ڕۆژنامەنووسانی ژن: بەئامانجکردنی ژن تیڤی هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر یەکسانی ڕەگەزیی و بەهێزکردنی ژنان

ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باشووری کوردستان، لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە بۆ ژن تیڤی کار دەکات، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "‎ئەم هەنگاوە بنەما سەرەکییەکانی سەربەخۆیی میدیا و ئازادیی ‎رادەربرین، تێکدەدات".

سلێمانی

 

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس، لەسەر ناوی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باشووری کوردستان، لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە بۆ ژن تیڤی کار دەکات، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "بەئامانجکردنی ژن تیڤی هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر یەکسانی ڕەگەزیی و بەهێزکردنی ژنان".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە؛

لە کاتێکدا دەبوو ئێستا بە یارمەتی لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ بۆ دامەزراندنی سەنتەرێک بۆ بەهێزکردنی کاری ژنانی رۆژنامەنووس بکەینەوە و پرۆفایلێک بۆ کارەکتەری رۆژنامەگەر بونیاد بنێین، بەڵام دەبینین رۆژ بە رۆژ مەودای کاری میدیا بچووک دەکرێتەوە و داخستنی ژن تیڤی، پێشێلکارییەکی جددییە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان.

 

ئەم هەنگاوە دەتوانيت زۆر ئاماژەمان پێ بڵێت، ئەویش بارزکردنی کۆمەڵێک میدیای مەگەزینییە کە رۆڵێکی خراپ لە دەرخستنی ژن و کۆمەڵگەدا دەبینێت و وەک پرۆژەی بازرگانیی لە هەوڵی بەمۆدێلکردنی سیمایەکە کە نە سیمای ژنی کوردە نە ڕەنگدانەوەی راستینەی کۆمەڵگەی کوردیشە.

 

هاوتەریب لەگەڵ ئەمە هەوڵی دروستکردنی بەربەست و ڕێگرییە لە بەردەم ئەو میدیایانەی هاوتەریبە لەگەڵ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و خواستی کۆمەڵگەی کوردی لە ئاڵۆزیی ناوچەکەدا، ئەم هەنگاوە بنەما سەرەکییەکانی سەربەخۆیی میدیا و ئازادیی رادەربرین، کە بۆ ئیدارەیەکی دیموکراسی جەوهەرییە، تێکدەدات.

 

ژن تیڤی پلاتفۆرمێکە سەکۆیەکە کە دەنگی ژنانی کورد بەهێزتر دەکات و دەیگەیەنێت بە جیهان، بۆیە بەئامانجکردنی ژن تیڤی هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر یەکسانی ڕەگەزیی و بەهێزکردنی ژنان، کە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە بەپێی ڕێککەوتننامەی (سیداو) بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان دراون.. لە ناوچەکە دەستوەردانيک هەیە. ئەگەرچی بانگەشەی دیموکراسی و دەرفەتی نوێ دەکرێت، بەڵام لەراستیدا ئەم دەستوەردانە بە تەواوی لە دژی ژنە و دیاردەی توندوتیژیی زەق دەکاتەوە. ئەم بڕیارە لە دژی ژنە لە دژی ئازادیی و دیموکراسییە بە مەبەست بيدەنگکردنی ژنە. بيدەنگکردنی ئەو توێژەیە کە هەموو رۆژێک لەگەڵ کوشتن و توندوتیژیی ڕووبەڕووە.