لە غەززە کۆمەڵکوژییەکی نوێ لە چادری ئاوارەکان ئەنجامدراو ژمارەی دانیشتووان ٦% کەمیکردووە
لە کۆمەڵکوژییەکی نوێدا دژ بە خەڵکی ئاوارە لە ناوچەی ئەلمەواسی لە ڕۆژئاوای خان یونس، بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیل بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١١ کەس کە سێ منداڵیان تێدابووە.
ناوەندی هەواڵ
نزیکەی ١٥ مانگە شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە، حەماس گەل و ژێرخانی ژیانیانی کردووەتە ئامانج، شارەکانی کردووە بە داروپەردوو و ناوی تەواوی خێزانەکانی لە تۆماری مەدەنی لابردووە، هەموو ئەمانە لەبەردەم هەموو جیهاندا ڕوودەدات.
هێرشێکی ئاسمانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢ی کانوونی دووەم، چادری ئاوارەکانی کردە ئامانج کە بە پارێزراو پۆلێنکراوە لە ناوچەی ئەلمەواسی ڕۆژئاوای شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، لە هێرشەکەدا ١١ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدان، بە پێی سەرچاوە پزیشکییەکان سیانیان منداڵ بوون و هەندێکییان ژن بوون، هەروەها ١٥ کەسیش بریندار بوون.
لە کەرتی ڕۆژئاوا، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، لە کاتی هێرشکردنە سەر شاری کۆنی نابلوس، چوار کەس بەهۆی تەقەی ئیسرائیلەوە برینداربوون.
هێزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک شوێنی نیشتەجێبوونیان لە غەززە و ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە تەقاندەوە، هاوکات تۆپخانەکان بە توندوتیژی شارۆچکەی جەبەلیای باکووری کەرتی غەززەیان کردە ئامانج و زەوییە کشتوکاڵییەکان و ناوچەی تل حەوایان بۆردومان کرد.
ژمارەی دانیشتووانی غەززە کەمی کردووە
نوسینگەی ناوەندی ئاماری فەلەستین ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ژمارەی دانیشتووانی غەززە بە ڕێژەی ٦% کەمیکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەزاران کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداو، داتاکانی وەزارەتی تەندروستی گیان لەدەستدانی ٤٥ هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی ڕاگەیاندووە کە نیوەیان ژن و منداڵ بوون، جگە لەوەی نزیکەی ١١ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ژێر داروپەردووی ماڵە داڕماوەکاندا لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا لەدەستچوون.
نوسینگەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی دانیشتووانی کەرتی غەززە لە کاتی جەنگدا نزیکەی ١٦٠ هەزار بۆ ٢.١ ملیۆن کەس کەمیکردووە، لەناویاندا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، یان هاوتای ٤٧% تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ٢٢%ی دانیشتووان ڕووبەڕووی ئاستی کارەساتبار دەبنەوە لە نائاسایشی خۆراک، بەپێی پێوەرەکانی پۆلێنکردنی ئاسایشی خۆراک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ١١ هەزار ژنی دووگیان و نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و کەمی خۆراکەوە مەترسی مردنیان لەسەرە، بەو پێیەی ٣٦ منداڵ لە ئەنجامی برسێتی و بەدخۆراکیدا گیانیان لەدەستداوە.