تاڵیبان دەرکەوتنی لە پەنجەرەوەی بۆ ژنان قەدەغە کرد

تاڵیبان کە ژنان لە شوێنە گشتیەکان دوور دەخاتەوەو لە ماڵەکانیاندا زیندانییان دەکات، لە بڕیارێکی نوێدا دەڵێت نابێت ژنان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە ببیندرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

 

لە ئابی ٢٠٢١ەوە کە تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتووەتە دەست زیاتر لە ٨٠ بڕیاری بۆ سنووردارکردنی مافەكانی ژنان دەرکردووە، نوێترین بڕیاری قەدەغەکردنی بینینی ژنانە لە پەنجەرەوە.

 

هەیبەتوڵا ئاخوندزادە سەرۆکی تاڵیبان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە دەرکردنی بڕیارێکی نوێی بۆ خەڵکی ئەفغانستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەبارەی چۆنییەتی دانانی پەنجەرە لە باڵەخانەکاندا بڕیارێکی ٥ خاڵی دەرکراوە و دەبێت هاوڵاتیان پابەندی بڕیارەکە بن و نابێت ژنان لە پەنجەرەی ماڵی دراوسێکانەوە لە کاتی چێشت لێنان و كاری ناو ماڵدا ببینرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی فەرمانەکە ئەگەر کەسێک بیەوێت بینایەک درووست بکات و بینایەکی تر هەبێت لە نزیکی ئەو بینایە، ناتوانێت پەنجەرەی باڵەخانەکەی بەرەو چێشتخانە یان بیری ئاو یان شوێنێک دابنێت کە ژنان تێیدا دادەنیشن و ببینرێن، ئەگەر بینایەک پێشتر دروستکرابێت و پەنجەرەیەکی هەبێت کە ڕاستەوخۆ دیمەنی ماڵی دراوسێکەی لەسەربێت، ئەوە خاوەن باڵەخانەکە ناچارە دیوارێک بە بەرزی لە بەردەمی دروست بکات تا دراوسێكەی نەبیینێت.

 

وتووشیەتی: شارەوانییەکان ڕاسپێردراون بۆ سەرپەرشتیکردنی كاری بیناسازی و ڕێگریکردن لە دانانی پەنجەرە لەسەر ماڵی دراوسێکان.

 

لەوەتەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتووەتە دەست زیاتر لە ٨٠ بڕیاری بۆ سنووردارکردنی مافەكانی ژنان دەرکردووە. هەروەها لە سێیەم ساڵی حوکمدارییدا هەیبەتوڵا ئاخوندزادە یاسای بەرزکردنەوەی چاکە و نەهێشتنی خراپەی بە پێشەکییەک و چوار بەش و ٣٥ ماددە واژۆ کرد و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەو یاسایە لە سەرانسەری ئەفغانستاندا جێبەجێ بکرێت.