"كيد فلونسر": شێوازی نوێی بەکارهێنانی منداڵان

منداڵان، کە بڕیارە لە ڕێگەی یاریکردن و بەدەستهێنانی ئەزموونەکانەوە گەشە بکەن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا کراونەتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ناوەڕۆک و قازانج، ئەم دیاردەیە کە بە "كيد فلونسر" ناسراوە، نیگەرانییەکانی زیاتر لەبارەی مافەکانی منداڵان دروست دەکات.

سارا پورخەزری

 

کرماشان-منداڵ بە تێکەڵەیەک لە ترس و دوودڵی وەستاوە، سەما دەکات یان شیعرێک دەخوێنێتەوە، چاوی بەردەوام لەسەر دایک و باوکی بووە، داوای ڕەزامەندییان دەکات، لە پشت زەردەخەنە بێتاوانەکەیەوە ترس و لەرزێک لەرزۆکە، ترسێک لە هەڵەکردن لەبەردەم کامێرا و لەدەستدانی خۆشەویستی یان ڕەزامەندی دایک و باوکی.

 

ئەمە ڕاستی ئەمڕۆیە بۆ منداڵان کە زۆرجار بە "كيد فلونسر" ناودەبرێت، کە دایک و باوکیان لە پلاتفۆرمە مەجازییەکاندا نمایشیان دەکەن، لەبری ئەوەی ئەزموونی منداڵییەکی ئازاد و چێژوەرگرتن لە یاریکردن و گەڕان، بوونەتە ئەکتەرێکی بچووک، پێویستە دیمەنی دووبارەبووەوە لەبەردەم کامێرادا جێبەجێ بکەن، وەک ئەکتەرەکانی سێرکێکی بێکۆتایی، ناچارکراون ئەو کردەوانە ئەنجام بدەن کە ڕەنگە تەنانەت نەیانویستبێت بیکەن، تەنها بۆ دڵخۆشکردنی دایک و باوکیان یان لەژێر فشاری هاوێنەی کامێرادا.

 

لەم ساڵانەی دواییدا، لەگەڵ سەرهەڵدانی دودڵی بینین و ناوبانگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا، دیاردەیەکی نائارامکەر بە خێرایی سەریهەڵداوە: منداڵان بوونەتە ئامرازی سەرەکی لە دروستکردنی ناوەڕۆکدا، لەگەڵ نمایشکردنی خۆشگوزەرانی ڕووکەشەکان و شێوازی ژیانی دەستکرد، ئەمڕۆ زۆرێک لە ماڵپەرەکان ئەو منداڵانە پیشان دەدەن کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە ناچار دەکرێن لەبەردەم کامێرادا بە شێوەیەک ڕەفتار بکەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جیهانی ڕاستەقینەی منداڵی و پێداویستییە سروشتییەکانیانەوە نییە.

 

ژمارەیەکی بەرچاو لەو دایک و باوکانە منداڵەکانیان ناچار دەکەن ماکیاژێکی نەگونجاو لەگەڵ تەمەنیاندا بەکاربهێنن، لاسایی ڕەفتارەکانی گەورەکان بکەنەوە، دەستەواژەی پێش نووسراو بخوێننەوە کە واتاکەیان بە ڕوونی لە دەرەوەی تێگەیشتنی منداڵە، بەم شێوەیە منداڵەکە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی بچووک، ئەو ڕۆڵانە دەژی کە لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆیان داڕێژراون، لەبری ئەوەی ئەزموونی پرۆسەی گەشەی سروشتی بکات کە لەسەر بنەمای یاریکردنە، جیهان بگەڕێت و هەڵە بکات و لێیان فێربێت.

 

منداڵان بوون بە بەرهەمهێنەری ناوەڕۆک

میترا.هـ، دانیشتووی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانی مافی منداڵان وتی: بیربکە منداڵێک هەموو ڕۆژێک، هەموو کاتژمێرێک لەبەردەم کامێرایەکدا وەستابێت، سادەترین وشەیان، بچوکترین جوڵەیان، تەنانەت شێوازی یاریکردنیان، هەمووی پێشوەختە دیاریکراوە، لەبری ئەوەی ژیانێکی ئاسایی بژین، بوونی ڕۆژانەیان دەبێتە جێگەی چاودێری بەردەوام، وەک ئەوەی کامێرای شاراوە لە هەموو ساتێکدا بەدوایاندا بێت و هەرگیز بە تەنها جێیان نەهێڵێت.

