لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە نێو ژنانی سووریادا.