داوا دەکرێت ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی لە ئێران ئازاد بکرێت

لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی بێ سنوور ڕەگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی سێسیلیا سالا دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا ڕۆژنامەنووس سێسیلیا سالایان دەستگیرکرد و تا ئێستاش لە زیندانی ژنانی ئێڤین لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

 

دوێنێ ٢ی کانوونی دووەم، لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی بێسنوور لە کاردانەوە بە بەردەوامی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی سێسیلیا سالا لە زیندانی ئێڤین ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و جەختییان لەوە کردەوە کە دەستبەسەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە نیشانەی سەرکوتی توندی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرج دەکەن.

 

جودی گینسبێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستگیرکردنی سێسیلیا سالای بە بیرهێنانەوەی ئەو هەڕەشانە پێناسە کرد کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبنەوە لە ئێران و جەختی لەوەکردەوە کە دەبێت دەستبەجێ ئەو و هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون ئازاد بکرێن.

 

پەیامنێرانی بێ سنوور هەروەها ڕوونی کردەوە کە دەستگیرکردنی سیسیلیا سالا ئارەزوومەندانە بووەو بارودۆخی ئەو لە زینداندا جێگەی نیگەرانییە، بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە، زیندانی ئێڤیین هێمای سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و ڕەخنەگرانەیە لە ئێران، دەستگیرکردنی سێسیلیا سالا هێرشێکی ڕوونە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا پشتڕاستی کردەوە کە سێسیلیا سالا لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بە ڤیزەی ڕۆژنامەنووسی چووەتە ناو ئێران و لە ١٩ی هەمان مانگ دەستگیر کراوە.

 

هاوکات، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندووە، سیسیلیا سالایان بە تۆمەتی “پێشێلکردنی یاسا" دەستگیرکردووە، و لە ئێستادا لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

 

لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەی کۆریێر دێلا سێرای ئیتاڵی باسی لە دۆخی سیسیلیا سالا کردووە لە زیندانی ێێڤین و لێدوانەکانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خێزانەکەی بە "شۆککەر" پێناسە کردووە، بەو پێیەی باسی لەوە کردووە کە سەرەتاییترین مافەکانی لێ زەوت کراوە، کە لەسەر زەوی دەخەوێت و تەنانەت هەموو ئەو شتانەی کە هی خۆی بوو لێی بردراوە.

 

بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە، سێشەممەی ڕابردوو، سێسیلیا سالا توانی پەیوەندی بە دایک و باوکیەوە بکات و داوای لێکردن هەنگاو بنێن بۆ ئازادکردنی بەزووترین کات.