پشتیوانی لە حەلەب هیچ بەربەستێک ناناسێت

ڕێکخراوی نودەم کە بۆ پاڵپشتیکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئاسانکردنی ژیانیان دامەزرا، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەستی بە چالاکییەکانی کرد، ڕێکخراوەکە هەوڵدەدات بگاتە هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی شاری حەلەب.

دڵپاک داغ

 

حەلەب- ڕێکخراوێکی نوێ بۆ پشتیوانی و هاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دامەزرا، ڕێکخراوی نودەم لە شاری حەلەب دەستی بە کارەکانی کردووەو دەیەوێت لە ڕێگەی چالاکییەکانیەوە بگاتە هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.

 

"لە دوو گەڕەک ٤٢٥ خاوەن پێداویستی تایبەت دۆزرانەوە"

مەریەم شێخ قەمبەر، وتەبێژی ڕێکخراوی نودەم کە خۆی خاوەن پێداویستی تایبەتە ڕایگەیاند، لە دوو گەڕەکی شاری حەلەب دەستیان بە کارەکانیان کردووە و وتی: بە سێ شێوە دەستمان بە کارکردن کردووە، ئەشرەفیە و شەرقی و غەربی، لە ئەنجامی کارەکانماندا ٤٢٥ کەسی خاوەن پێداویستی تایبەتمان لە دوو گەڕەک دۆزیەوە، لە چوارچێوەی ئەو ژمارەیەدا، دەستمان کرد بە پێناسەکردنی پێداویستییەکانیان، بە فێرکردنی موزیک و هونەر دەستمان پێکرد.

 

"ژمارەی پێداویستی تایبەتی جەستەیی لە زیادبووندایە"

مریەم ڕایگەیاند کە هەوڵی دابینکردنی پێداویستییەکانی کەسانیخاوەن پێداویستی تایبەتی جەستەیی دەدەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوای ئەوەی چەتەکان هێرشیان کردە سەر شەهبا، دەستمانکرد بە دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆچبەرانیش بە هەمان شێوە، ئێستا دەست دەکەینەوە بە کاری دەستنیشانکردن، بێگومان ژمارەی خاوەن پێداویستی جەستەیی لە زیادبووندایە، هەروەها ئەو جلوبەرگانەی لە ئەنجامی کارە هاوکارییەکان کۆکراونەتەوە بەسەر کەسانی خاوەن پێویستیدا دابەش دەکەین.

 

"دەمانەوێت هەموو ئاستەنگەکانی حەلەب بشکێنین"

مریەم ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی نودەم هەوڵی پشتیوانی لە ژنان و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەدات و وتی: ئەمڕۆ نەک تەنها لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، بەڵکو لە هەموو حەلەب، هەوڵدەدەین دەستی هاوکاری بۆ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت درێژ بکەین، ئێمە هەوڵی شکاندنی بەربەستەکان دەدەین نەک تەنها لە دوو گەڕەک، بەڵکو لە هەموو شارەکەدا، لە چوارچێوەی کارەکەدا زیاتر لە سەد خێزان سوودمەند بوون لەو هاوکارییە.