وریشە مورادی: من دادگا ناناسم

وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد کە لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بانگهێشت کرابوو، ڕایگەیاند کە ئەو دادگایە بە شەرعی نازانێت و ئامادەی دانیشتنەکە نابێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ گۆڵڕوخ ئیرایی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد  کە لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، ڕایگەیاندووە کە دان بە دادگادا نانێت و ئامادەی دانیشتنەکەی ئامادە نەبووە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن گۆ\لڕوخ ئیرائییەوە بڵاوکراونەتەوە، جارێکی دیکە وریشە مورادی بۆ دانیشتنی ١٥ی لقی دادگای ئینقلابی تاران بانگهێشت کرا. بەڵام وریشە مورادی ڕایگەیاندووە کە دادگا بە ڕەوا نازانێت و ئامادە نەبووە لە دانیشتنەکەدا ئامادەبێت.

 

لە پۆستەکەدا هاتووە: وریشە مورادی کە بە هۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا لەلایەن دادگای باڵاوە سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشێنرایەوە، جارێکی دیکە لەلایەن ئەبولقاسم سەڵاواتییەوە بانگهێشتی دادگا کرایەوە، بەڵام ئامادەی دانیشتنەکە نەبووە، چونکە دان بە دادگادا نەناوە.

 

چەندین جار لە مافەکانی زەوت کرا

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە وریشە مورادی بە درێژایی دەستبەسەرکردنی ڕووبەڕووی چەندین سنووردارکردن بووەتەوە، بە ڕێنمایی سەرۆکی دادگا بۆ چەند مانگێک ڕێگەی پێنەدراوە بە تەلەفۆن قسە بکات و بۆ ماوەیەکی زۆر لە مافی کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش بووە، هەروەها گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و چارەسەرکردن و گەیاندنی دەرمانەکانی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە فەرمانی دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری بەردەوام ڕێگری لێکرا.

 

شایانی باسە، وریشە مورادی، زیدانی سیاسی کورد، لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە دەروازەی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرابوو. لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵاواتی، بە تۆمەتی “یاخیبوونی چەکداری دژی دەوڵەت” سزای سێدارەی بەسەر وریشە مورادیدا سەپاند.

 

دوابەدوای تانەدان، سزای لەسێدارەدانی واریشێ مورادی لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥  لە لایەن ژووری ٩ی دادگای باڵا هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنەوە بۆ لقی  ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران ڕەوانە کرا.