بەهۆی هەڵوێستە هونەرییەکانییەوە ئەکتەرێکی ئێرانی بانگهێشتی لێپرسینەوە دەکرێت
ئیلناز شاکردووست، ئەکتەری ئێرانی دوای ئەوەی پێشتر ڕەتکردنەوەی خەڵاتی کریستاڵ قەقنەس ڕاگەیاندبوو و ڕەخنەی لە ڕووداوە فەرمییەکان گرتبوو، بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنی بانگهێشتی دادگای ئینقلابی تاران کرا.
ناوەندی هەواڵ
فشارەکان لەسەر ژمارەیەک کەسایەتی هونەری و ڕۆشنبیری لە ئێران زیاتر دەبن، لە کاتێکدا کاردانەوەی بەردەوام لە دەوری هەڵوێستە سیاسییەکانی هەندێک لە هونەرمەندان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە گرتوویانەتەبەر.
ئیلناز شاکردووست، ئەکتەری ئێرانی، کەسایەتی دیاری سینەما و تەلەفزیۆن، ڕوونیکردەوە، کە بانگهێشتی فەرمی بۆ ئامادەبوون لە دادگای ئینقلابی تاران پێگەیشتووە، ئەم هەنگاوە لە دوای ئەو تۆمەتانە دێت کە بە ڕەهەندێکی سیاسی و ئەمنی پێناسە دەکرێن.
ئیلناز شاکردووست، ١٠ی تەمووز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوەدا، کە بانگهێشتی دادگا کراوە، ئەو بانگهێشتنامەیەی دادگای ئینقلاب لە تاران دەرچووە، داوا دەکات ١٢ی تەمووز ئامادە بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی.
ئەم بانگهێشتنامەیە دوای چەند لێدوانێکی گشتی دێت کە ئەم ئەکتەرە لەم دواییانەدا داوە، دیارترینیان ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی فەرمی "فجر السينمائي" "فیلمی فجر" و وەرگرتنی خەڵاتی کریستاڵ قەقنەس، هەنگاوێک کە بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی خۆیەوە سەبارەت بە پێکهات و ڕووداوە سیاسییەکانی وڵات.
ئیلناز شاکردووست پێشتریش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردبووەوە، ڕەتیکردبووەوە بەشداری لە ئاهەنگە هونەرییەکاندا بکات و ئاماژەی بە کوژراوانی کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێران کردبوو، نووسیویەتی "من لە ماتەمینیدام، ماتەمینی بۆ ئەو ٤٠ هەزار هاوڵاتییەی وڵاتەکەم دەکەم کە کوژراون، چیتر بەشداری ئاهەنگەکان ناکەم، هەروەها لە خاکێکدا نمایش ناکەم کە بۆنی خوێنی لێدێت".
هەڵوێستی ئەو ئەکتەرە، وەک کەسایەتییەکی ناسراوی مەیدانی هونەری ئێران، کاردانەوەی بەربڵاوی لێکەوتەوە، بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی لە هەندێک ڕووداوی فەرمی، لە نێوان کاردانەوە بەردەوامەکان سەبارەت بە ڕۆڵی هونەرمەندان و کەسایەتییە گشتییەکان لە دەربڕینی بیروڕای خۆیان لەسەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.