 

ئەم منداڵانە کە لەناو فیلمێکی بێکۆتاییدا دەژین، تەنانەت تا تەمەنی گەورەیییش ئەم هەستە لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن، وەک دەردەکەوێت، بەردەوام چاودێری ئەوە دەکەن کە چی دەڵێن و چۆن مامەڵە دەکەن، چونکە "پێیان وایە کەسێک لەم ساتەدا چاودێرییان بکات، دەبێت وریا بن، بە تێپەڕبوونی کات، ئەم چاودێرییە بەردەوامە دەگۆڕێت بۆ ترسێکی ناوخۆیی و خۆسانسۆری درێژخایەن.

 

ئەو فشارەی کە ئەم منداڵانە ڕووبەڕووی دەبنەوە تەنها بە ناچارکردنیان بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکی دیاریکراو یان دووبارەکردنەوەی دەستەواژەیەکی دیاریکراو سنووردار نییە، زۆرێک ناچارن سیستەمێکی خۆراکی مەترسیدار پەیڕەو بکەن یان بەشداری چالاکییە مەترسیدارەکان بکەن بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێش دەرکەون یان شوێنکەوتووی زیاتر بەدەستبهێنن، بەمەش قازانجی دایک و باوکیان زیاد دەکات، لەم پرۆسەیەدا جەستە و دەروونی منداڵ دەبێتە زیانبەرکەوتوو، بەبێ ئەوەی کەس لێی بپرسێت چیت دەوێت یان چی وا دەکات هەست بە پارێزراوی بکەن.

 

میترا. هـ.، خەمباری بە فراوانبوونی ڕۆژانەی ئەم دیاردەیە دەگێڕێت و نەبوونی ڕێگری یاسایی بە تاوانبار دەزانێت، وتی: لە نەبوونی یاسای ڕوون کە سنووردارکردنی بەکارهێنانی منداڵان، زۆرێکیان بەبێ پاراستن و پشتیوانی دەمێننەوە، جگە لەوەش، کۆمەڵگە هێشتا نەیتوانیوە تێبگات لە ڕادەی ئەو زیانە دەروونی و جەستەییانەی کە بەهۆی ئەم جۆرە نمایشەوە تووشی دەبێت، ئەمەش دەرگا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم پراکتیزانە و خراپتربوونیان.

 

دووپاتیکردەوە، کاتێک خەڵک پشتگیری لەم جۆرە ناوەڕۆکە دەکەن، هاندەری دروستکەرەکانی دەبێت بۆ بەردەوامبوون، بەم شێوەیەش بەشداری دەکات لە چەسپاندن و بەهێزکردنی دیاردەکە.

 

کاتێک دایک و باوک خۆیان سەرچاوەی فشار بن بۆ سەر منداڵەکە

هەرچەندە بەکارهێنانی منداڵان بەپێی یاساکانی ئێران بەڕواڵەت قەدەغەیە و کاری منداڵان یان هەر جۆرە بەکارهێنانێکی دیکە ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام ئەم بەکارهێنانە جۆرێک لە شەرعیەتی کۆمەڵایەتی کاتێک بەدەست دەهێنێت کە تاوانباران دایک و باوک بن.

 

لە نەبوونی یاسای پاراستنی ڕوون کە مسۆگەری پارێزراوی منداڵەکە دەکات، تەنانەت لە دایک و باوکی خۆیانەوە، زۆرێک لە باوکان و دایکان خۆیان بە دەسەڵاتی ڕەها دەزانن بەسەر منداڵەکانیاندا، پشت بە دەستەواژە ناڕوونەکانی وەک "بڕوام وایە ئەمە لە بەرژەوەندی ئەواندایە" بۆ ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لە ڕاستیدا خزمەت بە ئارەزووەکانییان یان بەرژەوەندی کەسی دەکەن، نەک پێویستییە ڕاستەقینەکانی منداڵەکە.

 

ئەم پرسە تەنها بە کێشەیەکی کولتوورییەوە سنووردار نییە، بەڵکو ڕەگەکانی درێژدەبێتەوە بۆ پێکهاتەی یاسایی لە ئێراندا، یاسای باو، لەبری ئەوەی منداڵ وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن مافە ڕوونەکان بناسێت، لە چوارچێوەی سەرپەرشتیکردن و دەسەڵاتی دایک و باوکدا پێناسەی دەکات، ئەم تێڕوانینە بە کردەوە کەشی فراوانی بۆ جۆرە جیاوازەکانی ئازاردانی منداڵان لەلایەن دایک و باوکیانەوە دابین کردووە، بەڕاستی خودی یاسا لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆکارێک کە بەشدارە لە توندبوونەوەی ئەم دیاردەیە.

 

لە سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامیدا باوک دەتوانێت بە زۆرەملێ والە کچەکەی بکات کە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک ئەنجامبدات، هەروەها یاساکە ڕێگە بە کچێکی ١٣ ساڵ دەدات کە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا بکات کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە خۆی گەورەترە، هەندێکجاریش بە ٤٠ ساڵ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستی، پێناچێت شتێکی سەیر بێت کە پرسی پاراستنی ئەو منداڵانەی کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە ناچار دەکرێن دەرکەون و ناوەڕۆک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بەرهەمبهێنن، بە کردەوە لە دەقە یاساییەکاندا نەبوو بێت.

 

ئەگەر یاسا ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵان بدات، چۆن دەتوانێت هەستیار بێت بۆ ناچارکردنیان بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ئۆنلاین؟

سەحەر. ق، پسپۆڕی دەروونناسی منداڵان وتی: لە مێژە چاودێری زۆرێک لە دایک و باوکانم کردووە لە تۆڕیکۆمەڵایەتی، بەتایبەتی ئینستاگرام، لە ژێر پەردەی دروستکردنی ناوەڕۆکی ڕۆژانەدا ڤیدیۆی منداڵەکانیان بڵاودەکەنەوە، ئەمەش جۆرێکە لە ناوەڕۆک کە لە ئێستادا زۆر بەناوبانگە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندینجار بینیومە هەندێک لە دایک و باوکان منداڵەکانیان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ژێر پەردەی ناوەڕۆکی بەڕواڵەت ئاساییدا، لە دۆخێکدا دادەنێن کە واتا سێکسییەکانیان هەڵگرتووە، منداڵەکە لە سروشتی ئەو بارودۆخانە تێناگات، بەڵام وەرگرانی بەتەمەنەکان ڕەنگە بە شێوەیەکی جیاواز لێکیبدەنەوە.

 

دووپاتیکردەوە، کە "ڕاستی ئازاربەخش"ی ژمارەیەک کەس لە کۆمەڵگەدا کە سەرنجڕاکێشانی سێکسییان بۆ منداڵان هەیە، تێکچوونێک کە لە دەروونناسیدا بە منداڵبازی ناسراوە، ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت، وتی: ئەم ڕاستیە بەو واتایەیە کە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی منداڵان لەڕاستیدا بەرەوڕووی نیگا و سەرنجی ئەو تاکانە دەبنەوە، بینیومە دایک و باوکان بە ئەنقەست ناوەڕۆک بڵاودەکەنەوە کە ئەم جۆرە بینەرە دەکەنە ئامانج، وەک ئەوەی منداڵەکانیان بکەنە ئامراز یان چەواشەکاری بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕابکێشن و بینەرەکانن زیاد بکەن.

 

هەروەها خەمباری خۆی دەربڕی بۆ نەبوونی میکانیزمی کاریگەر بۆ وەستاندنی ئەم جۆرە کارانە، وتی: کاتێک دایک و باوک دەبنە بەرهەمهێنەری ناوەڕۆک و منداڵەکانیان دەخەنە ڕۆڵی ئامرازەکانەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر دەیانگۆڕن بۆ جۆرێک لە کۆیلەی سەردەمی، کۆیلەیەک کە لە بازاڕەکانی کۆیلە کۆنەکاندا نمایش نەکراوە، بەڵکو لە کەشی فراوانتر و کراوەتردا، (کەشی دیجیتاڵی) کە ئەستەمە کۆنتڕۆڵکردنی ئەوەی بڵاودەکرێتەوە، لەو شوێنانەی کە هیچ یاسایەک نییە کە پاراستنی ڕاستەقینە بۆ منداڵان لەم جۆرە بەکارهێنانە دابین بکات.

كيد فلونسر: شێوازێکی نوێی بەکارهێنان لە کەشی دیجیتاڵیدا

بەپێی ئامار و سەرچاوە بەردەستەکان، ئینستاگرام بەناوبانگترین پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیە لە ئێراندا و شانازی بە نزیکەی ٤٠ ملیۆن بەکارهێنەری ئێرانییەوە دەکات، داتا بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئێران لە ڕووی ژمارەی کاریگەرەکانەوە لە پلەی دووەمی جیهانیدایە، دوای بەڕازیل، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی بەربڵاوی بازرگانی و ڕیکلام و شێوازی ژیانە لەسەر ئەم پلاتفۆرمە.

 

ئەم منداڵانە، هەرچەندە لە ژینگەیەکی زیندوو و سەرگەرمیدا دەرکەون، بەڵام لە ڕاستیدا دەتوانن بەرەوڕووی جۆرێکی جیاواز لە بەکارهێنان، فشاری دەروونی، پێشێلکردنی تایبەتمەندی و کاریگەرییە دەروونییە درێژخایەنەکان ببنەوە کە ڕەنگە لە داهاتوودا هێرشیان بکاتە سەر.

 

بە گشتی دیاردەی قازانج لە بێتاوانی منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵیدا نوێنەرایەتی قەیرانێکی بێدەنگ و شاراوە دەکات، قەیرانێک کە بەهۆی لاوازی هۆشیاری گشتی و ئاساییکردنەوەی بەربڵاوەوە، هێشتا نەبووەتە جێگەی نیگەرانی و سەرنجی زۆر کەس، بۆ توێژێکی گەورەی کۆمەڵگە، ئەم ڕەفتارە وەک جۆرێک لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان یان توندوتیژی شاراوە نابینرێت، بەڵکو وەک نمایشێکی جوانی ژیانی خێزانیی سەیر دەکرێت.

 

بەڵام ڕاستی پشت ئەم ڕووبەرە درەوشاوەیە تەواو جیاوازە، لە پشت ئەو زەردەخەنە زۆرەملێ و وێنە ڕەنگاوڕەنگانەدا، منداڵان لە قەفەسێکی زێڕیندا گیریان خواردووە، قەفەسێک کە گوێڕایەڵی و بێدەنگی و ڕۆڵی ئەنجامدانی کە لەلایەن گەورەکانەوە نووسراون، جێگەی ئەو ئازادی و یاریکردن و خۆبەخۆییەی گرتۆتەوە کە دەبێ تایبەتمەندی منداڵی بێت.

 

بە ناوی سەرکەوتن و ناوبانگ، هەندێک لە دایکان و باوکان سنووری جیهانی منداڵیان تێپەڕاندوە، خۆشی سروشتیی منداڵی و مافی ژیانی منداڵیان کردووە بە داروپەردوو، لە پێناو گەیشتن بە خواست و بەرژەوەندیە تایبەتییەکانیان، لە ژێر ئەم داروپەردووەدا، زۆرێک لە منداڵان خۆیان بە جێگرەوەی بەرژەوەندیی گەورەکان دەبیننەوە، لەبری ئەوەی لە کوچە و کۆڵانەکاندا ڕابکەن، کۆلارەیەکی ڕەنگاوڕەنگ بە ئاسماندا هەڵبدەن، منداڵییەکی ئازاد و پارێزراو بەو شێوەیەی کە شایەنین ژیان بەسەر ببەن.